سەدرییەكان: لەگەڵ كورد و حەلبووسی حكوومەت پێك دێنین

:: PM:06:34:12/10/2021 ‌

دوێنێ ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق هاتە راگەیاند، دوور لەوەی رێژەی بەشداریكردن كەم بووە و خەڵكێك وەك كاردانەوە بەرانبەر بە شكستی 18 ساڵەی هێزەكانی دەسەڵات و میلیشیاكانی ئێران بە بایكۆتكردن هەڵوێستیان وەرگرت، گۆڕانكاری گەورە لە ئەنجامی هەڵبژاردن و نەخشەی سیاسی و پەرلەمان و حكوومەت دروست بوو، ئەو حزبانەی جەماوەری شیعە و كورد و سوننە پاڵپشتیان دەكردن، هاتنە پێشەوە، رەوتی سەدر دووپات لە پێكهێنانی بەپەلەی حكوومەت لەگەڵ كورد و محەمەد حەلبووسی دەكاتەوە.

دوای راگەیاندنی هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی "فەتح"، كە 14 كورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەست هێناوە، بەوەی ئەنجامەكان رەت دەكەنەوە، چونكە دەستكاری كراوە، ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی نزیك لە بارەگای موقتەدا سەدر لە حەنانە لە نەجەف رای گەیاند كە هەموو هێزە سیاسییەكانی ناڕازی لە عێراق ملكەچی ئەنجامەكان دەبن و ددان بە دۆڕاندنیان دەنێن.
تا ئێستە ئاراستەكە وایە كەسێكی سەدری بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت دیاری بكرێت
سەرچاوەكە گوتی، هەموو هێزەكانی گومان دەخەنە سەر ئەنجامەكان، ملكەچیی ئەنجامی سندووقەكانی دەنگدان دەبن و ئەو هاشوهوشەی لەبارەی بوونی ساختەكاری دەیكەن، لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دەنگدان كۆتایی دێ و ئەوان هێور دەبنەوە، ئەوان دۆراندن قبووڵ دەكەن دوای بەدەستهێنانی وەزارەتێك یان دووان، كە بەرژەوەندییەكانیان بپارێزێت.

ئەو سەرچاوەی نزیك لە سەدر ئاماژەی كرد، ئەوان دەیانەوێ هەستی خەڵك بە بابەتی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی رابكێشن، لەوكاتەی جەماوەری حەشدی شەعبی بوو كە ئەوان پشتیان پێی دەبەست، ئەوانیان شەرمەزار كرد و دەنگیان پێ نەدان، چونكە ئەوان لە كێشەی ئەو جەماوەرەی حەشد دوور كەوتنەوە و ئەو لایەنەیشی پاڵپشتی دارایی و لۆجیستیان پێشكەیش كردن، وەك ئاماژە بۆ ئێران، بە ئەنجامی هەڵبژاردن شۆك بوون، دوای ئەوەی قەبارەی راستەقینەی ئەوان و دووریان لە جەماوەر بۆ ئاشكرا بوو، بۆیە ئەو هاشوهوشەی دروستیان كردووە هێور دەبێتەوە و دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە و قبوولی ئەمری واقیع دەكەن. 

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای كرد، زۆرینەی هێزە براوەكان دەچنە ناو هاوپەیمانیەتێكی ستراتیجی گرنگ لەگەڵ رەوتی سەدر، ئەوەیش شایستەی دەكات بۆ بۆ دروستكردنی زۆرینە و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بە خێرایی، دووپاتی كردەوە، رەنگە كاندیدێكی قبووڵكراوی سەربەخۆ لە دەرەوەی لیستی سەدر بۆ پێكهێنانی حكوومەت كاندید بكرێت، بەڵام تا ئێستە ئاراستەكە وایە كە كەسێكی سەدری بۆ پۆستەكە دیاری بكرێت.

ئەو سەرچاوەیە روونی كردەوە، رۆژانی داهاتوو پڕە لە سوپرایز، كە رێگە لەوانە دادەخات كە دەیانەوێ لەناو ئاوی لێڵدا راو بكەن، بەڵام ئەو سوپرایزانە لەگەڵ خواستی عێراقییەكان دەگونجێ و گرنگترینیان پێكهێنانی بەپەلەی حكوومەتە بێ دەستوەردانی دەرەكی یان موجامەلەكردنی لایەنێكی دیاریكراو لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەكانی عێراق. 

هەر لەو بارەوە ئیبراهیم جابری، نوێنەری موقتەدا سەدر لە پارێزگای زیقاڕ دەڵێت، هەوڵی هەندێك لەوانەی ئەنجامی هەڵبژاردن رەت دەكەنەوە بە بانگەشەكردن بۆ پرسی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بابەتێكی پەلە لێ كراوە، چونكە ئەو بابەتە سیاسییە و پێویستی بە یاسای فەرمی هەیە و پێوەست نییە بە میزاج و خواستی كەسانێك و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بە مەبەستی لێخستنی هێز و لیستی براوە كە لیستی سەدرە باسی بكرێت، بۆ زانیاری ئەو لایەنانەی بانگەشە بۆ ئەو بابەتە دەكەن، بابەتی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبیان كردبووە بابەتێكی هەڵبژاردن بۆ راكێشانی جەماوەری حەشد بۆ لای خۆیان. 

جابری داوای لە لایەنەن دۆڕاوەكان و ئەوانەی گومان دەخەنە سەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كرد كە تانە لە ئەنجامەكان بدەن و بچن بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ زانینی راستی بانگەشەكردنیان، لەبارەی دەستوەردانی  ئێران لە پێكهێنانی حكوومەتەوە جابری روونی كردەوە، پێكهێنانی حكوومەت بابەتێكی عێراقییە و ناكرێ ئێران یان توركیا  یان سعوودیە یان هەر وڵاتێكی تری ناوچەكە دەست بخەنە ناو پرۆسەی سیاسی لە وڵات، چونكە وەك سەدر گوتی، حكوومەتێكی عێراقی و سەدریمان دەوێ و هەر بەو شێوەیەیش دەبێت.

ئەو بەرپرسەی رەوتی سەدر روونی كردەوە، لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوویشەوە، لیستە براوەكانی كورد و تەقەدووم، خواستی خۆیان بۆ هاتنە ناو هاوپەیمانیەتییەك لەگەڵ لیستی سەدر دەربڕیوە، بۆ پێكهێنانی بەپەلەی حكوومەت، لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی تانەی لایەنە گومانكارەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن.

دوای ئەوەی دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئەنجامە بەراییەكانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی راگەیاند، دەركەوت رەوتی سەدر 73 كورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێناوە، كە پێشتر 54 كورسی هەبوو، لە بەرانبەر 14 كورسی بۆ هاوپەیمانی "فەتح"، كە پێشتر 48 كورسی هەبوو، بەوەیش بەپێی یاسا و دەستوور لیستی سەدر، كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، دەبێتە فراكسیۆنی گەورە و دەتوانێت بە هاوپەیمانی لەگەڵ چەند لیستێكی تر زۆرینەی پێویست بۆ پێكهێنانی حكوومەت دابین بكات.

هەر دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان، شەوی رابردوو لە ماڵی نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە توانی 37 كورسی پەرلەمانی بەدەست بێنێت، دەستەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هێزە شیعەكان كۆبوونەوەیەكیان ساز كرد و رایان گەیاند كە تانە لەو ئەنجامانە دەدەن كە راگەیەندراون و قبووڵی ناكەن، هەموو رێوشوێنێكیش دەگرنە بەر بۆ رێگرتن لە دەستكاریكردنی دەنگەكان، جگە لە هادی عامری، سەركردەی هاوپەیمانی فەتح، ئەبو عەلی عەسكەری، گوتەبێژی تەناهی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی رەت كردەوە، لەوكاتەی سەدر بە 73 كورسی و لیستەكەی محەمەد حەلبووسی بە 41 كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە 32 كورسی دەتوانن بە هاوپەیمانی لەگەڵ لیستێكی تر زۆرینەی پێویست بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەستەبەر بكەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل