دوێنێ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق هاتە راگەیاندن، بەپێی ئەنجامەكان هێز و میلیشیاكانی نزیك لە ئێران شكستی گەورەیان تۆمار كرد، لە بەرانبەر بردنەوەی سەدرییەكان و سەربەخۆ و تشرینییەكان، رۆژنامەكانی ئێران بە شێوەی جیاواز باسی ئەو ئەنجامە و ئەگەری دووركەوتنەوەی عێراقیان لە ئێران بەو هۆیەوە كرد.
رۆژنامەی "ئیعتیماد"، لە وتاری سەرەكیدا ئاماژەی كرد كە لیستی سەدر بە 73 كورسی لەپێشەوەی لیستە براوەكانە، ئەو بردنەوەیەیش بەهۆی بایكۆتكردنی دەنگدان بوو لەلایەن دەنگدەرێكی فرەوانی عێراق، بەتایبەتی شیعە.
رۆژنامەی "جام جەم"ی سەر بە حكوومەتی ئێران بە شێوەیەكی خۆ خافڵاندن لەو باسە تیشكی خستە سەر بابەتەكە و گوتی، براوەكانی هەڵبژاردنی عێراق زۆرینەیان دژی بوونی ئەمەریكان لە عێراق، بۆیە پەرلەمانی داهاتووی عێراق بووەتە مۆڵگەی بەرگریكاران.
كەیهان: گۆڕانكاریی گەورە روو نادات كە عێراقێكی نوێ بێتە كایەوە
لای خۆیەوە
محەمەد عەلی بەسیری، شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە جۆرێك لە دووركەوتنەوە لە نێوان عێراق و ئێران رووی داوە، هۆكارەكەیشی بۆ گوشارەكانی ئەمەریكا و سزاكانی سەر ئێران گەڕاندەوە كە ئەوان چالاكییەكانی ئێرانیان و پێوەندییەكانیان بە وڵاتانی دراوسێی كەم كردووەتەوە.
زیاتر گوتی، ئێران سەركەوتوو نەبوو لە باشكردنی وێنەی خۆی لەبەردەم وڵاتانی ناوچەكە، بۆیە ركابەرانی تاران توانیان بۆشایی ئێران پڕ بكەنەوە و كار بۆ بڵاوكردنەوەی "ئێرانفۆبیا" لای ئەو وڵاتانە بكەن، ئەوەیش وای كرد وڵاتان لە ئێران دوور بكەونەوە. ئەو رەخنەی لە گرنگیدانی ئێران تەنیا بە توێژێكی شیعە لە ناوچەكە و فەرامۆشكردنی ئەوانیتر دا، كە وای كرد توێژەكانیتر هەڵوێستێكی نەیار لەدژی تاران و سیاسەتەكانی وەربگرن.
رۆژنامەی "كەیهان"، گوتی، هەندێك گۆڕانكاری لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق روو دەدات، بەڵام گەورە نابێت بەو شێوەی عێراقێكی نوێ بێتە كایەوە، رەنگە دۆخێكی نوێ دروست ببێت، هەڵبژاردنەكە بووە هۆی دەركەوتنی بەهێزی هەندێك لایەن و لاوازبوونی هەندێكی تر، لەوكاتەی هەندێك لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ون بوون، ئاماژەی كرد، بەڵام ئاڵۆزییەكی گەورە لە پرۆسەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ هەیە، كە پێویستە هەر كاندیدێك دەنگی 165 ئەندام بەدەست بێنێت، ئەوەیش سەخت و ئاڵۆزە.