شایستەی دارایی بۆ پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی خەرج دەكرێ‌

:: AM:10:48:19/10/2021 ‌
ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی تەنگەژەی دارایی شایستە داراییەكانی شوفێر و كارمەندانی كردە پزیشكییەكان وەستابوو، لە نوێترین بڕیاردا ئەو مافە بۆ كارمەندانی تەندروستی گەرمیان گەڕایەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی تشرینی یەكەم، بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە فەرمانی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، بڕیار درا بڕی ئەو شایستە داراییانەی هەیە بۆ كارمەندان و شوفێرانی بەشی كردە پزیشكییەكانی سنووری گەرمیان خەرج بكرێ‌.

ئەو بڕیارەی وەزیری دارایی و ئابووری لە كاتێكدايە، پێشتر تەندروستی گەرمیان بە نووسراوێكی فەرمی داوای خەرجكردنی شایستەی دارایی بۆ كارمەندان و شۆفێرانی بەشی كردە پزیشكیەكانی كرد، بڕیارە ئەو شایستە داراییانە بۆ نیوەی یەكەمی ئەمساڵ بەزووترین كات خەرج بكرێ.

بەپێی زانیارییەكانی دەست "وشە" كەوتووە، خەرجكردنی ئەو پارەیە بۆ شەش مانگ بەسەر یەكەوە دەبێت، پێشتر بەهۆی تەنگەژەی دارایی وەستا بوو.

ئەو پارەیە بۆ شەش مانگ بەسەر یەكەوە دەبێت
ڕۆژی پێنجشەم حەوتی‌ ئۆكتۆبەر، مەسروور بارزانی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان، سەردانی گەرمیانی كرد و گوتی، گەرمیان شایانی‌ خزمەتی‌ زیاترە، لەم حكوومەتەدا پارەمان بۆ پڕۆژەكانی‌ ئەو سنوورە تەرخان كردووە كە یەكێك لەوانە كردنەوەی‌ سایلۆیە.

سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان لە بەشێكی‌ تری‌ قسەكانیدا ئاماژەی‌ بۆ ئەوە كرد، رێی‌ كەلار- كفری و كەلار- دەربەندیخان بودجەی‌ بۆ دانراوە، لەگەڵ ئەوەیشدا پڕۆژەی‌ كارەبا لە سنوورەكەدا دەكرێتەوە كە تاكە پڕۆژەیە لەسەر ئاستی‌ عێراق و كوردستان لە گەرمیان دروست كراوە.

مەسروور بارزانی‌ باسی‌ لەوە كرد، رەزامەندی‌ لەسەر خەرجكردنی‌ 16 ملیار دینار دراوە بۆ كردنەوەی‌ 19 پڕۆژەی‌ تر لە سنوورەكەدا. هەروەها دەستخۆشی‌ لە كۆمپانیای‌ جێبەجێكار پڕۆژەكە كرد.

سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان گوتی‌، دوای‌ ئەو هەموو نەهامەتییەی‌ بەسەر گەرمیان هاتووە، پێویستە زیاتر خزمەتیان بكەین، ئەوەی‌ جێی‌ پرسیارە بۆ من، بۆچی‌ تا ئێستە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان نەگەیشتوونەتە ئەو سنوورە.

هەروەها رای‌ گەیاند، ئێمە هەموومان فەرمانبەرین، منەتی‌ تێدا نییە خزمەتی‌ خەڵكی‌ خۆمان بكەین. سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان هێمای‌ بۆ ئەوەیش كرد، "نەهاتووم بەڵێنتان پێ بدەم، هاتووم پێتان بڵێم چیتر ماوە بیكەین".





وشە - رامیار جەواد