له ساڵی 2009 كاتێك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵی تێكدانی پرۆژه‌ی ئه‌تۆمی ئێرانی ده‌دا، به هاریكاری له نێوان ئاژانسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ئاژانسی ناوه‌ندی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری ئیسرائیل "مۆساد" هه‌وڵی دروستكردنی چه‌كی ته‌كنه‌لۆجی واته به‌رنامه‌ی تێكده‌ر و ڤایرۆسی وێرانكه‌ریان دا، بۆ ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران بخه‌نه ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان و ده‌ست به‌سه‌ر وێستگه ئه‌تۆمییه‌كان بگرن.
ئه‌و كاره‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل به ناوی "كرمی ستاكس نێت" ناونرا و ئه‌ركه‌كانی به سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام دا و زیانی گه‌وره‌ی به پرۆژه‌ی ئه‌تۆمی ئێران گه‌یاند، ساڵیك دوای ئه‌وه میدیاكان به‌و كاره‌یان زانی و ڕاپۆرت و زانیاریان له‌سه‌ر بڵاو كرده‌وه، ئاماژه‌یان به‌وه دا، كه كرمی ستاكس نێت، یه‌كه‌م چه‌كی ئه‌لیكترۆنیییه كه به‌كارده‌هێنرێت، بۆ وه‌ستاندن و له‌كارخستنی دامه‌زراوه‌كان له جیهان له مه‌ودایه‌كی زۆر دووره‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه ته‌نیا بۆ لێدان له به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران دروستكرا، به‌ڵام دواجار به تۆڕی ئینته‌رنێت بڵاوبووه‌وه، به‌وهۆیه‌وه به سه‌دان هه‌زار ئامێر له جیهان تووشی بوون، كه زۆربه‌ی ئامێری ئه‌لیكترۆنی و پێشكه‌وتووی كارگه و دامه‌زراوه گرنگ و دیاره‌كانی جیهان بوون.
بڵاوبوونه‌وه‌ی كرمی ستاكس نێت، له ئه‌نجامی خستنه بازاڕی بوو له جیهانی ئینته‌رنێت و فرۆشتنه‌وه‌ی بوو له دیوه شاراوه‌كه‌ی ئینته‌رنێت، بۆیه زۆرێك له كه‌سایه‌تی و دامه‌زراوه نه‌ناسراو و شاراوه‌كان بێ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌یان ئاشكرا بێت، ئه‌و به‌رنامه تێكده‌ر و ڤایرۆسیه‌یان كڕییه‌وه و بۆ مه‌به‌ست و ئامانجی خۆیان به‌كاریان هێنا. لێره‌وه به‌ردی بناغه‌ی بازاڕی ڕه‌ش له ئینته‌رنێت، بۆ مامه‌ڵه‌كردن و كڕین و فرۆشتن به به‌رنامه‌ی تێكده‌ر و ڤایرۆسی وێرانكه‌ر ده‌ستی پێكرد و ئێسته‌یش گه‌یشتووه‌ته لووتكه و هه‌موو جۆره ڤایرۆسێكی ترسناك و به‌رنامه‌یه‌كی تێكده‌ر له دیوه شاراوه‌كه‌ی ئینته‌رنێت ده‌فرۆشرێت و هه‌موو كه‌سێكیش ده‌توانێ بیانكڕێته‌وه.
له‌میانه‌ی
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه پێگه‌ی سایبه‌ر نیوز ئه‌نجامی داوه، هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه هێرش و تاوانی ئه‌لیكترۆنی له سه‌رتاسه‌ری جیهان به خێراییه‌كی زۆر ڕوو له زیادبوون ده‌كات، دواجاریش جه‌نگی سیبرانی و ئه‌لیكترۆنی گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، به‌رده‌ستبوونی هه‌موو جۆره به‌رنامه‌یه‌كی تێكده‌ر و ڤایرۆسێكی وێرانكه‌ریش له بازاڕی ڕه‌شی ئینته‌رنێت، سه‌ره‌كیترین هۆكاره بۆ به‌رپابوونی ئه‌و جه‌نگه مه‌ترسیداره.
توێژه‌رانی ئه‌نجامده‌ری ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه زیاتر له 10 بازاڕی ڕه‌شی كڕین و فرۆشتن به‌و جۆره به‌رنامه و ڤایرۆسانه‌یان به‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه، له جۆری به‌رنامه‌كان و نرخ و به‌رهه‌م و كاریگه‌رییه‌كانیان كۆڵیوه‌ته‌وه، به گوێره‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانیش بۆیان ده‌ركه‌وتووه، كه هه‌موو جۆره به‌رنامه و ڤایرۆسی ترسناك و وێرانكه‌ر له‌و سه‌كۆیانه ده‌فرۆشێت و زۆربه‌ی ئه‌وانه‌یشی كه ئه‌و به‌رنامه و ڤایرۆسانه دروست ده‌كه‌ن و ده‌یخه‌نه ئینته‌رنێتی شاراوه‌وه، بریتین له‌و هاككه‌رزانه‌ی كه له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپان.
زۆرێك له‌و ڤایرۆس و به‌رنامانه‌یش كه له‌و سه‌كۆیانه‌ی دیوه شاراوه‌كه‌ی ئینته‌رنێت خراونه‌ته ڕوو، به‌كارهێنانیان زۆر ئاسانه و هه‌موو به‌كارهێنه‌رێكی ئینته‌رنێت ده‌توانێ به‌كاریان بهێنێت و هیچ پێویست به‌وه ناكات، كه به‌كارهێنه‌ر یان كڕیاره‌كه‌ی شاره‌زاییه‌كی زۆر ورد و چڕی له بواری زمانی پرۆگرامینگ و تۆڕی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری هه‌بێت، ئه‌مانه‌یش بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌سێك بتوانێ ببێته خاوه‌نی ڤایرۆس و به‌رنامه‌ی وێرانكه‌ر، ته‌نیا ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كڕیار پێویسته ئه‌وه‌یه كه پاره‌ی بیتكۆینی هه‌بێ و بتوانێ نرخه‌كه‌ی بدات، چۆن و بۆچی و له دژی كێ به‌كاری ده‌هێنێت، ئه‌مه هیچ به‌لای به‌رهه‌مهێنه‌ری ڤایرۆس و به‌رنامه‌كه و سه‌كۆكه‌ی نمایشی كردووه بۆ فرۆشتن، گرنگ نییه و پرسیاریشی له‌باره‌وه ناكرێت.
لایه‌نێكی تر هه‌رزانی نرخی ئه‌و به‌رنامانه‌یه، كه زۆرێكیان نرخه‌كه‌یان 50 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی یان كه‌مێك سه‌رووتره، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه شاره‌زایان به گومانه‌وه سه‌یری به‌رنامه و ڤایرۆسه‌كان بكه‌ن، كه بۆ فرۆشتن خراوه‌ته ڕوو، چونكه مه‌ترسی هه‌یه ئامێر و كۆمپیوته‌ری ئه‌وانیش تووشی ئه‌و كاره‌ساته وێرانكه‌ره ببێت و به‌ر له هه‌موو كه‌س خۆیان تیا بچن.
هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه پاره كه‌مه‌یش هاككه‌رز و به‌رنامه‌داڕێژه‌ران، كۆڕس و فێركاری ورد و چڕیان له‌سه‌ر به‌رنامه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی خۆڕایی خستووه‌ته به‌رده‌م كڕیارانه‌وه، تا بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش و سه‌ركه‌وتووانه به‌رنامه‌كه به‌كاربهێنن و ئه‌و ئامانجه‌ی به دوای وێڵن، به ئاسانی به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ن.
زۆرترین به‌رنامه و ڤایرۆسیش كه نمایش كراوه، ئه‌وانه‌ن كه له بواری دزینی زانیاری و داتا كار ده‌كه‌ن، به تایبه‌ت له دزینی پاسۆردی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كارتی بانكی و ناوه‌رۆكی چات و گفتوگۆ و وێنه و ڤیدیۆیی به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش به‌رنامه‌ی ڤایرۆسی ترۆجان "ئه‌سپی ته‌ڕواده"یش به فره‌وانی خراوه‌ته ڕوو، كه به‌كارهێنه‌رانی له ڕێی ده‌سكه‌وتنی ئه‌و به‌رنامه یان ڤایرۆسه‌وه ده‌توانن به ته‌واوی كۆنتڕۆڵی هه‌ر ئامێرێك بكه‌ن، كه ڤایرۆسه‌كه پێیان ده‌گات، ئیتر هه‌موو شتێك له‌لای ئه‌وانه‌وه ده‌توانرێ به‌كاربهێنرێت و كه‌ڵكی لێ وه‌ربگیرێت.
نرخی هه‌ر ترۆجانیێكیش به 800 تا هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه و به به‌راورد به‌وانه‌ی تر نرخه‌كه‌ی ته‌واو گرانتره، چه‌ندان به‌رنامه و ڤایرۆسی تریش كه له بواری جیا جیای تر كارده‌كه‌ن له دیوه شاراوه‌كه‌ی ئینته‌رنێت بۆ فرۆشتن خراونه‌ته ڕوو و هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ بیانكڕێت و كه‌ڵكیان لێ وه‌ربگرێت.
ئه‌مه وایكردووه، كه به بوونی بیتكۆین و چه‌ند كلیكێك هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ ببێته تاوانبارێكی گه‌وره و ترسناكی تۆڕی ئینته‌رنێت و جیهانی ته‌كنه‌لۆجیا و سه‌رتاسه‌ری جیهان تووشی كێشه و گرفتی گه‌وره بكات، ئه‌م كاره‌یش به ته‌واوی بووه‌ته جێی مه‌ترسی، به تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشبینی ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و فره‌وانبوونی ده‌كرێت، كه دواجاریش جه‌نگی ئه‌لیكترۆنی گه‌وره‌ی له جیهان لێ ده‌كه‌وێته‌وه.