یەكەمین پێشانگای هاوبەشی نێوان عێراق و كوردستان دەكرێتەوە

:: AM:11:26:14/10/2021 ‌
بڕیارە دوو هەفتەی داهاتوو، پێشانگایەكی هاوبەشی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە هەولێر بكرێتەوە كە تایبەتە بە بەرهەمە كشتوكاڵی و ئاژەڵییەكان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی تشرینی یەكەم، حوسێن حەمەكەریم گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەچوون و ئامادەكاری بۆ كۆنفرانس و پێشانگای كشتوكاڵی و بەروبوومی ئاژەڵی لە هەولێر بەردەوامە.

زیاتر گوتی، ئەم پێشانگایە بە هاوبەشی نێوان وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵی فیدراڵ، بە هاوكاری كۆمپانیای "مجد الاعمال" بەڕێوە دەچێت، بۆ مەبەستی ئاشناكردن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوئاهەنگی و زیادكردنی بڕی بەروبوومی كشتوكاڵی لە نێوان هەردوو وەزارەت.

لە داهاتوودا جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان، بازاڕەكانی عێراقیش بەكار بهێنن.
باسی لەوەش كرد، بەشدارانی ئەو پێشانگایە، جووتیاران و خاوەنكار و كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و هەرێمی كوردستان دەبن.

ڕوونی كردەوە كە پێشانگاكە لە سێی تشرینی دووەم دەكرێتەوە، ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت و بڕیارە چەندان بەرپرس و كەسایەتی و خاوەن دامەزراوەی گەورەی عێراقی و هەرێمی كوردستان، بەشداریی تێدا بكەن.

كردنەوەی ئەو پێشانگایە، دەبێتە یەكەمین پێشانگای هاوبەش لە بواری كشتوكاڵ، ئەمەیش وادەكات لە داهاتوودا جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان، بازاڕەكانی عێراقیش بەكار بهێنن.

پێشتر بەهۆی چەندان ڕێگری لە هەناردەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەرهەمی كشتوكاڵیی جووتیاران لە بازاڕەكاندا نرخیان دادەبەزی، بەڵام كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ عێراق، ئەو بەربەستانەی نەهێشت.



وشە - باز ئه‌حمه‌د