نووسەرێكی ئێرلەندی رێ نادات كتێبەكەی بۆ سەر زمانی عیبری بێتە وەرگێڕان

:: AM:11:30:13/10/2021 ‌
ژنە نووسەرێكی ناوداری ئێرلەندی كە بەوە دەناسرێتەوە لە نووسینەكانیدا داكۆكی لە مافەكانی مرۆڤ و بەتایبەت مافەكانی ژنان دەكات، بەمدواییە كتێبێكی بڵاو كردووەتەوە و لەناو خوێنەراندا زۆرترین داوای لەسەرە، بەڵام رێ نادات كتێبەكەی بۆ سەر زمانی عیبری بێتە وەرگێڕان، ئەوەیش ئیسرائیلی تووڕە كردووە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم 13ی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، "سالی رونی" ناوی ئەو ژنە نووسەرە ئێرلەندییەیە كە بەمدواییە كتێبی "ئەی دنیای جوان تۆ لە كوێی" بڵاو كردووەتەوە، لەناو ئەو سەتان هەزار دانەی كتێبەكەی، ئێستە لە بازاڕەكاندا نەماوەتەوە، بۆیە بە پڕخوێنەرترین هەژمار دەكرێت. كۆمپانیایەكی ئیسرائیلی ویستوویەتی بۆ سەر زمانی عیبری وەریبگێڕێت، بەڵام نووسەرە رازی نەبووە.

لەبارەی رازی نەبوونی سالی بۆ وەرگێڕانی كتێبەكەی بۆ سەر زمانی عیبری گوتوویەتی، وێڕای ئەوەی كتێبەكەم زۆرترین داوای لەسەرە، بەڵام من لەگەڵ ئەو داوایەی فەلەستینییەكانم كە بەهۆی هەڵوێستەكانی ئەمدواییەیان بەرانبەر بە فەلەستینییەكان، داوای پچڕاندنی پێوەندیی لە ئیسرائیلییەكان كراوە.

ئەوەشی گوت كە پێشتر بۆ نووسینەكانم لە ساڵەكانی 2017 و 2018، بە شانازییەوە رازی بووم بۆ سەر زمانی عیبری بێتە وەرگێڕان، بەڵام ئێستە بەهۆی داوای فەلەستینییەكان، هەڵوێستم گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

هەر لەبارەی كتێبەكەی سالییەوە، وەزیرێكی ئیسرائیلی رای گەیاندووە، ئەو جۆرە پچڕاندنەی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، شتێك نییە جیا لە رەگەزپەرستی. هاوكات سالی بە بەیاننامەیەك بڵاوی كردووە كە بەهیچ شێوەیەك رازی نابێ كتێبەكەی بۆ سەر زمانی عیبری بێتە وەرگێڕان.

هەموو ئەوانە لە دوای ئەوە هات كە كۆمپانیای "مۆدان"، تایبەت بە چاپ و بڵاوكردنەوەی ئیسرائیلی، داوای رەزامەندیی لە نووسەرەكە كردووە تا بۆ سەر زمانی عیبری وەریبگێڕێت. كۆمپاناكەیش بارەگای سەرەكی لە ئیسرائیلە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د