بودجە تەرخان كرا.. گرفتی كارەبا لە چەند شوێنێك چارەسەر دەكرێت

:: PM:08:40:21/10/2021 ‌

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی باشتركردنی تۆڕەكانی كارەبا و خزمەتكردنی هاووڵاتییان و رووناككردنەوەی ئەو گوندانەی تا ئێستە كارەبای نیشتمانییان نییە، بودجەی تەرخان كردووە و كێشە و گرفتەكانی كارەبا لە ناوچەكان چارەسەر دەكات.

ئەردەلان محەمەد، بەڕێوەبەری كارەبای چەمچەماڵ بە "وشە"ی راگەیاند، بەمەبەستی رووناككردنەوەی گوندەكان و گەیاندنی كارەبا بۆ ئەو شوێنانەی تا ئێستە كارەبای نیشتمانییان نییە، حكوومەت لەسەر داهاتی كارەبا، بودجەی بۆ تەرخان كردووین.

زیاتر گوتی، بڕی 91 ملیۆن دینار بۆ گەیاندنی كارەبا بۆ گوندی تەپەدێی دارەقازی لە سنووری شارەدێی شۆڕش و چەند ماڵێك لە گوندەكانی بۆڵقامیش و عەینكە تەرخان كراوە، هەروەها بڕی 323 ملیۆن دینار تەرخان كراوە بۆ دەرهێنانی پێنج فیدەری نوێ لە وێستگەی مۆبایلی 132/11 كەی ڤیی گورگە، كە بەهۆیەوە بەشێك لە كێشەكانی بارزۆری سەر وێستگەكانی چەمچەماڵ و شۆڕش چارەسەر دەبێت.
بەپێی داهاتی بەردەست وەزارەتی كارەبا پڕۆژەكان جێبەجێ دەكات
لای خۆیەوە ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی ئەو داهاتەی كە لەبەر دەستی وەزارەتی كارەبایە، پڕۆژە بچووكەكانی كارەبا بۆ ناوچەكان جێبەجێ دەكەین، لە راكێشانی كارەبا بۆ گوندەكان و چارەسەری بارزۆری و ئەو كێشانەی كە پێوەستن بە كارەباوە.

روونی كردەوە، ئەگەر هاووڵاتییان پارەی كارەبا بگەڕێننەوە بۆمان، پارەی زیاترمان لەبەردەستە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و 8%ی كێشەی محاویلە و كێشەكانی تری كارەبا چارەسەر دەكەین.

لە چەند رۆژی رابردوو بڕی 132 ملیۆن دینار بۆ گەیاندنی كارەبا بۆ گوندی رەنگێنە لە پێنجوێن تەرخان كرا، هەروەها بڕی 78 ملیۆن دینار بۆ دەرهێنانی دوو فیدەری كارەبا لە سلێمانی و راكێشانی كارەبا بۆ دۆڵەرووت جێبەجێ دەكرێت، جیا لەوە بە بەهای 116 ملیۆن دینار فیدەرێكی نوێ لە وێستگەی چوارقوڕنە بۆ گوندەكانی كانی كاران و گردجان و قەمتەران و قەرەنیاغا رادەكێشرێت.

لە لایەكی ترەوە بە بەهای 67 ملیۆن دینار پڕۆژەی راكێشانی فیدەرێكی نوێ و هاوسەنگكردنی چەند فیدەرێك لە قەڵادزێ جێبەجێ دەكرێت، لەگەڵ چارەسەری بارزۆری چەند فیدەرێك بە بودجەی 175 ملیۆن دینار، لەگەڵ 106 ملیۆن دینار بۆ دانانی محاویلە لە گەڕەكی هەنارۆك لە قەڵادزێ.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل