ئەنجێلینا جولی باس لە كتێبە نوێیەكەی دەكات

:: AM:09:36:18/10/2021 ‌
ئەنجێلینا جولی كە ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری سینەمای هۆڵیوود و دنیایە و هاوكات باڵوێزی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان و داكۆكیكردن لە مافی ژنان و منداڵان بەتایبەت ئاوارەكانی دنیایە، بەمدواییە كتێبێكی تایبەتی بڵاو كردووەتەوە، تێیدا باس لە تواناكانی گەنجان دەكات كە دەتوانن بە مەعریفە و هێزی باوەڕ بەخۆبوون، دنیا بگۆڕن بۆ جوانتر.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ دووشەم 18ی تشرینی یەكەم، هەواڵێكی لەبارەی ئەنجێلینا جولی و كتێبە نوێیەكەی بڵاو كردووەتەوە كە شەمووی رابردوو، ئاهەنگی بڵاوبوونەوەی لە ئەمەریكا ساز كرد. كتێبەكەی كە لە ژێر ناونیشانی "مافەكانی خۆت بزانە و داوایان بكە"یە، بە وردی باس لە بیرۆكەی كتێبەكەی دەكات كە لەژێر رۆشنایی سەتان گفتوگۆ لەگەڵ گەنجان و منداڵانی دەیان وڵاتی دنیا هاتووەتە كایەوە، هاوكات كتێبەكە لە دەیان وێنەی خۆی لەگەڵ منداڵانی ئاوارە رازێنراوەتەوە.

جولی لەبارەی وێنەكان گوتوویەتی، ئەگەر لەلای منداڵان و گەنجاندا هێز و مەعریفە هەبێت بۆ قسەكردن، واتە ئەگەر ئەو مەعریفەیە بۆ ژیانی خۆیان بەكار بێنن، دەتوانن لە بنچینەوە ژیان بگۆڕن، ژیانێك كە تێیدا كۆمەڵگەیەكی یەكسان بێنێتە كایەوە.

دووپاتی كردەوە كە ئەوەی لەبارەی گەنجان و هەرزەكاران و منداڵان باسم كردووە، دروست پەیامی كتێبەكەیە. بۆ نووسینەوەی كتێبەكە، گفتوگۆی زۆرم لەگەڵ چالاكانی مەدەنیی گەنجان لە زۆرینەی وڵاتانی دنیادا كردووە، چونكە لە بنچینەوە كتێبەكە بۆ گەنجان و منداڵانە، ئەوانەی خەبات دەكەن بۆ گۆڕینی ژیان بۆ جوانتر لەوەی ئێستە هەیە.
جولی بە داكۆكیكارێكی رژدی مافەكانی مرۆڤ لە دەنیادا هەژمار دەكرێت

ئەنجێلینا جولی بە داكۆكیكارێكی رژدی مافەكانی مرۆڤ لە دەنیادا هەژمار دەكرێت، چالاكییەكانی ئەو ئەستێرەیە لە بواری مافی مرۆڤ، بۆ دەیەی یەكەمی سەدەی 21 دەگەڕێتەوە، ئەوكات چالاكییەكانی لەسەر پرسی پەنابەری و تەندروستی و فێركردنی منداڵان و گەنجان لە هەموو دنیادا چڕ كردبووەوە.

كتێبی "مافەكانی خۆت بزانە و داوایان بكە" لە سەرەتادا لە مانگی سێپتێمبەر لە بەریتانیا چاپ كرا، دواتر لە سەرەتای ئەم مانگە ئۆكتۆبەر گەیشتە ئەمەریكا و وڵاتەكانی تری ئەوروپا. 

ئەنجێلینا جولی كە لە ساڵی 1975 لە ئەمەریكا لە دایك بووە و لەناو خێزانێكی هونەریدا پەروەردە بووە، یەك لە ئەستێرە زۆر ناودارەكانی هۆڵیوودە، دەكاتە كچی هونەرمەندی ناودار جۆن فویت، بۆیە جولی لە منداڵییەوە لەناو دنیای هۆڵیووددا خۆی بینیوەتەوە. بەشداریی لە زیاتر لە 50 فیلم كردووە و هەڵگری خەڵاتی ئۆسكارە، جیا لە وەرگرتنی خەڵاتی "گۆڵدن گلۆپ" بۆ سێ جار. چەندان خەڵاتی تری گەورەی نێودەوڵەتی پێ بەخشراوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د