پارتی‌ داوای‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركووك ده‌كات

وێنەی گەڕانەوەی لایەنگرانی پارتی بۆ كەركووك
:: PM:06:47:13/10/2021 ‌
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت، پارتی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا و باس له‌وه‌ ده‌كات، پارێزگاری كه‌ركووك بۆ پارتییه‌ و یه‌كێتی ماوه‌ی خۆی ته‌واو كردووه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 13ی‌ ئۆكتۆبه‌ر، عارف ته‌یفوور ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، تائێسته‌ یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان چ پۆستێك وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام هه‌ر پۆستێك به‌ركه‌وته‌ی خۆمان بێ وه‌ریده‌گرین.

سه‌ره‌ی پارتییه‌ پارێزگاری كه‌ركووك وه‌رگرێت
باسی‌ له‌وه‌یش كرد، پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك مافی پارتییه‌ و یه‌كێتی ماوه‌ی خۆی ته‌واو كرد، بڕیاربوو دوای ئه‌وه‌ سه‌ره‌ی پارتی بێت، بۆیه‌ ئێسته‌ له‌ ده‌ستی پارتییه‌ كه‌ چ پۆستێك دیاری بكات و وه‌ریبگرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دووپاتی‌ كرده‌وه‌ كه‌، "سه‌ره‌ی پارتییه‌ پارێزگاری كه‌ركووك وه‌رگرێت و هێشتا له‌باره‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراقیش هیچ قسه‌یه‌ك نه‌كراوه‌".

 پۆستی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركووك ماوه‌ی‌ چه‌ندان ساڵ بوو لای یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بوو، به‌ڵام دوای‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر، پارێزگارێكی‌ سه‌پێنراوی‌ عه‌ره‌ب دانرا و تا ئێسته‌ به‌ ناشه‌رعی‌ له‌ كاره‌كه‌ی‌ به‌رده‌وامه‌. 

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی10ی ئه‌م مانگه‌ بۆ په‌رله‌مانی عێراق توانی ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌ 25 كورسییه‌وه‌ بۆ 34 كورسی زیاد بكات و به‌وه‌یش وه‌ك هێزی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان پێگه‌ی خۆی به‌هێزتر كرد.

سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم