ڕۆژنامه‌ی سڤۆپۆدنایا پرێسای ڕووسی ئاشكرای كرد، كه هه‌رچه‌ند توركیا خۆی ئاماده ده‌كا و هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشێكی تری داگیركاری بۆ سه‌ر ناوچه كوردییه‌كان ده‌دات، به‌ڵام ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه، كه به‌هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری یه‌كتر ڕێگری له هه‌ر هێرش و جموجۆڵێكی توركیا له سووریا بكه‌ن، ده‌یانه‌وێ وانه‌یه‌كیش به ئه‌ردۆغان بده‌ن و شوێن و پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی پێشان بده‌نه‌وه.
ئه‌لیكسانده‌ر سیتنیكۆڤ نووسه‌ری
بابه‌ته‌كه له‌و ڕۆژنامه ڕووسییه ئاماژه‌ی داوه، كه میدیاكان بڵاویان كرده‌وه، كه شه‌وی 16ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر، فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی توركیا بڵاوكراوه‌یان به‌سه‌ر شاره‌دێی ته‌لره‌فعه‌ت خستووه‌ته خواره‌وه، داوایان له خه‌ڵكی شاره‌دێكه كردووه، كه ناوچه‌كه جێ بهێڵن، چونكه له داهاتوویه‌كی زۆر نزیك توركیا ده‌ست به‌هێرش و ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ته‌لره‌فعه‌ت ده‌كات.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، پێشتر مۆسكۆ ڕه‌زامه‌ندی له به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی توركیا ده‌ربڕی، چونكه ده‌یه‌ویست جۆرێك له هاوسه‌نگی له باكوری سووریا دروست ببێ و ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچه‌كه بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام دواتر نیازه شاراوه‌كانی ئه‌ردۆغان به ڕوونی ده‌ركه‌وتن، جیا له‌وه‌یش ئه‌ردۆغان ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به پووتینی دابوو، بۆ وه‌ستاندنی شه‌ڕ و ماڵوێرانی له ناوچه‌كانی ئیدلب و حه‌له‌ب هیچیان نه‌برده سه‌ر، بۆیه ئێسته ڕووسیا به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نییه قبووڵی هێرشێكی تری توركیا و تێكدانی ئاسایشی ناوچه‌یه‌كی تری سووریا بكات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش ئێسته به جۆرێك له جۆره‌كان دۆخی سووریا نزیكبووه‌ته‌وه له یه‌كلابوونه‌وه، به‌شار ئه‌سه‌د وه‌ك سه‌رۆكی ڕژێمی سووریا ماوه‌ته‌وه و وڵاتانی عه‌ره‌بی خه‌ریكن ده‌ست به دروستكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ده‌كه‌نه‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌یش پێویستی به‌وه‌یه ته‌نگژه و شه‌ڕ و توندوتیژییه‌كان له سووریا كه‌متر ببنه‌وه، نه‌ك ئه‌ردۆغان به ویستی خۆی هه‌ركات بیه‌وێ ناوچه‌كانی باكوری ئه‌و وڵاته بخاته نێو گێژاو و گه‌رده‌لوولی خوێنڕێژییه‌وه.
له به‌شێكی تری بابه‌ته‌كه هاتووه، به دڵنیاییه‌وه بێ هیچ گومانێك ڤلادیمێر پووتینی سه‌رۆكی ڕووسیا و جۆ بایدنی سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه هه‌ماهه‌نگی له نێوانیان ده‌بێ و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگری له‌و هه‌ڵمه‌ته داگیركارییه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ن، كه تا ئێسته ته‌نیا به قسه هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رپاكردنی ده‌كات.
له‌لایه‌كی تره‌وه، نوێنه‌رایه‌تی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكرات له
ڕۆژئاوا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی لۆبیكردن و دروستكردنی فشار و پێوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی بایدن، نوێ كرده‌وه. ئه‌مه‌یش له پێناوی ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی بایدن گفتوگۆ و پێوه‌ندی به‌رده‌وامیان هه‌بێت، تا له هه‌موو حاڵه‌تێكدا بتوانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر واشنتن دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له هه‌ڵمه‌تێكی تری داگیركاری توركیا له دژی ڕۆژئاوای كوردستان بكات.
ڕۆژنامه‌ی "شه‌رق ئه‌وسه‌ت" له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ڕۆژئاوا له واشنتن له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی لۆبیكردن واژووی كردووه، له زاری دوو سه‌رچاوه‌وه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كه ئامانجی لۆبیكردنهكه بریتییه له هه‌وڵدان بۆ هێشتنه‌وه‌ی 900 سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژئاوای كوردستان و یارمه‌تیدانی زیاتری هه‌سه‌ده له شه‌ڕی پاشماوه‌كانی تیرۆر و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی میلیشیاكانی ئێران و پاراستنی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات له هه‌ر هێرشێكی داگیركاری كه له‌لایه‌ن توركیاوه ئه‌نجام ده‌درێت، گرێبه‌سته‌كه‌یش بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگه و به بڕی 50 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی واژووی له‌سه‌ر كراوه.
ئه‌و پێشهاتانه له كاتێكدایه كه پێشتر دوو به‌رپرسی باڵای توركیا به ئاژانسی ڕۆیته‌رزیان ڕاگه‌یاند، كه توركیا ده‌ستی به ئاماده‌كاری بۆ هێرشكردنه سه‌ر ناوچه‌ی ته‌لره‌فعه‌ت كردووه و بۆ ڕێگری له هێرشه‌كه‌یش تاكه چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه، كه هێزه‌كانی یه‌په‌گه به قووڵایی 30 كیلۆمه‌تر به‌ره‌و ناوه‌وه‌ی سووریا پاشه‌كشه بكه‌ن و ئه‌و ناوچانه بۆ توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی جێ بهێڵن.
ڕۆیته‌رز هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كردووه، كه به‌ر له‌وه‌ی توركیا ده‌ست به ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی بكات، له‌گه‌ڵ پووتین و بایدن قسه ده‌كات، تا ئۆپراسیۆنه‌كه بێ هیچ كێشه و گرفتێك به‌ڕێوه بچێت. له دوا پێشهاتیش ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی له سه‌ربازانی ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا كرد و گوتی، گه‌نجه‌كانتان له ناوچه‌كه بكشێننه‌وه، ئه‌گه‌رنا به‌سه‌ریان زاڵ ده‌بین.
ڕۆژنامه ڕووسییه‌كه له نووسیویه‌تی، كه ئێسته سه‌ره‌تای هه‌ڵایسانی شه‌ڕێكی تر له ناوچه‌كه ده‌ركه‌وتووه، توركیا له‌لایه‌كه‌وه، هه‌سه‌ده و دیمه‌شق له‌لایه‌كی تره‌وه، هێز و سه‌رباز و چه‌كداره‌كانیان به‌ره‌و سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه له دژی یه‌كتر ده‌جووڵێنن.
تا ئێسته توركیا سێ هه‌ڵمه‌تی داگیركاری له دژی ڕۆژئاوای كوردستان ئه‌نجام داوه، یه‌كه‌میان له ساڵی 2015 ئه‌نجام درا، كه به‌وهۆیه‌وه توركیا ده‌ستی گرت به‌سه‌ر جه‌رابلووس و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر، دواتریش له 2018 هێرشی كرده سه‌ر عه‌فرین و به ته‌واوی شاره‌كه‌ی داگیركرد، دواجاریش له كۆتایی 2019 هێرشی كرده سه‌ر ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات، كه به‌وهۆیه‌وه زیاتر له 300 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوون و سه‌دان هاووڵاتی سڤیلیش له ئه‌نجامی هێرش و بۆردمانی چڕی توركیا گیانیان له ده‌ست دا.