خەڵكی كوردستان پەكەكەیان رەت كردەوە

:: PM:03:06:13/10/2021 ‌
پەكەكە لەناو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان، بە نایاسایی چالاكی هەیە و خۆیان لە چەند ناوچەیەك سەپاندووە و كار لەسەر فكر و دەروونی هاووڵاتییان دەكەن. پیلانەكانی پەكەكە لە دژی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەیە، لەو هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقیش هەوڵیان دا خۆیان بسەپێنن و پشتیوانییان لە ژمارەیەك كاندیدی سەربەخۆ كرد، بەڵام هیچ كام لەو كاندیدانە سەرنەكەوتن و بگرە كەمترین دەنگیان بە دەست هێنا، ئەوەش پێشانی دەدات خەڵكی كوردستان پەكەكەیان ناوێت.

ئازاد ئەكرەم سەرۆكی لیستی میلەت لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بوونی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان كارێكی هەڵەیە و خەڵك متمانەی پێ نەدان، ئەگەرچی لەسەر ئاستی باڵا بە راستەوخۆ پشتیوانی ژمارەیەك كاندیدیان دەكرد لە شنگال، لە ناوچەكانی تریش بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانییان لە كاندیدە سەربەخۆكان دەكرد، بەڵام ئەمە دەریخست كە كاری پەكەكە لە هەرێمی كوردستان نییە و ئەوان نابێت ئەوەندە خۆیان ببەنە پێشەوە.

سیاسەتی پەكەكە راست نییە، بۆیە خەڵكی كوردستان ئامادە نەبوون متمانەیان پێ بدەن


وەك زیاتر خستیەڕوو، سیاسەتی پەكەكە راست نییە، بۆیە خەڵكی كوردستان ئامادە نەبوون متمانەیان پێ بدەن مەگەر كەسانێك كە سەربە خۆیان بن، ئەم رەتكردنەوەیە دەریخست كە پەكەكە شوێنی هەرێم نییە و ناتوانن وەك حزبەكانی تری باشووری كوردستان ببنە خاوەنی میلەت، خەڵكی كوردستانیش گەیشتە ئەو بڕوایەی كە پەكەكە زیانی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان و سوودی نییە، ئەو ئارامی و تەناهییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، لە هەموو عێراقدا نییە، بەڵام پەكەكە كار بۆ تێكدانی ئەو تەناهییە دەكات و خەڵكیش هۆشیارن و نایانەوێ ئەو ئارامییە تێك بچێت، بۆیە پشتیوانیان نەكردن و متمانەیان دایە ئەو لایەنانەی كە كار بۆ ئارامی هەرێم دەكەن.

بە سەرنەكەوتنی ئەو كاندیدانەی كە پەكەكە پشتیوانی لێ دەكردن، دەركەوت هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان ئەو گرووپە چەكدارییەی ناوێت و ئامادە نین دەنگ و متمانەی پێ بدەن، ئەمەش بە ئاشكرا دەركردن و رەتكردنەوەیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.

پەكەكە جێی كاركردنی لە باكوری كوردستانە، نابێت لە باشوور بەدوای هەژموون و كورسیدا بگەڕێت


دڵشاد نامیق مامۆستای زانكۆ و ماستەر لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە جێی كاركردنی لە باكوری كوردستانە، نابێت لە باشوور بەدوای هەژموون و كورسیدا بگەڕێت، ئەگەر لەڕابردوویش تاكە كاندیدی چووە پەرلەمانی عێراق، ئەوا لەڕێی ئەم حزب و ئەو لیستەوە بووە و جۆرێك لە فێڵكردنی لە پشت بوو.

ئەوەشی گوت، ئەمجارە بەتەواوی ئەوە پێشانی پەكەكە درا كە لێرە پێگەی نییە و دەنگدەر و هاووڵاتیی كوردستانیش نایانەوێ پەكەكە بەدیلی حزبەكانی باشوور بێت، تەنانەت ئەمجارە نەك كاندیدە ڕاستەوخۆكانی پەكەكە، بەڵكو ئەو كاندیدانەیشی ناڕاستەوخۆ سەربە ئەو بوون، شكان و دەرنەچوون و بەمەیش لەڕووی یاساییەوە خۆسەپاندنی لە شنگال ڕەت كرایەوە.

 بەگوتەی دڵشاد نامیق، "ئێستە بەهەموو پێوەرێك پەكەكە لە گشت ئەو بازنانەی تێیدا كاندیدی هەبوو، دەرنەچوو ڕەت كراوەیە، ئەم هەڵبژاردنە راستیی سەنگ و قورسایی جەماوەری ڕاستەقینەی پەكەكەی دەرخست، ئاخر ئەوان لەڕێی داوای ڕەسمییەوە داوای دەنگدانیان لە خەڵك كرد، كەچی كەس بەدەمیانەوە نەچوو، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە خەڵك نایەوێ ئەو گرووپە لە كوردستان بوونیان هەبێت."

پەكەكە بەردەوام هێزێكی نامۆ و بێزراو و بێگانەیە لە باشوور و ناوچەكە، لەم هەڵبژاردنەشدا سزای توندی خۆی لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە وەرگرت و هیچ كاندیدێكی دەرنەچوو كە لەژیر ناوی سەربەخۆدا خۆیان دەناساند و لەلایەن پەكەكەوە پاڵپشتی دەكران.

ڕێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستان دەركەوت كە پەكەكە هیزێكی نەخوازراو و نامۆیە، خەڵك لە سیاسەت و مامەڵەی پەكەكە بێزار بووە، بۆ هەموو كورد دەركەوت كە سیاسەتی توند و سەربازی و داگیركاری و تەقینەوە و داگیركاری زۆرەملێی پەكەكە، زۆر ناشیرینە و لە هەموو كایەكاندا  شكستیان هێناوە.

بە هەڵوێستی نەتەوەیی و كاری باش و خزمەت و لەخۆبردوویی كار بكات، وەك چۆن پارتی دیموكراتی كوردستان

ئەو گوتی، "پەكەكە دەبێت واز لەو شێوازە سیاسەتەی بهێنێت و ئیتر لە بەرژەوەندیی دۆزی رەوای گەلی كورد كار بكات، بە هەڵوێستی نەتەوەیی و كاری باش و خزمەت و لەخۆبردوویی كار بكات، وەك چۆن پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی كە بەردەوام لە خەمی كورد و كوردستاندان و شەونخوونی و رەنج دەدەن بۆ پاراستنی كوردستان، سەرۆك بارزانی هەموو تەمەنی خۆی بەخشییە خزمەتی كورد و ساتێكیش خەمی نەتەوەكەی لە بیر نەكرد."

لەلایەكی ترەوە حامد گەوهەری لێكۆڵەر و نووسەر، بە "وشە"ی راگەیاند، بێگومان پەكەكە ھێزێكە لایەنگری كورد نییە و ھەرچەندە كورد زیاتر بیناسێت، زیاتر لێی دوور دەكەوێتەوە. لەبارەی كەوتن و شكستی كاندیدی پەكەكە لە هەڵبژاردنیشدا پێی وایە، پەكەكە هێزێكی بێزراوە، خەڵكی كوردستان ئەوانی خۆش ناوێت و ئەوانیش دەبێ ئەم راستییە قبووڵ بكەن.

وەك زیاتر خستیەڕوو ئەو كاندیدانەی كە پەكەكە پاڵپشتی دەكردن، پێكهاتبوون لە یوسرا رەجەب،  محەمەد حەسەن و رووناك مەجید، بەڵام هیچ كامیان دەنگیان نەگەیشتووەتە 400 دەنگ، ئەمەش واتای ئەوەیە كە پەكەكە لە هەرێمی كوردستان هێزێكی نامۆیە و پێویستە باشوور جێبهێڵێت.

سلێمانی/ هۆشیار و ئاسان


وشە - سلێمان تاشان