ئه‌گه‌رچی له دنیادا هه‌ڵمه‌تی كوتان و خۆپارێزی به‌رده‌وامی هه‌یه و به‌شێكیش له هاووڵاتییان یه‌كه‌م جار تووشی ڤایرۆسه‌كه بوونه، به‌ڵام لێره‌وله‌وێ ده‌بیستین كه هێشتا ڤایرۆسه‌كه بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامه و له هه‌ركاتێكیشدا كه فه‌رامۆش بكرێت، ڕه‌نگه كاره‌ساتی مرۆیی دروست بكات، له خواره‌وه‌دا ئه‌و هۆكارانه باس ده‌كه‌ین كه وایكردووه بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رده‌وام بێت.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 23ی تشرینی یه‌كه‌م، دكتۆر كه‌ریم عوسمان پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی به‌رده‌وامی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئه‌وه‌یه تا ئێسته هاووڵاتییان و نه‌خۆشخانه ته‌ندروستییه‌كان و شوێنه گشتییه‌كان، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ی ده‌مامك و ده‌ستكێش به شێوه‌ی ته‌ندروست ناكه‌ن و فڕێدان و له‌ناوبردنیان هیچ ڕێكارێكی ته‌ندروستی ناگیرێته‌به‌ر.
ڕوونی كرده‌وه، "زۆربه‌ی ئه‌و ده‌مامك و ده‌ستكێشانه‌ی كه به‌كار هاتوون له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه یان له نه‌خۆشخانه‌كان هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان، بۆیه ده‌بێت زۆر به وریاییه‌وه له‌ناو ببرێن".
ئاماژه‌ی دا، "فڕێدانی ده‌ستكێش و ده‌مامك له سه‌ر زه‌وی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر بڵاو ده‌كاته‌وه، بۆیه ده‌بێت هاووڵاتییان به وریاییه‌وه و له شوێنی تایبه‌ت ده‌ستكێش و ده‌مامكی به‌كارهاتوو فڕێ بده‌ن، چونكه فڕێدانی له سه‌له‌ی خۆڵی گشتی یان سه‌ر زه‌وی مه‌ترسی گه‌وره له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان دروست ده‌كات".
هاووڵاتییان جارێكی تر تێكه‌ڵ ده‌بنه‌وه و خۆیان ناپارێزن
"یه‌كێكی تر له هۆكاره‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئه‌وه‌یه دوای وه‌رگرتنی ڤاكسینی تایبه‌ت به ڤایرۆسی كۆرۆنا، هاووڵاتییان جارێكی تر تێكه‌ڵ ده‌بنه‌وه و خۆیان ناپارێزن كه ئه‌مه‌یش هه‌ڵه‌یه، بۆیه زۆربه‌ی جار تووشی ڤایرۆسه‌كه ده‌بنه‌وه یان ده‌بنه هه‌ڵگر و مه‌ترسی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه دروست ده‌كه‌ن". دكتۆر كه‌ریم عوسمان پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو وای گوت.
شایانی باسه به هۆكاری گۆڕان له كه‌شوهه‌وا و ساردبوونی كه‌ش و هاتنی وه‌رزی پایز، هۆكارێكی تره بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی په‌تای وه‌رزی، ئه‌مه‌یش وایكردووه نه‌خۆشه‌كان له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا زۆرترین به‌رگریی له ده‌ست بده‌ن، به‌هۆیه‌وه تووشی چه‌ندان نه‌خۆشیی تر و ڤایرۆسی كۆرۆنایش ببن.
ده‌مامك و ده‌ستكێش یه‌كێكن له سه‌ره‌كیترین رێكاره‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا، هاووڵاتییان له سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه، پابه‌ندن پێیه‌وه و به‌كاری ده‌هێنن، به‌ڵام ئێسته تاكپارێزیی خۆیان له‌بیر كردووه و زۆربه‌ی كاته‌كان ده‌مامك به‌كار ناهێنن و به یه‌كجاریش وازیان له ده‌ستكێش له ده‌ستكردن هێناوه، ئه‌مه‌یش وایكردووه شه‌پۆلێكی تری كۆرۆنا له شاره‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بڵاو ببێته‌وه.
له نوێترین ئاماریدا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق ڕای گه‌یاندووه، "تا ئێسته كۆی ئه‌وانه‌ی له سه‌رانسه‌ری عێراق تووشی په‌تاكه بوونه، ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته دوو ملیۆن و 43 هه‌زار و 963 حاڵه‌ت، له‌و ژماره‌یه‌یش 22 هه‌زار و 901 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیان له ده‌ست داوه، ملیۆنێك و 982 هه‌زار و 232 كه‌سیش به ڕێژه‌ی 97.0% به ته‌واوی چاك بوونه‌ته‌وه و 38 هه‌زار و 830 كه‌سیش له نه‌خۆشخانه‌كان له‌ژێر چاودێریی پزیشكیدان، له‌و ژماره‌یه‌یش 225 كه‌س به‌هۆی ناجێگیری دۆخی ته‌ندروستییان له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان."