كازمی وریایی لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی ئەنجامی هەڵبژاردن دەدات

:: PM:07:26:14/10/2021 ‌

دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەشێك لە كاندید و هێزە دۆڕاوەكان ناڕەزایەتیان پێشان دا، بەدەر لە تانەدان لە ئەنجامەكان كە شتێكی ئاساییە، هەندێك لە هێزەكان، بەشێوەیەكی جیاواز باسی ئەنجامەكانیان كرد كە قبووڵی ناكەن، سەرۆك وەزیرانی عێراق وریایی لە هەوڵی دەرچوون لە رێوشوێنە یاساییەكان لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەنجامەكان دا.

مستەفا كازمی، سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق ئەمڕۆ لە دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیراندا گوتی، دۆڕاو لە هەڵبژاردنەكە نییە و هەمووان براوەن، چونكە كێبەركێكە لەسەر خزمەتكردنی عێراق بوو، پێویستە لەگەڵ خۆمان و كۆمەڵگەكەمان ئاشت ببینەوە و لاپەڕیەكی نوێ لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیمان بكەینەوە. 
ئەوەی تانەی هەیە پێشكەیشی بكات و كۆمسیۆن تاوتوێی بكات
زیاتر گوتی، ئەوەی تانەی هەیە با پێشكەیشی بكات و چوارچێوە یاساییەكان پێڕەو بكات و پێویستە كۆمسیۆن تاوتوێیان بكات، هاوكات وریایی لەهەر هەوڵێك دەدەین بۆ دەرچوون لە چوارچێوە یاساییەكان لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەكە.

لای خۆیەوە لیستی سەدر دەستگرتنی خۆیانی بە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ دووپات كردەوە، چونكە تا ئێستە فراكسیۆنی گەورەن و دووپاتی كردەوە كە بە پێی یاسای نوێی هەڵبژاردن نابێت تا راگەیاندنی پێكهاتنی حكوومەت هاوپەیمانی هەڵبژاردن پێك بهێنرێت.

سەرچاوەیەك لە بارەگای موقتەدا سەدر لە حەنانە رای گەیاند، بابەتی پێكهێنانی حكوومەت بۆ سەدرییەكان یەكلا بووەتەوە و گفتوگۆی لەسەر نییە، لیژنەی گفتوگۆكاری سەدریش ئەركەكانی دیاریكراون بە دابەشكردنی پۆست و وەزارەتەكان هەریەكێك بە پێی مافی خۆی، ئەوەیش دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی لەلایەن كۆمسیۆنەوە، ئەوانەیشی باسی پێكهێنانی حكوومەت بە تەوافوقی سیاسی دەكەن، هەوڵێكە بۆ دەمارگرتن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل