گرووپی 20 لەبارەی یارمەتیدانی ئەفغانستان كۆ دەبێتەوە

:: PM:12:25:12/10/2021 ‌
رێبەرانی گرووپی 20 بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی پێدانی پارە و یارمەتی دارایی بە ئەفغانستان و ئەو تەنگژە داراییەی تووشی ئەو وڵاتە بووە، كۆ دەبنەوە.

كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ سێشەم 12ی تشرینی یەكەم دەكرێت. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بە پێدانی پارە بەو وڵاتە، رێگری لە داڕمانی ئابووری ئەفغانستان بكەن، چونكە دراوی بیانی، زۆر كەمی كردووە و زیانی بە ئابووری ئەفغانستان گەیاندووە.

بەشێك لە وڵاتانی دنیا مەرجیان ئەوەیە ئەگەر تاڵیبان بنەماكانی مافی مرۆڤ پێڕەو بكات، ئەوجا یارمەتی دارایی دەدەن. سەرۆكی وەزیرانی ئیتاڵیا كە سەرۆكایەتی ئەو خولەی گرووپەكە دەكات، گوتوویەتی ئامانجیان ئەوەیە رێگری لە كارەساتێكی مرۆیی بكەن.

لەبەر تاڵیبان نابێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزای خەڵكی ئەفغانستان بدەن

بەگوێرەی بی بی سی، سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتوویەتی، لەبەر تاڵیبان نابێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزای خەڵكی ئەفغانستان بدەن، چونكە زیاتر لە 18 ملیۆن ئەفغان لە ژێر كاریگەریی دۆخی ئابووری زیانیان بەركەوتووە.

ئەو هەروەها پێداگری كردووە، پرسی یارمەتیدانی دارایی دەبێ لە پرسی بەفەرمی ناساندنی تاڵیبان جیا بكرێتەوە، دەبێ پارە بڕژێتە بازاڕەكانی ئەفغانستانەوە.

گۆتێرێس ئاماژەی بە بانكی جیهانیی كردووە كە دەتوانێ راستەوخۆ لە رژاندنی پارە بە بازاڕەكانی ئەو وڵاتە رۆڵی هەبێت. هەروەها داوای لە تاڵیبان كردووە رێز لە مافی مرۆڤ بگرێت و ئازادی بە ژنان بدات.



وشە - سلێمان تاشان