تا شەش ساڵی تر نرخی دۆلارێك دەگاتە 284 هەزار تمەن

:: AM:11:09:17/10/2021 ‌
فەرمانگەی بەرنامە و بودجەی ئێران هۆشداری دا، ئەگەر گۆڕانكاری ریشەیی لە سیستمی ئابووری ئێران نەكرێت، ئەوا تا سێ ساڵی تر ئابووری ئێران تووشی داڕمان دەبێت و تا شەش ساڵی تریش بەهای دۆلار دەگاتە 10 هێندەی ئێستەی تمەن.

لە ساڵی 2018ەوە ئەمەریكا قورسترین سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە و دۆخی ئابووری ئێران رۆژ بە رۆژ خراپتر بووە. ناكۆكی ناوكی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا لە جێی خۆیەتی، ئێران ناتوانێ نەوتەكەی بفرۆشێت، قەرزەكانی رۆژ بە رۆژ زیاد دەبن و نرخی پارەكەشی لە چوار هەزار تمەنەوە بۆ هەر دۆلارێك تا 28 هەزار تمەن گۆڕاوە. هۆشداری ئەمجارەی فەرمانگەكەی ئێران بۆ ئەوەیە پێشبینی دەكرێ لە ئێران دۆخێك بێتە كایەوە حكوومەت ئارەزووی ئەمڕۆكەی بكات.

ئێستە هەر دۆلارێك بە 28 هەزار تمەنە


بەپێی ئەو پێشبینییە تا شەش ساڵی تر نرخی هەر دۆلارێك دەگاتە 284 هەزار تمەن. بۆ ئەوەی زیاتر روون ببێتەوە، ئێستە هەر دۆلارێك بە 28 هەزار تمەنە. 100 هەزار تمەنیش بە پێنج هەزار و 500 دینار ئاڵوگۆڕ دەكرێ. ئەگەر پێشبینییەكە بەدی بێت، ئەوكات دۆلارێك دەبێتە 280 هەزار تمەن و 100 هەزار تمەنیش بە 500 دینار ئاڵوگۆڕ دەكرێ.

ئەم ئاستە دابەزینی بەهای تمەن تەنگژەی زۆر قووڵی دارایی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە ئێران دەهێنێتە كایەوە، رێژەی هەژاریی زۆر زیاد دەكات و ئیتر تمەن هیچ بایەخێكی نامێنێت.

بەپێی راپۆرتەكە ئەگەر سزاكانی ئەمەریكا درێژەیان هەبێت، قەرزەكانی حكوومەت بەراورد بە بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی، 150% گەشە دەكات و تا كۆتایی ئەم كابینەیەی ئێران نرخی دۆلار دەگاتە 100 هەزار تمەن.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، راپۆرتەكە پێشبینی كردووە تەنانەت ئەگەر سزاكانیش لەسەر ئێران هەڵبگیرێن، ئەوا بەهای تمەن بەرز نابێتەوە و هێشتا دوای شەش ساڵی تر، ئەوا دەگاتە 55 هەزار تمەن.

ئەگەر گریمانەی ئەوە بكرێ ئێران رۆژانە بتوانێ 800 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، ئەوا دوای ساڵێك نرخی دۆلار دەگاتە 35 هەزار تمەن


سیناریۆی دووەم ئەوەیە ئەگەر سزاكان درێژەیان هەبێت، تەنانەت ئەگەر گریمانەی ئەوە بكرێ ئێران رۆژانە بتوانێ 800 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، ئەوا دوای ساڵێك نرخی دۆلار دەگاتە 35 هەزار تمەن و لە كۆتایی حكوومەتی رەئیسی دەگاتە 110 هەزار تمەن، شەش ساڵی تریش بۆ 284 هەزار تمەن دەگۆڕێت.

هەروەها پێشبینی دەكرێ ئەگەر سزاكان درێژەیان هەبێت، ئەوا ریژەی هەڵاوسانیش دەگاتە 65%.، ئەگەر سزاكان لەسەر ئێران هەڵبگیرێن، ئەوا رێژەی هەڵاوسان دەگاتە 34% و بەهای دۆلاریش دەبیتە 17 هەزار و 700 تمەن.

جگە لەمە ئاماژە بەوە كراوە، ئەگەر سزاكان هەڵبگیرێن، تێكڕای رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە ئێران لە ماوەی شەش ساڵی داهاتوو 28% و لە ئەگەری درێژكردنەوەی سزاكان 54% دەبێت.

نزیكەی 11 ساڵ لەمەوبەر و بەر لەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێراندا بسەپێنرێن، نرخی هەر دۆلارێك هەزار تمەن بوو و لەو كاتەوە نرخی دۆلار بەرانبەر بە تمەن 28 هێندە بەرز بووەتەوە.

ئەوەی وایكرد لەو ماوەیەدا نرخی تمەن بە تەواوی روو لە داڕمان بكات، ئەو سزا نێودەوڵەتییانە بوون كە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا و un بەسەر ئێراندا سەپێنران، ئێران نەیتوانی هاوشێوەی دەیەی سەرەتای سەدەی بیست و یەكەم پەرە بە ئابوورییەكەی بدات. 

لە ساڵی 2015دا كاتێك رێككەوتنی ناوكیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك واژوو كرا، چاوەڕوانی ئەوە لە ئارادا بوو دووبارە ئابووری ئێران گەشە بكاتەوە و واز لە چالاكییە ناوكییەكانی بهێنێت. ئەم رێككەوتنە راستییەكەی توانی توانای دارایی ئێران بەهێز بكات و بە دەیان ملیار دۆلار لە بودجەی ئێران زیاد بكات، بەڵام كێشەكە لەوەدابوو ئەو زیادبوونەی قەبارەی داراییە لە خزمەتی گەشەی ئابووری وڵاتەكە بەكار نەهات، زیاتر بۆ كڕینی چەك و پێداویستی سەربازی و پاشان دەستوەردان لە كاروباری وڵاتانی تری وەك سووریا و عێراق و یەمەن و لبنان و ئەفغانستان و تەنانەت هەندێك وڵاتی ئەفریقیش بەكار هات.

هەموو ئەو هەنگاوانە هۆكار بوو لەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنەكە نیگەران بێت


هەموو ئەو هەنگاوانە هۆكار بوو لەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنەكە نیگەران بێت، لە كۆتاكانی ساڵی 2018دا بەفەرمی لە رێككەوتنەكە بكشێتەوە و سزای قورس بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

رێنەدان بە فرۆشتنی نەوتی ئێران و بەربەست دروستكردن بۆ سەرجەم چالاكییە دارایی و ئابوورییەكانی ئێران، هۆكاری سەرەكی بوون لەوەی نرخی تمەن بەرانبەر دۆلار روو لە دابەزین بكات. هەموو وڵاتێك بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە دراوەكەی بكات، پێویستی بەوە هەیە زۆرترین هەناردەی هەبێت و داهاتی نەپاڵاوتووی نیشتمانیی پێ بەرز بكاتەوە، بەڵام لە ئێران ئەمە رووی نەدا، بۆیە تمەن بەو چارەنووسە گەیشت كە ئەمڕۆ هەزار تمەنی بە تمەنێك بخەمڵێنن.


وشە - سلێمان تاشان