شاخەوان عەبدوڵا كاندیدی سەركەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، بۆ دۆخی ئەمدواییەی كەركووك و پرسی رەشبگیری، لە پرێس كۆنفرانسێكدا رەتی كردەوە، پارتی لە شارەكەدا هیچ پێشێلكارییەكی كردبێت و هۆكاری دۆخی نالەباری تەناهیی شارەكەی خستە سەر لایەنێكی تری سیاسی كە بە سەركەوتووبوونی پارتی نیگەران بووە.
ئەو روونی كردەوە، لە كاتی راگەیاندنی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن، لایەنگرانی پارتی هاوشێوەی هەر هێزێكی تر، شاییان گێڕا و دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی، بەڵام چەند كەسی گێرەشێوێن، دزەیان كردە ناو ئاهەنگگێڕانی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە هەندێك كادری سیاسی و ئەندامانی دەزگای تەناهیی سەر بە لایەنێكی دیاریكراوی سیاسی بوون، ویستیان بە تەقەكردن بۆ سەر هێزە تەناهییەكانی كەركووك، پارتی دیموكراتی كوردستانی پێ تۆمەتبار بكەن.
بە بەڵگە لە بەردەستمانە كە كەسانی لایەنی تر بوونە هۆكاری ئەو دۆخە.
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵا، دۆسیەی تەناهی و سیاسیی كەركووك، سێ ساڵە بە چاودێریی سەرۆك بارزانی لە كەركووك كاری لەسەر دەكرێت و ئامانجیانە ئاسایش و تەناهیی شارەكە بپارێزرێت، هەرچەندە ئاساییە خەڵك دڵخۆشیی خۆیان دەرببڕن، بەڵام بە بەڵگە لە بەردەستیانە كە كەسانی لایەنی تر بوونە هۆكاری ئەو دۆخە.
وەك زیاتر خستیەڕوو، لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكان، هەڵمەتی گرتنی خەڵكیان دەست پێ كرد، بەڵام ئەوان هەر لە سەرەتاوە دەستوەردانیان كرد و پێیان گوتن، لەگەڵ ئاژاوە نین و رێیش بە هیچ هێزێك نادەن گەنجانی شارەكە بگرن.
پارتی ئەو هێزە نییە خەڵكی خۆی جێ بهێڵێت
شاخەوان عەبدوڵا گوتیشی، "لە سەرەتای دروستبوونی گرژییەكانەوە وەك لایەنی پێوەندیدار لەسەر خەت بووین، بە پێوەندیكردن لەگەڵ فەرماندەی ئوپراسیۆنەكان، بەشێك لەو گەنجانە ئازاد كران. سەركردایەتیی پارتی لەسەر خەتە بۆ ئەوەی كۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت، پارتی ئەو هێزە نییە خەڵكی خۆی جێ بهێڵێت و تەواوی درۆ و چەواشەكارییەكانیش دژی پارتی رەت دەكەنەوە، ئەزموونی رابردوو پێشانی داوە كە پارتی تاچەندە بەرگری لە كەركووك و خەڵكی ئەم شارە كردووە."
پێویستە بگوترێ پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك دوو كورسیی بردەوە، یەك لە كاندیدەكانیشی لە ئاستی پارێزگای كەركووك، زۆرترین دەنگی مسۆگەر كرد.
رۆژی 10ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، لە هەرێمی كوردستان هاوكێشەی سیاسی و جەماوەری گۆڕا، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 34 كورسی، توانی یەكەمییەكەی خۆی بەهێزتر بكات. لە عێراقیشدا رەوتی سەدر ژمارەی پێوانەیی شیعەی شكاند و سەرووی 70 كورسیی مسۆگەر كرد.
هەڵبژاردنەكە لە ڕووی تەكنیكییەوە دەسكەوتێكی گەورە بوو بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق و بە پاكترین هەڵبژاردنیش دادەنرێ، بەهۆی ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەی چاودێری ئەوروپا، تێبینیی رژدیان لەسەری نەبوو.