بڕیاره ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر گه‌وره‌ترین فێستیڤاڵی كتێب و خوێندنه‌وه به‌ڕێوه بچێت، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ڕۆشنبیری ئاشتیش زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و فێستیڤاڵه كولتوورییه ئاشكرا ده‌كات.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 14ی تشرینی یه‌كه‌م، ئاشتی شێركۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ڕۆشنبیری ئاشتی، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "ئه‌مڕۆ سه‌عات پێنجی ئێواره، كتێبخانه و ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ئاشتی له ساڵوه‌گه‌ڕی ده‌ستپێكردنی كاره‌كانیدا، وه‌ك نه‌ریتێك ساڵانه فێستیڤاڵێك ساز ده‌كات كه هاتن بۆ هه‌مووانه".
ڕوونی كرده‌وه، "فێستیڤاڵی ئاشتی یه‌كه‌م بۆ كتێب و خوێندنه‌وه له كتێبخانه و ناوه‌ندی ڕۆشنبیری ئاشتی له شاری هه‌ولێر، له بازاڕی داون تاون له نهۆمی دووه‌مدا به‌ڕێوه ده‌چێت كه گشتگیره و چه‌ندان بابه‌ت له خۆ ده‌گرێت، له‌وانه لێكۆڵینه‌وه و شیعر و گۆرانیگوتن و گێڕانه‌وه و چه‌ندان بابه‌تی كولتووری و هونه‌ریی تر".
ئاماژه‌ی دا، "فێستیڤاڵی ئاشتی یه‌كه‌م ماوه‌ی سێ سه‌عات ده‌خایه‌نێت، چه‌ندان كه‌سایه‌تیی به‌شداری ده‌كه‌ن له‌وانه مامۆستا ئوسامه جه‌میل، هونه‌رمه‌ند زاهیر عه‌بدوڵا، مامۆستا سه‌لام ناوخۆش به ناساندنی دوو كتێبی نوێ كه خۆمان كاری چاپكردنیمان بۆ كردووه و ناساندنیان بۆ ده‌كات، ڕێباز ئه‌كره‌م له بواری وه‌رگێڕان و زمانه‌وانی قسه ده‌كات، هه‌روه‌ها دوو شاعیر به‌شدار ده‌بن، ئه‌وانیش سه‌روین ده‌روێش و كه‌سێكی تر كه سوپرایز ده‌بێت بۆ ئاماده‌بووان)".
"ساڵانه له فێستیڤاڵی ئاشتی بڕیار دراوه خه‌ڵات بۆ نووسه‌ران دابنرێت، بۆ ئه‌مساڵی فێستیڤاڵه‌كه، ئلیانه باهۆز مسته‌فا ته‌مه‌ن 15 ساڵ كه دوو كتێبی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی، یه‌كه‌مین خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی ئاشتی وه‌رده‌گرێت"، ئاشتی شێركۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ڕۆشنبیری ئاشتی وای گوت.
ناوه‌ندی ڕۆشنبیری ئاشتی ماوه‌یه‌كه دامه‌زراوه، پێشتر به‌ناوی كتێبخانه‌ی ئاشتی له شاری هه‌ولێر، ماوه‌ی زیاتر له 20 ساڵ كار و چالاكی كولتووری و وه‌شاندنی كتێبی كردووه، ماوه‌یه‌كه ده‌ستی به كار و چالاكی ئه‌ده‌بی و كولتووری و هونه‌ری كردووه، زۆرترین كۆڕ و كۆبوونه‌وه و ناساندنی كتێب له كتێبخانه‌ی ئاشتی له هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چێت.