پەكەكە رێگرە لە رێككەوتنی لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا

:: AM:10:06:19/10/2021 ‌
هەركات لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا لێك نزیك ببنەوە و ئاسۆیەك هەبێت بۆ رێككەوتن و گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەر، كەسانێك لە ناو پەكەكە دەستبەجێ دەكەونە قسەكردن و هێرشكردن بۆ سەر ئەنەكەسە و پێشمەرگەی رۆژ بە ئامانجی دروستكردنی كێشە و دوركەوتنەوە لە یەكتری، ئەمەش ئامانجی پەكەكەیە بۆ ئەوەی لایەنە كوردییەكان هیچ كات نەگەنە رێككەوتن.

مستەفا قەرەسوو، یەكێك لە سەركردەكانی پەكەكە، لە دوایین لێدوانیدا باسی لەوە كردووە كە پێشمەرگەكانی رۆژ، گەریلاكانی پەكەكەیان كوشتووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە چەند رۆژێكە لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا بەگەڕانەوەی نوێنەرانی ئەمریكا چاوەڕێی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان دەكەنم، بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.

كەسانێك لەناو ئەو گروپە قسەیەك دەكەن و دۆخەكە ئاڵۆز دەكەن


كاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سوریا بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوە چەندان جارە لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا بەتایبەت پەیەدە و ئەنەكەسە هەوڵی  رێككەوتن دەدەن، هەركاتێك بمانەوێت كێشەكان چارەسەر بكەین و كۆتایی بەو دۆخە بهێنین، پەكەكە و كەسانێك لەناو ئەو گروپە قسەیەك دەكەن و دۆخەكە ئاڵۆز دەكەن، بەمەش دووركەوتنەوە دروست دەبێت و كێشە بۆ دانوستانەکان دێتە پێشەوە، ئەوە لە بەرژەوەندی كوردی رۆژئاوا و دۆخەكە نییە.

هەروەها گوتی، پەكەكە و كەسانێك لەناو ئەو گرووپە وەك ئاڵدار خەلیل و هاوشێوەكانی یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش ئەوەیە رێگە لە رێككەوتنی كوردانی رۆژئاوا بگرن و رێگە نەدەن بەو ئامانجە بگەن كە دەیانەوێت، كاری ئەوان دژایەتیكردنی كوردە و هەركاتێكیش ئومێدێك هەبووبێت لەناویان بردووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سووریا بە پێویستی دەزانێت، رێگە چارەیەك بۆ ئەوانە دابنرێت و نەهێڵن كاریگەرییان لەسەر گفتوگۆكانی لایەنە كوردییەكان هەبێت، بە زووترین کات لەگەڵ پەیەدە بگەنە رێككەوتن لە پێناو ئەو دۆخەی رۆژئاوا، ئەگەر بەو جۆرە نەكەن رۆژئاوا لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە، پەكەكە یەك ئامانجی هەیە لە رۆژئاوا ئەویش رێگە بگرێت لە نزیكبوونەوەی كورد و ئەوەش لە بەرژەوەندی پەكەكە خۆیەتی.

كاری پەكەكە دژایەتیكردنی كوردە، لە رۆژئاوای كوردستان و دەستی لە سیاسەتی پەیەدە هەیە، كۆمەڵێك لە سەركردەكانی وەك ئاڵدار خەلیل بەردەوام دژی كورد و ئەنەكەسە لێدوان دەدەن و هێرش دەكەنە سەریان، ئەنەكەسە دەڵێت، هەتا ئاڵدار و هاوشێوەكانی بەو جۆرە قسە بكەن قورسە بتوانرێت لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا بگەنە رێككەوتن.

سەعید عومەر، بەرپرسی پێوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە لەبەر شكستی خۆیان پەنا بۆ شتی تر دەبەن، كوشتنی گەریلاكانی پەكەكە تەنانەت پەكەكە خۆیشی نازانێت کێ كوشتوونی، بەڵام هاتووە دەڵێ پێشمەرگەی رۆژ بووە، لەم قسانەدا ئامانجی پەكەكە ئەوەیە كە ئەو هەوڵانەی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا دراوە پووچەڵیان بكاتەوە و رێگری بكات لە گفتوگۆكان.
وەک زیاتر خستیە ڕوو، لەبەرژەوەندی پەكەكە نییە، كوردانی رۆژئاوا بگەنە رێككەوتن، ئەمەی پەكەكە دەیكات ئەجێندانی وڵاتانە و كار بۆ لایەنی تر دەكات، ئەگەر ئەو رێككەوتنە روو بدات و لایەنی تر بووە شەریكی ئیدارە، ئەو قازانجەی ئێستە پەكەكە دەیكات، ئەو کات  نایكات و لە هەوڵەكانی و ئامانجەكانی شكست دەهێنێت.

لە لایەکی ترەوە جدان عەلی، سیاسەتمەداری رۆژئاوا بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە نەك تەنیا لە رۆژئاوا لەگەڵ نزیكبوونەوەی كوردا نییە، بگرە لە هەموو پارچەكانی تر كاری ئەوەیە كە كورد لە یەكتر دوور بن، ناوە ناوە سەركردەكانی پەكەكە لە قەندیل هێرش و لێدوانێك دەدەن و دۆخەكە تێك دەدەن و بەهۆیەوە لایەنە كوردییەكان لێك دوور دەكەونەوە، هێرش دەكەنە سەر ئەنەكەسە و پەدەكەسە.

ئەوە لە بەرژەوەندی خۆی نییە


ئەو هەروەها گوتی، ئەوە سیاسەتی پەكەكەیە كە رێگە نەدات كوردانی رۆژئاوا بگەنە رێككەوتن، چونكە ئەوە لە بەرژەوەندی خۆی نییە، پەكەكە ئەجێندای وڵاتان جێبەجێ دەكات، ئەوە ئاشكرایە پەكەكە لەگەڵ ئەوەنییە پرسی كورد لە رۆژئاوا بگاتە چارەسەر، پەیەدەش سیاسەتی پەكەكە جێبەجێ دەكەن و هەر لەبەرئەوەیە كاتێك باسی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان بكرێت پەكەكە ئیشی خۆی دەكات.

وەک زیاتر خستیەڕوو، توركیا هێرش دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان بەهۆی پەكەكەوە، پەكەكە بووەتە هۆكاری ناسەقامگیری هەرێمی كوردستان و نائارامی ناوچەكە، لە رۆژئاواش كاری تێكدانی لایەنە كوردییەكانە، بوونی پەكەكە هیچ خزمەتێكی كورد و قەزیەی كورد ناكات لە هەرێمی كوردستان، پەكەكە دەڵێت خەبات بۆ كوردی باكور دەكەم بەڵام لە رۆژئاوا دژی كورد خەبات دەكات ئەمە پێچەوانەی دروشمەكانیەتی.

سلێمانی/هوشیار عەلی


وشە - وشه‌