به‌ ئاسانى خۆت له‌ باكردنی گەدە ڕزگار بكه‌

:: PM:09:20:13/10/2021 ‌
هەمووان ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ هه‌موو چالاکییەك لە لەشدا سوودی هەیە لەڕووی تەندروستییەوە و لەخۆڕا ڕوو نادات، یەکێك لە دیاردە باوەکان لەناو مرۆڤەکاندا بوونی غازاتە لەناو گەدەدا و دەرچوونیەتی له‌ ڕێى ده‌مه‌وه‌ یان له‌ كۆمى مرۆڤه‌وه‌، ئەمەیش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، چونکە ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی کۆڵۆن و گەدەیان هەیە زیاتر تووشی حاڵه‌تى نه‌خۆشى باكردنی گه‌ده‌ ده‌بن كه ‌ماوه‌یه‌كه‌ باوه‌ له‌ ناو هاووڵاتییاندا به‌ تایبه‌ت پیاواندا.

له‌ خواره‌وه‌ به‌ وردى باسى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌كه‌ین و ڕوونى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ چییه‌وه‌ تووشى ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌بیت و چۆن خۆت له‌و نه‌خۆشییه‌ ناخۆشه‌ ده‌رباز ده‌كه‌ى.

یه‌كه‌م/ چۆن خۆمان لە بای گەدە ڕزگار بكه‌ین؟

ئێسته‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌ربڵاو مرۆڤه‌كان گەدەیان تووشی نه‌خۆشى باكردن ده‌بێته‌وه‌ و بایه‌كی زۆر لە سکیاندا کۆ دەبێتەوە، ئەمەیش حاڵەتێکی ناخۆشی بۆ هه‌مووان دروست كردووه‌، بەتایبەت پیاوان کاتێک لە دەرەوەى ماڵن و زۆربه‌ى كاته‌كان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك تێكه‌ڵاون.

بێگومان ئەم نه‌خۆشییه‌ جیاوازی هەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر و هەندێک بەهۆی نەخۆشییەوە بەردەوام تووشی دەبن و هەندێکیش زۆر بەکەمی، ئەویش بەهۆی خۆراکی ناتەندروستەكانه‌وه‌.

ئەو کەسانەی زۆر تووشی باكردنی گه‌ده‌ دەبن و ده‌یانه‌وێت له‌م نه‌خۆشییه‌ ناخۆشه‌ و شه‌رمه‌زارییه‌ ڕزگاریان بێت، پێویستە ئەم ڕێنوێنییانه‌ی خواره‌وه‌ به‌ وردى پێڕەو بكه‌ن:

1- هەوڵبدە پێداچوونەوە بۆ تەواوی خواردنەکانت بکە و واز لەو خۆراکانە بێنە، کە با دروست دەکەن لە گەدەدا وەک :"نۆک و فاسۆلیا".

2- ڕۆژانه‌ بڕێکی زۆر زەڵاتە بخۆ.

3- واز لە خواردنەوەی ئەو خواردنەوانە بێنە کە تووشی هەڵئاوسانى گه‌ده‌ت دەکات، وەک خواردنەوە گازییەکان.

4- هەوڵ بدە ئەو خواردنانە هەڵبژێرە کە بڕێکی زۆر پێکهاتەی ڕیشاڵی تێدایە وه‌ك: "خه‌یار  و كاهو".

5- وازهێنان لە جگەرەکێشان.

6- خواردنەوەی ئاو، به‌ جۆرێك له‌ ڕۆژێكدا دوو لیتر بێت، زیاتریش بێ باشتره‌.

7- وەرزشكردن بۆ پارێزگاریکردن لە چالاکییەکانی ڕیخۆڵە و کارەکانی هەرس.

8- لەکاتی نانخواردندا هەوایەکی زۆر مەخەرە سکتەوە.

دووه‌م/ سوودەکانی دەرچوونی بای گه‌ده‌  لەرووی تەندروستییەوە چییه‌؟

هه‌موو كات وامه‌زانه‌ ده‌رچوونى با له‌ گه‌ده‌ سوودبه‌خش نییه‌ و نه‌خۆشییه‌، بگره‌ هه‌ندێك جار سوودى زیاتره‌ بۆ كه‌سه‌كه‌، وه‌ك له‌ خواره‌وه‌دا باسمان كردووه‌ سووده‌كانى چین.

1- دەتپارێزێت لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.

2- بە دوورت دەکات لە جه‌ڵته‌ى مێشک.

3- دڵ دەپارێزێت لە نەخۆشییەکانى.

4- ڕێگه‌ نادات کەسەکە تووشی نەخۆشی ئه‌لزەهایمەر ببێت.

5- دەرچوونی با مانای ئەوەیە کرداری هەرس و تەندروستی گەدەت زۆر باشە.

سێیه‌م/ ئه‌و خۆراكانه‌ى چارەسەری هەڵئاوسانی گەدە دەكه‌ن كامانه‌ن؟

هەڵئاوسان و باكردنی گەدە یەكێكە لەو كێشە تەندروستییانەی ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە، ئەگەر ئەم حاڵەتەت هەیە دەتوانیت سوود لەم 10 خۆراكەى خواره‌وه‌ وەربگری‌ بۆ چارەسەر.

خەیار: یەكێكە لە سەوزە ئاودارەكان ئەو كاتەی هەستت بە بای گەدە كرد ئەوە خەیار بخۆ، زۆری ئاو تیایدا وا دەكات تێكڕای میزكردنت زیاتر ببێت و ئازاری گەدەش كەم دەكاتەوە.

شووتی: هاوشێوەی خەیارە و بڕێكی زۆر ئاو لە پێكهاتەیدا هەیە و بڕێكی كەم شەكری تیادایە و كالۆرییەكی كەم بە جەستە دەبەخشێت و بۆ نەهێشتنی ئازاری گەدە زۆر بەسوودە.

مۆز: هەركات خواردنی سوێرت خوارد ئەوەی تەنیا لەسەر تۆیە خواردنی یەك مۆزە، بۆ ئەوەی تێكڕای ڕێژەی پۆتاسیۆم لە لەشتدا بەرز بكاتەوە و بەوەش ئەو هەڵئاوسانەی گەدە كۆتایی دێت كە بەهۆی زۆر خواردنی خوێوە تووشت بووە.

هێلكە: ئەگەر كێشەی هەڵئاوسانی سكت هەیە و ئەوە تەنیا سپێنەی یەك هێلكە بخۆ بەشێوەیەكی ڕۆژانە، ئەمە پڕۆتینی پێویست بە لەشت دەدات و لە هەمان كاتدا لە كێشەی هەڵئاوسانی بێزاركەری سكت ڕزگارت دەبێت.

ترێ: ئەم میوەیە ئارەزووی خواردنی خۆراكی شیرینت كەم دەكاتەوە و ڕۆڵێكی گەورەی هەیە لە كەمكردنەوەی بای ناو سكتدا.

ماست: پڕۆتین بە جەستەت دەدات و هەرسی گەدە ئاسان دەكات.

پەنیر: یەكێكە لە بەرهەمەكانی شیر و بەسوودە بۆ كەمكردنەوەی هەستكردن بە هەڵئاوسانی سك و گەدە.

ئەنجامدانی هەندێك ڕەفتار و خواردنی خۆراكی ناتەندروست هۆكارە بۆ دروستبوونی با لەناو سكدا، خواردنی خۆراكە چەورەكان هەرسی گەدە قوڕس دەكات و ئەمەیش هۆكارە بۆ بای ناو سك.

چەندان جۆری دەرمان بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە بەكار دەهێنرێتن بەڵام دەتوانیت دوور لە چارەسەر و دەرمانی كیمیایی، پێكهاتەی سروشتی بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە بەكاربێنیت وه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان كرد.

گەده‌، ئەندامێکی ماسوولکەییە و لە توورەکە دەچێت بە بەشی خوارەوەی سورێنچکەوە بەندە، گەدە هەرسی میکانیکی ئەنجام دەدات، ئەمەیش بە گوشینی خۆراك بە یارمەتی گرژبوونی ماسوولکەکانی و لە کاتی ئەم گوشینە، ڕژێنە زۆر بچووکەکانی دیواری گەدە ئەنزیمەکان و ترشێك بەرهەم دێنن، هەردوو دەردراوەکان بە یەکەوە کار دەکەن بۆ هەڵوەشاندنه‌وه‌ی خۆراك بۆ پارچەی زۆر بچووك، ترشەکەیش زۆربەی ئەو بەکتریایانە دەکوژێت کە لەوانەیە لەگەڵ خۆراكدا قوت درابن، دوای چەند سه‌عاتێك له‌ هەرسی میکانیکی و کیمیایی کە بەسەر خۆراکدا دێت، خۆراکە مادەکە دەگۆڕێت بۆ تێکەڵەیەکی خەست پێی دەڵێن (کیمۆس).


وشە - محەمەد میران