نرخی نەوتی ماڵان گەیشتە 160 هەزار دینار

:: AM:11:59:14/10/2021 ‌
هێشتا وەرزی سەرما دەستی پێ نەكردووە و ئامێرەكانی فێنككەرەوەش نەكوژاونەتەوە، كەچی نرخی نەوتی سپی بە خێرایی هەڵدەكشێت و باشترین جۆری نەوتەكە بە 160 هەزار دیناریش دەست ناكەوێت.

لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەكان، بۆ گەرمكردنەوەی ماڵەكانیان پشت بە نەوتی سپی دەبەستن. هاووڵاتییان بەر لە دەستپێكی وەرزی سەرما هەوڵ دەدەن پێداویستی وەرزەكە بە نەوت دابین بكەن.

ئیبراهیم محەمەد فرۆشیاری نەوت بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئێستە باشترین جۆری نەوت بە 160 هەزار دینارە و خراپەكەشی بە 140 هەزار دینار دەفرۆشن.
داواكاری لەسەری هەیە و چەندان هاووڵاتی پێوەندییان پێوە كردووە

ئەو روونی كردەوە، سەرەڕای ئەوەی كە نرخەكەی وا بەرز بووەتەوە، كەچی داواكاری لەسەری هەیە و چەندان هاووڵاتی پێوەندییان پێوە كردووە بۆ ئەوەی نەوتیان بۆ دابین بكات.

لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك جۆری جیاوازی نەوت دەبینرێن، بەشێكی لە ناوخۆی عێراق و بەشەكەی تریشی لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەكرێن. باشترین جۆری نەوت لەو بازاڕە بەگوتەی فرۆشیارەكە، نەوتی بێجییە كە نرخەكەی دەگاتە 160 هەزار دینار، جۆرەكانی تری نەوتیش وەك كەركووك، نرخەكەیان لە 140 هەزار دینارەوە دەست پێ دەكات.

ئەو روونی كردەوە، سەرەتای هاوینی ئەمساڵ نرخی بەرمیلێك نەوتی بە 100 هەزار دینار فرۆشتووە و چاوەڕوانی ئەوەی نەدەكرد بەو ئاستە بەرز ببێتەوە.
مووچەخۆر و خەڵكی كەمداهات دەبێ بەشێكی بەرچاو لە داهاتەکەی بە كڕینی نەوت بدات.

ئەوەی جێی تێڕامانە سەرەڕای گرانبوونی نرخی نەوت، بازاڕەكەی خۆشە و كەم نین ئەو كڕیارانەی كە داوای دابینكردنی نەوت دەكەن. ئەوەی لەو ناوەندەدا نیگەرانە، مووچەخۆر و خەڵكی كەمداهاتە كە دەبێ بەشێكی بەرچاو لە مووچەكەی بە كڕینی نەوت بدات.

یەكێك لە كاریگەرییە خراپەكانی گرانبوونی نرخی نەوت بۆ سەر كەرتی كارەبایە، خەڵك لەو حاڵەتەدا هەوڵ دەدەن پشت بە سۆبای كارەبایی ببەستن، ئەمەش لەلایەك  بە زیانی حكوومەتە، چونكە پارەیەكی زۆر بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا خەرج دەكات، لەلایەكی تریشەوە بە زیانی هاووڵاتییانیشە و بە هۆیەوە سەعاتەكانی كارەبای نیشتمانییان كەم دەكات و دەبێ بڕە پارەیەكی زیاتر بە كارەبای موەلیدەكانی گەڕەك بدەن.

كاریگەرییەكی تری گرانبوونی نرخی نەوتی ماڵان لە چەند ساڵی رابردوودا، بۆ سەر ژینگەی هەرێمی كوردستان بووە و بەتایبەتی دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەكان روویان لە سۆبای دار كردووە، بەم هۆیەشەوە داری زیاتر دەبڕێتەوە و لە رێژەی سەوزایی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە.

ساڵانە بڕێكی كەمی نەوت، ئەویش بۆ ناوچە شاخاوییەكان دابین دەكرێت


پێش تەنگژەی دارایی، ساڵانە جارێك تا دوو جار نەوت بەسەر ماڵاندا دابەش دەكرا و ئەو دابەشكارییەش لە رێی بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراك بوو، بەڵام لە ساڵی 2014ەوە پێدانی نەوت لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، وەستاوە و ساڵانە بڕێكی كەمی نەوت، ئەویش بۆ ناوچە شاخاوییەكان دابین دەكرێت و خەڵكی تر لێی بێبەشن.

هۆكاری سەرەكیی گرانبوونی نرخی نەوتی ماڵان، بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو دەگەڕێتەوە كە ئێستە هەر بەرمیلێكی بە سەرووی 84 دۆلار دەفرۆشرێت. ئەوەی جێی سەرنجە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، تەنانەت ئەوكاتەش كە نرخی نەوت لە خوارووی 30 دۆلار دەفرۆشرا، نرخی نەوتی سپی لە 100 هەزار دینار دانەبەزی.

هێشتا دیار نییە ئەمساڵ نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دابەش دەكرێت یان نا، ئەگەر نەوتەكە دابەش بكرێت، ئەوا كاریگەریی بۆ سەر دابەزاندنی نەوت لە بازاڕ دەبێت، ئەگەریش دابەش نەكرێ، پێشبینی زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكرێت.

هەرێمی كوردستان بە گازی سروشتی دەوڵەمەندە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە ئەو وزەیە بۆ گەرمكردنەوەی ماڵان بەكار بهێنرێت. وڵاتانی ئەوروپا كە گازی سروشتییان نییە، بۆ گەرمبوونەوەی ماڵ و دامەزراوەكانیان پشت بە گازی سروشتی دەبەستن كە لە دەرەوە هاوردەی دەكەن.

ئەو گازە ژەهراوییانەی لە ئاكامی سووتانی نەوتی سپی دەردەچن، بەراورد بە گازی سروشتی زۆر زیاترن.


گۆڕینی سووتەمەنیی گەرمكردنەوەی ماڵان لە نەوتەوە بۆ گازی سروشتی، جگە لە كەمكردنەوەی خەرجییەكان، كاریگەریی لەسەر ژینگەش هەیە و ئەو گازە ژەهراوییانەی لە ئاكامی سووتانی نەوتی سپی دەردەچن، بەراورد بە گازی سروشتی زۆر زیاترن.



وشە - سلێمان تاشان