جیاوازی نێوان هەوكردنی ئاڵووەكان و تووشبوون بە كۆرۆنا

:: PM:09:49:12/10/2021 ‌

هەوكردنی ئاڵووەكان یەكێكە لە نەخۆشییە باوەكان، ئەو ئەندامانەی رۆڵی گەورەیان لە بەرگری لەش بەرانبەر بە میكرۆب و هۆكاری نەخۆشیدا هەیە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جۆرە تێكەڵییەك لە نێوان زۆر جۆری هەوكردن و حاڵەتە نەخۆشییەكان رووی داوە، لەوانەیش هەوكردنی ئاڵووەكان.

هەوكردنی ئاڵووەكان پەتایەكە تووشی ئەو ئەندامانە دەبێت كە كەوتوونەتە دواوەی گەرووەوە، زیاتر لە منداڵاندا روو دەدات و ئەگەر هەیە تێكەڵبوونێك لە نێوان نیشانەكانی تووشبوون بە هەوكردنی ئاسایی ئاڵووەكان و پەتای كۆرۆنا روو بدات.
زیاتر لە منداڵاندا روو دەدات و دوای چەند رۆژێك ون دەبێت
بەپێی رۆژنامەی "ئێكسپرێس"ی بەریتانی نیشانەكانی هەوكردنی ئاسایی ئاڵووەكان بریتییە لە ئاوسان و سوورهەڵگەڕانی رەنگیان، هەوكردنی گەروو و كێشە لە قوتدان، تا و كۆكە و سەرئێشە و ئازاری گوێ و ماندووبوون، لە حاڵەتی توند بۆنی دەم ناخۆش دەبێ و پەڵەی سپی بەسەر ئاڵووەكان دەردەكەوێت. زۆرجار هەوكردنەكە دوای سێ بۆ چوار رۆژ نامێنێت.

لە حاڵەتی نەخۆشانی كۆرۆنا، هەوكردنی گەروو و نیشانەی تری وەك كۆكەی بەردەوام و وشك و تا و ماندووبوون و لەدەستدانی هەردوو هەستی بۆنكردن و چەشتنی لەگەڵە، بۆیە ئەگەر تەنیا ئازاری گەرووت هەیە، رەنگە بەهۆی نەخۆشییەكی ترەوە جگە لە كۆرۆنا بێت، ئەگەریش وەك ئەوەی كۆرۆنا بوو پێویستە پشكنینی تایبەت بكرێت، بۆ دڵنیابوونەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل