دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوكاری لەگەڵ رێکخراوی IEH ی ئەڵمانی، كاروانێكی تری هاوكاری پزیشكی، كە پێكهاتووە لە كۆمەڵێك دەرمان و كەرەستەی پزیشكی، رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كرا.
دوێنێ دووشەم، 18ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر، لە چوارچێوەی سێكتەری تەندروستیدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوكاری لەگەڵ رێکخراوی IEH ی ئەڵمانی ، کاروانی هاوكاری پزیشكی پێشكەشی نەخۆشخانەكانی رۆژئاوای كوردستان کرد.
بەردەوام دەبن لە گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان
لەو بارەیەوە پیردەیان بەرپرسی ئۆفیسی شنگالی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رای گەیاند، كەلوپەل و پێداویستی پزیشكی رەوانەی شارەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەن و بەردەوام دەبن لە گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان. هەروەها ئاماژەی دا ئەو كەلوپەلە پزیشكییانەی پێشكەشی نەخۆشخانەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكرێن بە 542 هەزار دۆلاری ئەمەریکی دەخەمڵێنرێت.
جێی باسە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پێشتریش رۆڵی هەبووە لە گەیاندنی پێداویستی جۆراوجۆر بە رۆژئاوای کوردستان. رێکخراوەکە جگە لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی عێراق و ناوچەکەش چالاکی هەیە و فریای خەڵکی لێقەوماو دەکەوێت.