لە ئەگەری داخستنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بڕیار دەرچوو

:: AM:08:59:21/10/2021 ‌
بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا و ژمارەیەك لە مامۆستا و قوتابی تووشبووی ڤایرۆسەكەن، وەزیری تەندروستی و وەزیری پەروەردە كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵییان ئەنجام داوە، چەند بڕیارێك دەرچووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی تشرینی یەكەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتووە تێیدا هاتووە، ئێوارەی دوێنێ‌ سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە كۆبوونەوە.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە لە زانیارییەكان هاتووە، گفتوگۆكانی هەردوو وەزیر لەسەر دواهەمین پێشهاتەكانی ڕەوشی كۆرۆنا و ڕێكارە خۆپارێزییەكان و پڕۆسەی ڤاكسینی مامۆستایان بوو.

باس لە داخستنەوەی هۆڵەكانی خوێندن نەكراوە
باس لەوەش كراوە، لەو كۆبوونەوەیە باس لە ڤاكسینكردنی زۆرترین مامۆستا و فەرمانبەری كەرتی پەروەردە كراوە، لەگەڵ توندكردن و ئەنجامدانی ڕێكارە خۆپارێزییەكان، باس لە داخستنەوەی هۆڵەكانی خوێندن نەكراوە.

دوێنێ‌ بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كردبوو، بە مەبەستی ڕەچاوكردنی چەند رێنوێنییەك بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا داوا دەكەین هاتن و ڕۆیشتنی قوتابیان بۆ قوتابخانە ڕێك بخرێت و لیژنە بۆ ئەو مەبەستە دروست بكرێت و جەنجاڵی لە دەرەوەی قوتابخانە دروست نەكرێت، هەروەها پێویستە سەرجەم كۆبوونەوەكان لە گۆڕەپانی قوتابخانە ڕێك بخرێت و مامۆستای پۆل، سەرپەرشتی پۆلەكان بكات و وەستانی قوتابیان لە گۆڕەپانەكان مەرجی خۆپارێزی تێدا بێت.

ئەوەیش باسكراوە، پێویستە سەرجەم مامۆستایان و قوتابیان دەمامك ببەستن و پاككەرەوە لە تەوالێت و دەستشۆرەكان دابنرێت، هەروەها پێویستە مامۆستایان ڤاكسینی تایبەت بە ڤایرۆسی وەربگرن و لەكاتی بوونی گیروگرفت و ئاستەنگێدا بە نووسراو بەڕێوەبەرایەتی لێ ئاگادار بكرێتەوە، داوایش دەكەین لیژنەی پاك و خاوێنی و لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروست بكرێت و لەكاتی بوونی حاڵەتی نەخۆشی كۆرۆنا لەناو مامۆستایان و قوتابیان رێكارە تەندروستییەكان بگیرێنەبەر و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بنكەی تەندروستی گەڕەكی لێ ئاگادار بكرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد