بۆچی كەسانێك دوای نانخواردن خەواڵوو و ماندوو دەبن؟

:: PM:06:54:14/10/2021 ‌

رەنگە حاڵەتێكی ئاسایی و بڵاو بێت كە دوای چەند خولەكێك لە خواردن، هەستێكی بەهێزی ماندووبوون و شەكەتی بەسەر كەسەكەدا داڵ بێت، هەست بە خەواڵوویی و باوێشكهاتنەوە و دانیشتن لەسەر جێگەكە تا تەواوبوونی حاڵەتەكە دەكات، هاوكات رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ بوونی كێشەیەك لە لەشدا، وەك هەوكردن و هەستیاریی خۆراك یان كەمی ڤیتامینەكان.

رەنگە نیشانەكانی ئەوەندە بێزاركەر نەبن، بەڵام هەیشە بەدەستییەوە دەناڵێنێت و رێگری لە كاركردن و ژیانی ئاساییان دەكات، رەنگە حاڵەتی خەواڵوویی دوای خواردن ئاماژەیەك بێت بۆ بوونی كێشەیەكی تەندروستی لە ئەندامێكی لەش یان بەهۆی نەخۆشییەكی درێژخایەن، كە هێشتا لەو كەسە نەدۆزراوەتەوە.

توێژینەوەیەكی بەریتانی لە 2006 باسی ئەوەی كردووە كە زیادبوونی رێژەی گلوكۆز لە خوێن بەهۆی خواردنی خۆراكی پڕ لە شەكر، ئۆركسین، كە گوێزەرەوەیەكی هەستە دەماری ئاگەداركەرەوەیە لە مێشك بەرهەم دێت، پەك دەخات، بۆیە لە حاڵەتی خواردنی شیرینی، كتوپڕ ماندووبوونی بەدوادا دێت. هەروەها بەهۆی ئاڵۆزیی كاربۆهیدراتەوە، هەرسكردنی پێویستی بە وزەی زیاترە، ئەوەیش ماندووبوون دروست دەكات.
خواردنی كەمتر لە ژەمەكان و نوستنی پێویست و راهێنانی سووك باشترین چارەسەرییە
شارەزایان پێیان وایە هۆكارێكی تری ئەو حاڵەتە بوونی هەوكردنە لە لەشدا، كاتێك دەركەوتووە بەو هۆیەوە مادەی ئۆركسین پەك دەخرێت و حاڵەتەكە روودەدات، هەروەها كەسانی هەستیار بۆ چەند جۆرێك خۆراك كاتێك ئەوانە دەخۆن تووشی هەوكردن یان شێوانی تر دەبنەوە، وەك كۆئەندامی هەرس و نەخۆشی پێست و سەرئێشە و شەقیقە و گۆڕانی میزاج، بەوەیش تووشی بێهێزی دەبن، لەوانە خۆراكی وەك دانەوێڵە و ئارد و بەرهەمەكانی ئەلبان.

جیا لەوانەی سەرەوە كەمی ڤیتامین و كانزاكانیش هۆكارن بۆ دروستبوونی ئەو ماندوێتییە، هەروەها هەندێك جۆر خۆراك هەیە خۆی ئەو حاڵەتە دروست دەكات، بۆیە خواردنی ژەمێكی دەوڵەمەند بە كاربۆهیدرات و پرۆتین ئەگەری هەیە كەسەكە تووشی خەواڵوویی و ماندوێتی بكەن، لەپاڵ ئەوە رەنگە هەندێك نەخۆشی لەو كەسە هەبێت پێی نەزایوە، ئەوەیش لە پشكنین دەردەكەوێت. 

بۆ چارەسەركردنی ئەو حاڵەتە، خواردنی كەمتر و زیادكردنی ژەمەكان، نوستنی پێویست، رۆیشتن و راهێنانی سووكی وەرزشی دوای دوو سەعات لە خواردن، چوونە بەر تیشكی خۆر و رێكخستنی كاتژمێری بایۆلۆجی لەش.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل