پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی ئەو پلانەی كە بۆ هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگاكان جێبەجێی دەكردن، توانی سەركەوتنێكی گەورە تۆمار بكات. لە هەمان كاتیشدا لە پارێزگای سلێمانی سەركەوتنی تۆمار كرد و هۆكارەكەشی بۆ كاری پێكەوەیی و ئەو چاكسازییە دەگەڕێتەوە كە پارتی لە حكوومەتدا ئەنجامی دابوو.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماوەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو بۆ پەرلەمانی عێراق، لە سنووری پارێزگای سلێمانی تەنیا خاوەنی یەك كورسیی پەرلەمان بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی كورسییەكانی زیادی كرد، ئەمەش وایكرد لە سنوورەكە دوو كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت و ئەگەری هەیە لە بازنەكانی دوو و چواری سلێمانی كورسییەكی تر دەستەبەر بكات.
پارتی حزبێكە خاوەن مێژووی پڕ لە سەروەری و خاوەن كاریزما و سەرۆكی سیمبۆلییە
شوان محەمەد یەكێك لە كاندیدە سەركەوتووەكانی پارتی لە بازنەی پێنجی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی حزبێكە خاوەن مێژووی پڕ لە سەروەری و خاوەن كاریزما و سەرۆكی سیمبۆلییە، پارتی راستگۆیە لەگەڵ خەڵكی كوردستان و زۆرترین خزمەت و كەمترین قسە دەكات، پارتی كار دەكات بۆ ئەوەی سەرجەم مافە نەتەوایەتییەكانی بەدەست بهێنێت بە مافی چارەی خۆنووسین.
هەروەها گوتی، پارتی لە بەغدا لە سەنگەری رووبەڕووبوونەوەی نەیاران و كورد و كوردستانە، پێشینەی كارەكانی پاراستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی ئەو مافە دەستوورییانەیە كە جێبەجێ نەكراون، كاری پێكەوەیی و هاوبەش و دەست لەناو دەست، هۆكاری ئەو سەركەوتنەیە كە پارتی بەدەستی هێنا.
ئەو باسی لەوەش كرد، هەر كەسێك نیشتمان و خاك و ئاڵای خۆش بوێت، پارتیی خۆش ویستووە و دەنگی بە پارتی داوە و كاری بۆ سەرخستنی پارتی كردووە، هەموو ئەوانەی كوردستانی بەهێزیان دەوێت و هەرێمی بەهێز و سەرۆكێكی بەهێزیان دەوێت، پارتییان بەهێز كرد.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 بۆ پەرلەمانی عێراق، خاوەنی 25 كورسیی پەرلەمان بوو، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە ژمارەی كورسییەكانی بۆ 32 كورسی بەرز كردەوە، وەك هەمیشە وەك هێزی یەكەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بێ ركابەر مایەوە.
عومەر رەنگێنەیی پرۆفیسۆری یاریدەردەر لە زانكۆی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی حزبێكە هەمیشە خزمەتی كردووە و پێشینەی كارەكانی پارتی خزمەتكردنە بە هاووڵاتییان، پارتی یەكدەنگ و هەڵوێست و قسە و وتاری هەیە، كارەكانی پێكەوەیی و بە تیمی هاوبەش لە زاخۆوە تا خانەقین جێبەجێ دەكات، هەمیشە كاری بۆ ئەوە كردووە كوردستان بەهێز بكات و ئەو دەستكەوتانەی كە هەیە پارێزراویان بكات و كار بۆ دەستكەوتی زیاتر بكات.
وەك زیاتر خستیەڕوو، پارتی لە رابردوودا بەڵێنەكانی جێبەجێ كردووە، لە حكوومەت یاسای چاكسازی و جێبەجێكردن و هەوڵدان بۆ گەیاندنی زۆرترین خزمەت و خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكان هەبووە، جگە لە كاركردن بۆ بەهێزكردنی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، ئەمانە خاڵی بەهێزی سەركەوتنی پارتی بوون، لە ماوەی سێ ساڵدا ژمارەی كورسییەكان لە 25 كورسییەوە بۆ 32 كورسی بەرز بكەیتەوە، ئەمە نیشانەی كاری باشە.
رزگار ئەژی گۆران بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو پلانەی كە بۆ هەڵبژاردنەكان دانرابوو، توانرا بەشێوەیەكی سەركەوتوو جێبەجێ بكرێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی باش كارەكانی كردووە و كاركردن بە یەك تیم و پێكەوە كاركردن، هۆكاری ئەوە بوو پارتی لەسەر ئاستی كوردستان و سلێمانی سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت.
ئەوەشی گوت، لەسەر ئاستی كورسی و دەنگ، ژمارەی دەنگەكانی پارتی لە سلێمانی زیادی كرد، هاووڵاتییان متمانەی زیاتریان بە پارتی دا لە سنوورەكە، ئەمە بۆ كار و خزمەت و خزمەتگوزاری و داكۆكیكاری و بەرگریكردن دەگەڕێتەوە كە پارتی هەمیشە لە بەرەی گەل بووە و داكۆكیكاری سەرسەختی هاووڵاتییان و كوردستان بووە.
بە تەنیا لە هەرێمی كوردستان 32 كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێناوە
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی گوتی، یەكێك لەو هۆكارانەی كە بووە هۆی سەركەوتنی پارتی، ئەو چاكسازییە بوو كە لە حكوومەت كردی، سەرەڕای ئەو تەنگژە و گرفت و رێگرییانە، بەڵام دواجار توانی بەڵێنەكەی خۆی بباتە سەر و سەركەوتوو بێت، هاووڵاتییانیش كە زانییان پارتی بەڵێنەكانی جێبەجێ كردووە، ئەوانیش متمانەی خۆیان دایە حزبەكە.
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبێكی كوردی بە تەنیا لە هەرێمی كوردستان 32 كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێناوە، لایەنەكانی تر سەرجەمیان 27 كورسیی پەرلەمانی عێراقیان بەدەست هێناوە، وەك هێزی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان مایەوە و ژمارەی كورسییەكانی زیاد بوون.
رۆژی 10ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، لە هەرێمی كوردستان هاوكێشەی سیاسی و جەماوەری گۆڕا، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 32 كورسی، توانی یەكەمییەكەی خۆی بەهێزتر بكات. لە عێراقیشدا رەوتی سەدر ژمارەی پێوانەیی شیعەی شكاند و سەرووی 70 كورسیی مسۆگەر كرد.
هەڵبژاردنەكە لە ڕووی تەكنیكییەوە دەسكەوتێكی گەورە بوو بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق و بە پاكترین هەڵبژاردنیش دادەنرێ، بەهۆی ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەی چاودێری ئەوروپا، تێبینیی رژدیان لەسەری نەبوو.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی