ئەو كاندیدەی بە مردوویی لە هەڵبژاردن سەركەوت.. كەسوكاری روونكردنەوە دەدەن

:: PM:04:39:13/10/2021 ‌

دوای ئەوەی دەركەوت یەكێك لە كاندیدە براوەكانی هەڵبژاردنی عێراق بەناوی ئینسام مانۆئیل، پێش دوو مانگ لە بردنەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بە نەخۆشی كۆرۆنا كۆچی دوایی كردووە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەرای نایەوە، كەسوكاری باسی حاڵەتەكە دەكەن و داوای گومان نەكردن لە هەڵبژاردن بەو هۆیەوە دەكەن.

كەسوكاری ئەو كاندیدە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان روونكردنەوەیەكیان بڵاو كردەوە و ئاماژە دەكەن، خوازیارین هەمووان داوای لێخۆشبوون بۆ كۆچكردوو بكەن، دوای ئەوەی لە میدیاكان باسی بردنەوەی كرا و كۆچی دوایی كردووە، بۆ دروست نەبوونی گومان لەسەر پرۆسەكە بە سوودبینین لەو دۆخەی پێیدا تێپەڕ دەبین، كە كەسێكی خۆشەویستمان لەدەست داوە، پێویست بوو ئەو روونكردنەوە بدەین.
كەسانێك بە مردنیان دەزانی، بەڵام وەك رێز و زیندووهێشتنەوە دەنگیان پێی دا
زیاتر هاتووە، كۆچكردوو كاندیدێكی سەربەخۆ و لە هەموو پارێزگاكانی عێراق بووە، بەداخەوە تووشی پەتای كۆرۆنا هات و ماوەی زیاتر 35 رۆژ لە نەخۆشخانە داخیل كرا و گیانی سپارد، ئەو سەرەڕای مردنی ئەو دەنگانەی بەدەست هێنا، لەبەر دوو هۆكار، یەكەم، كەسانێك بە مردنیان دەزانی، بەڵام وەك رێز و زیندووكردنەوەیەك دەنگیان پێی دا، بۆ ئەوەیش دەنگیان بەفێڕۆ نەچێت، دووەم، كەسانێكیش نەیانزانیبوو بۆیە دەنگیان پێی دا، چونكە كەسێكی كاریگەر بوو لە بواری گەنجاندا.

كەسوكاری ئەو كاندیدە براوە ئاماژەیان كرد كە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هیچ وێنە و پۆستەر و بانگەشەیەكی هەڵواسراوی لە شەقامەكان و فەیسبووكدا نەبووە، لاپەڕەی سەرەكیشی لە فەیسبووك كۆنە و هی سەردەمی حەیدەر عەبادییە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەیش وەك سەربەخۆ خۆی كاندید كردبوو. 

ماوەی دوو رۆژە چالاكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵێكیان بڵاو كردەوە بە بردنەوەی ئینسام مانۆئیل ئەسكەندەر، كاندیدی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی 10ی ئەم مانگە، ئەو سەرەڕای گیانلەدەستدانی بە نەخۆشی كۆرۆنا لە مانگی ئابی رابردوو، لە تۆماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە بەدەستهێنانی 2397 دەنگ سەركەوتنی بەدەست هێناوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل