ئاكرێ.. بە گوژمەی 18 ملیار دینار چەند پڕۆژەیەك جێبەجێ دەكرێن

:: PM:05:02:21/10/2021 ‌

كاروانی ئاوەدانكردنەوەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەنگاونان بە گوڕ و تینێكی زۆر بۆ پێشەوە بەردەوامە و دەستی گەیشتووەتە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم، بەڕێوبەری ئاوی ئاكرێ ئاشكرای كرد كە بە گوژمەی نزیكەی 18 ملیار دینار، ژمارەیەك پڕۆژە كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
پڕۆژەكە 80%ی تەواو كرابوو و لە ماوەی ساڵێكدا تەواو دەبێ و دەكەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە
ئەندازیار زرار ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاوی ئاكرێ بۆ "وشە" گوتی، دوای ئەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی بۆ تەرخان كردین بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی ستراتیجی بۆ دابینكردنی ئاو بۆ ئاكرێ و بجیل و 18 گوندی سەر بە ئاكرێی، كۆمپانیایەكی ئێرانی و دوو كۆمپانیای ناوخۆیی خەریكە دەستبەكار دەبن و بەشێكی پارەشیان بۆ تەمویل كراوە.

زیاتر گوتی، ساڵی پار 18 ملیار دیناریان بۆ تەرخان كرا، ئەمساڵیش سەرۆكی حكوومەت 15 ملیار دیناری تری بۆ تەرخان كردوون، روونی كردەوە، تا ئێستە 106 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە، چونكە پڕۆژەكە گەورەیە و ستراتیجییە، پێشتر 80%ی تەواو كرابوو و لە ماوەی یەك ساڵدا تەواو دەبێ و دەكەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

بەڕێوەبەری ئاوی ئاكرێ باسی لەوەیش كرد، چەند پڕۆژەی تریش لە سنووری شارەدێی دینارتە و بجیل هەن، هەندێك پڕۆژەی تریشمان ئەنجام داوە لەسەر پێشینە و هەندێكیش پارەی تایبەتیان بۆ تەرخان كراوە، ئەوانیش بە گوژمەی 750 ملیۆن دینار پڕۆژە كراون، كە پێنج هەزار كیلۆمەتر تۆڕی ئاومان داناوە و زیاتر لە 100 بیرمان نۆژەن كردووەتەوە، بۆیە لە كاركردن نەوەستاوین لەسەر پێشینەی خۆمان و بودجەی تایبەتیش.

ئاكرێ/ بڵند ئیبراهیم


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل