دواى ئه‌وه‌ى وه‌شانی نووسیار بۆ دووه‌م ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك خەڵاتی نووسیارى بۆ کتێبی یەکەمى ساڵى 2021 ته‌واو بوو، بڕیاره هه‌فته‌ى ئاینده فێستیڤاڵی خەڵاتی نووسیار به‌ڕێوه بچێت. ئه‌مه‌یش دوای ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی یه‌كه‌م به‌ناونیشانی "خه‌ڵاتی نووسیار" بۆ 2020 دێت.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 13ى تشرینى یه‌كه‌م، ئالان په‌ری سه‌رپه‌رشتیاری گشتی وه‌شانی نووسیار به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەمى ساڵى 2021 دەنگی نوێی ئەدەبی کوردییه بوو ساڵی دووەم، كه تێیدا وەشانی نووسیار هەستا بە ئەنجامدانی خەڵاتی یەکەمین کتێب بۆ ئەو نووسەرانەی یەکەم کتێبیان بڵاو دەکەنەوە.
ڕوونى كرده‌وه، "دوابەدوای ئەوەی براوەکانی ئەمساڵ دیاریکران و بەرگی کتێبەکانی خەڵاتی نووسیار ئامادەبوون، ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوبەریی وەشانی نووسیار، کاتی فێستیڤاڵەکەی ئاشکرا کرد."
ئاماژه‌ى دا، "فێستیڤاڵی ئەمساڵی خەڵاتەکانی نووسیار، ڕۆژی یەکشەم 17ی ئۆکتۆبەری 2021، سه‌عات چواری ئێوارە دەکرێت. فێستیڤاڵەکە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت – CDO، لە باخچەی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت – CDO، له سلێمانى له نزیک چوارڕیانی ئەمنە سوورەکە دەکرێت."
گوتى، "خەڵاتی نووسیار، خەڵاتێکی ساڵانەیه کە لە بوارەکانی: شیعر، چیرۆک و ڕۆمان پێک دێت. براوەی ئەمساڵی کتێبەکان، کە هەریەکە لە: لا یۆرۆنا لە نووسینی: کامۆ ئاراز، کە براوەی بواری چیرۆکە، مەرگی نادیار لە نووسینی: ڕەوا زەیدان، کە براوەی بواری ڕۆمانە، کێڵگەی بەتاڵ لە نووسینی: سروشت نەوزاد، کە براوەی بواری شیعرە پێک دێت".
نووسیار خانه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه و ئامانجی گه‌یاندنی ڕۆشنبیری و ئیشكردنه له‌سه‌ر به‌ده‌رخستنی ڕۆشنبیری و دیدی جیاواز، ئه‌مساڵ له چوارچێوه‌ی كاره‌كانیدا خولی یه‌كه‌می خه‌ڵاتی نووسیاری بۆ ساڵی 2020 به ناونیشانی "محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان – ژه‌نه‌ڕاڵی پایز" سه‌ر پێ خست و تێیدا به شێوازێكی سه‌رده‌مییانه سێ براوه‌ی هه‌ریه‌ك له بواره‌كانی شیعر و ڕۆمان و كۆمه‌ڵه چیرۆكی دیاری كرد. هاوكات له 15ی تشرینی یه‌كه‌می 2020 له ڕێوڕه‌سمێكدا كتێبی هه‌رسێ براوه‌كه به ئاماده‌بوونی نووسه‌ر و دادوه‌رانیان به چاپ گه‌یه‌نرا.