بڕیارێك دەرچوو بەنزین هەرزان دەبێتەوە

:: AM:10:59:21/10/2021 ‌
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، فەرمانێكی دەركردووە بۆ هێنانی بەرهەمە نەوتییەكان و كیمیاییەكان. بازرگانێكیش دەڵێت، بەو بڕیارە زیاتر دەستكراوە دەبین لە هێنانی بەنزین.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی تشرینی یەكەم، عەدنان موحسین بازرگانی بەرهەم نەوتییەكان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاری ڕێپێدان بۆ هاوردەكردن و هەناردەكردنی تەواوی بەرهەمە نەوتییەكان و پاشماوە نەوتییەكان و مادە كیمیاییەكانی دەركردووە.

ئەگەر مۆڵەتیش بە هاوردەی بەنزین بۆ تەواوی بازرگانان بكرێ‌، ئەوا بێگومان نرخ دادەبەزێ‌.
زیاتر گوتی، لە بڕیارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەوەیش باس كراوە، سەرجەمی رێپێدانەكانی بەرهەمە نەوتییەكان لە دەسەڵاتی وەزیردا دەبێت، ئەوەیش وا دەكات ڕێگری بكرێ‌ لە هاوردەی بەرهەمی خراپ و بێ‌ كوالێتی، ئەگەر مۆڵەتیش بە هاوردەی بەنزین بۆ تەواوی بازرگانان بكرێ‌، ئەوا بێگومان نرخ دادەبەزێ‌.  

باسی لەوەش كرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاری دا، رێپێدان بە هاوردە و هەناردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ هەر پێداویستییەكی تر، گەڕاندووەتەوە بۆ دەسەڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەكان.  
  
بەپێی نووسراوێك كە واژووی كەمال ئەترووشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی لەسەرە، ئاراستەی تەواوی پارێزگاكان كراوە و تێیدا هاتووە، سەرجەمی رێپێدانەكانی بەرهەمە نەوتییەكان لە دەسەڵاتی وەزیردا دەبێت.  

ئێستە كێشەی گرانبوونی بەنزین هەیە و لە هەفتەی داهاتووشدا وەزیری سامانە سروشتییەكان، دەچێتە بەغدا و پرسی هاتنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا باس دەكات.



وشە - رامیار جەواد