موقتەدا سەدر: رۆژی سەركەوتنە بەسەر میلیشیاكاندا

:: PM:09:32:11/10/2021 ‌

دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، كە دوێنێ بەڕێوە چوو، سەدرییەكان سەركەوتنێكی گەورە و میلیشیاكان شكستێكی گەورەیان بەدەست هێنا، سەدر لە گوتاری راگەیاندنی سەركەوتندا ئەو رۆژەی بە رۆژی گەل و سەركەوتن بەسەر میلیشیاكان لەقەڵەم دا.

سەدر لە وتارێكی تەلەڤزیۆنیدا رای گەیاند، سوپاس بۆ خوا كە فراكسیۆنی گەورەی چاكسازی سەرخست، فراكسیۆنی نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی، ئەمڕۆ رۆژی گەل و هێزە تەناهییەكانە، رۆژی سەركەوتنی ستملێكراو بەسەر ستەمكار، رۆژی خۆراگری و سەركەوتنە بەسەر میلیشیاكاندا.
پێویستە چەك بە دەستی دەوڵەتەوە بێ و نابێت لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە بەكار بێت
زیاتر گوتی، لەبری دابەشكردنی كێك و بەرژەوەندییەكان، با بەرەو نووسراوی چاكسازی بچین، چونكە چاكسازی بووە هۆی دروستبوونی فراكسیۆنی گەورە، بۆیە بۆ لەمەودوا شوێنی گەندەڵی و گەندەڵكار نابێتەوە.

دووپاتی كردەوە كە پێویستە چەك بە دەستی دەوڵەت بێت و نابێت لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە بەكار بێت، تەنانەت لەلایەن ئەوانەیشی بانگەشەی بەرگریكاری دەكەن و ئەوانەیشی هاوشێوەی ئەوانن، كاتی ئەوە هاتووە گەل دوور لەو میلیشیایانە بە ئاشتی بژیت.

سەدر باڵوێزخانەكانی لەوە دڵنیا كردەوە كە هەموویان پێشوازی لێ كراون، تا ئەوكاتەی دەست لە كاروباری ناوخۆی عێراق و پێكهێنانی حكوومەت وەرنادەن، داوایشی لە لایەنگرانی كرد بێ بێزاركردنی كەس ئاهەنگی سەركەوتن بگێڕن. 

سەدر دووپاتی لەوەیش كردەوە كە لێپرسینەوە لە هەر گەندەڵكارێك دەكەن هەركێیەك بێت، گەندەڵی رادەماڵن و لەسەر ئەو رێگەیەیش لا نادەن و كاریش بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی دەكەن.

ئەو قسانەی سەدر دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی زۆرینەی لیستە بەشدارەكانی عێراق لە هەڵبژاردنی پێشوەختە هات، كە كێبەركێیان لەسەر 329 كورسی پەرلەمان دەكرد و لیستەكەی سەدر توانی تا ئێستە 73 كورسی مسۆگەر بكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل