شاندی لیژنەی ئهوقاف و كاروبارى ئاینى لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی ڤاتیکانی کرد و لەگەڵ بریکاری وەزارەت و بەرپرسانی وەزارەتهكه کۆبوونهوه و باسیان لە ڕەوشی فرەئاینی لە ھەرێمی كوردستان کرد.
ئهمڕۆ ههینى 22ى تشرینى یهكهم، پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕاى گهیاندووه، شاندی لیژنەی ئهوقاف و كاروبارى ئاینى لە پەرلەمانی کوردستان، کە پێکھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سهلیم جێگری سەرۆكی لیژنە و وەیسی سەعید وەیسی بڕیاردەری لیژنە و زاھیر محهمەد عهلی و فهیسەڵ عهباس عهوڵا و ھدیە مراد حیدر و د.ئیسماعیل عهلی سگیری و كلارا عۆدیشۆ یعقوب ئەندامانی لیژنەكه لە فراکسیۆن و پێکھاتە جیاوازهكان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی ڤاتیکانی کرد و لەگەڵ بریکاری وەزارەت و بەرپرسانی وەزارەتهكه کۆبوونهتهوه و باسیان لە ڕەوشی فرەئاینی لە ھەرێمی كوردستان کردووه کە ھەموو پێکھاتەکان ئازادانە ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن.
زیاتر هاتووه، "لە بەشێکی ترى دیدارهکەدا باس لە پێوەندیی مێژوویی نێوان ڤاتیکان و گەلی کوردستان کراوه و تیشک خراوهته سەر سەردانە مێژوییەکەی قەداسەتی (پاپا فرانسیس) پاپای ڤاتیكان بۆ ھەرێمی كوردستان كه جیاواز لە شوێنەكانی ترى عێراق گەورەترین ڕێوڕەسمی ئاینی له ههولێری پایتەخت بۆ ساز کرا، سەردانەکە بە ڕووداوێكی مێژوویی وەسف کرا، کە کاریگەرییهكی گرنگی ھەبوو لەسەر ناو و پێگەی ھەرێمی كوردستان و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان."
ئاماژه كراوه، "ھەر لە دیدارهکەدا باس لە ڕەوشی کریستیانەکانی کوردستان کراوه وەک پێکھاتەیهکی ڕەسەن و سەرەکی کوردستان کە ڕۆڵیان ھەیە لە بەڕێوەبردنی کوردستان و خاوەنی نوێنەرن لە پەرلەمانی کوردستان، ھەروەھا باس لە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئێزدییەکان کراوه كه لەلایەن تیرۆریستانی داعش بهرانبهریان ئهنجامدراوه و داوا کراوه لە ڕووی یاساییەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال و قوربانییەکانی دەستی داعش، ھەروەک تیشک خراوهته سەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایهک لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دادگاییکردنی ئەو تیرۆریستانەی کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان ئهنجام داوە".
ڕوون كراوهتهوه، "بریکاری وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی ڤاتیکان، دووپاتی پشتیوانی دەوڵەتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و زیاتر لێک نزیکبونەوەی ئاینەکان لە پێناو ڕەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ پەیڕەوکارانی سەرجەم ئاینەکان، ھەروەھا ستایشی ڕەوشی پێکەوەژیانی ھەرێمی كوردستانی کردووه کە بووهتە نموونەیهكی بەھێز و زیندوو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دنیادا، كە ھەمیشە پەناگەیهكی ئارام بووە بۆ ھەموو پێكھاتە ئاینی و نەتەوەییەكان، بە تایبەت بۆ كریستیانەكان كە بەھۆی ھێرشی تیرۆریستانی داعش لە چەند ساڵی ڕابردوودا ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتبوو و ڕوویان لە ھەرێمی كوردستان كردبوو".
ئهوهیان خستووهتهڕوو، "بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ڤاتیکان، باسی لەوە فرهڕهنگی و پێكهوژبانه کردووه كه لە كوردستاندا بوونی ھەیە لە فرپێکھاتەی ئاینی و نەتەوەیی و داڵدەدانی ئاوارەکانى به مایەی ستایش و پێزانینی ڤاتیکانەوه باس كردووه، ههروهها ئهوان بە بایەخەوە لێى دەڕوانن، بۆیەیش لە یارمەتی و پشتیوانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن".