نزار غه‌زالی سه‌رۆكی رێكخراوی ئۆڵمپیی كوردستان رای گه‌یاند، رێكخراوه‌كه‌یان مۆڵه‌تی له حكوومه‌تی كوردستان وه‌رگرتووه و به پێی یاسای رێكخراوه‌كان كار و چالاكی ئه‌نجام ده‌دات.
نزارغهزالی، پاڵه‌وانی ناوداری یاریی له‌شجوانی، له ماوه‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تر، رێكخراوێكی وه‌رزشی به ناوی "رێكخراوی ئۆڵمپیی كوردستان" دامه‌زراندووه، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی چه‌ند پاڵه‌وانیه‌تییه‌كی راگه‌یاندووه.
نزار غه‌زالی ئه‌مڕۆ شه‌موو 23ی ئۆكتۆبه‌ر به "وشه"ی راگه‌یاند، رێكخراوه‌كه‌یان به پێی رێنماییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی رێكخراوه ناحكوومییه‌كانی كوردستان دامه‌زراوه، هه‌موو كارێكی به یاسایی كردووه و ئامانجیشی خزمه‌تكردنی وه‌رزشی كوردستانه.
هه‌روه‌ها گوتی: "له رێگه‌ی پارێزه‌ر و به پێی ئه‌و رێوشوێنه‌ی هه‌یه، وه‌ك ده‌یان رێكخراوی تر، كه له كوردستان هاتوونه‌ته دروستبوون، ئێمه‌ش رێكخراومان دروست كردووه، ده‌مانه‌وێت كار و چالاكی وه‌رزشی، به تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی وه‌رزشی له‌شجوانی ئه‌نجام بده‌ین".
"رێكخراوی ئۆڵمپیی كوردستان شوێنگره‌وه‌ی لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان و هیچ ده‌زگه‌یه‌كی تر نییه، چونكه ئێمه رێكخراوێكی ناحكوومیین و به پێی توانای خۆمان كار ده‌كه‌ین، لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان سه‌ر به حكوومه‌ته و ئیشی هه‌رلایه‌كمان جیاوازه". نزار غه‌زالی بۆ "وشه" وای گوت.
پاڵه‌وانه‌كه‌ی پێشووی یاریی له‌شجوانی، كه ئێسته وه‌ك راهێنه‌ریش كار ده‌كات، ئاماژه‌ی به‌وه دا، هه‌ندێك كه‌س ده‌یانه‌وێت ئه‌و بابه‌ته بوروژێنن، كه ئێمه ده‌بینه شوێنگره‌وه‌ی لیژنه‌ی ئۆڵمپی، به‌ڵام ئه‌مه راست نییه و هه‌قیش نییه به‌م شێوه‌یه قسه بكرێت.
هه‌روه‌ها رای گه‌یاند "ئێمه سه‌ره‌تا ناوێكی ترمان بۆ رێكخراوه‌كه ده‌ستنیشان كردبوو، به‌ڵام له فه‌رمانگه‌ی رێكخراوه‌كان قبوڵ نه‌كرا، بۆیه ئێمه‌ش ئه‌و ناوه‌ی ئێسته‌مان هه‌ڵبژارد".
نزار باسی ئه‌وه‌ی كرد، كه به نیازن له‌م زووانه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به فه‌رمی خۆیان رابگه‌یه‌نن و كار و چالاكییه‌كانیان روون بكه‌نه‌وه".
غه‌زالی كه خۆی سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌یه، ئاشكرای كرد "هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌گه‌ل فیدراسیۆنه گه‌وره‌كانی یاریی له‌شجوانی، له‌وانه IFFB PRO LEAGUE و ئه‌وانی تر كار بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی له‌شجوانی پێش بخه‌ین و یاریزانی نوێ پێ بگه‌یه‌نین، هه‌روه‌ها هه‌لی ئه‌وه ۆ یاریزانی خۆمان بڕه‌خسێنین به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تییه جیهانییه‌كان بكه‌ن".
هه‌روه‌ها گوتی: "له‌گه‌ڵ فیدراسیۆنی له‌شجوانیی كوردستان هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ین و پێمان خۆشه هاوئاهه‌نگی بكه‌ین، پێشتر پاڵه‌وانیه‌تیمان رێكخستووه و چه‌ند پاڵه‌وانێكی جیهانیمان هێنایه هه‌ولێر".
نه‌زار پێی وایه، كه‌سانێك هه‌ن حه‌زناكه‌ن جگه له خۆیان كه‌سی تر كار بكات، یان كارێك كه‌سێكی تر بیكات، ئه‌وان قبوڵیان نییه ئه‌گه‌ر خۆیان تێدا به‌شدار نه‌بن.
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌گه‌ر لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان یاسای كاری نییه و بودجه‌ی نییه، خۆ ناكرێ هه‌ر چاوه‌ڕی بكه‌ین و دابنیشین، پێویسته رێگه‌ی تر بدۆزینه‌وه و كار بكه‌ین و ئه‌مڕۆ رێگه و شێوازی تر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی دنیا كار بكه‌یت، به تایبه‌تی له ئاستی وه‌رزشه‌كانی له‌شجوانی و لهشڕێكیدا".
ئه‌م لێدوانانه‌ی نزار غه‌زالی له كاتێكدایه، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی یه‌كێتیی له‌شجوانیی كوردستان سه‌ردار ئیسماعیل، ده‌ستی له كار كێشایه‌وه و رای گه‌یاند، به هۆی نه‌بوونی یاسای لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان، نه‌بوونی بودجه بۆ كار و چالاكی، نه‌بوونی هاوئاهه‌نگی له نێوان یه‌كێتیی ناوه‌ندیی له‌شجوانی و لقی شاره‌كان، هه‌روه‌ها بوونی رێكخراوێكی تر كه له شوێنی لیژنه‌ی ئۆڵمپی كار و پاڵه‌وانیه‌تیی رێك ده‌خه‌ن، ده‌ست له كار ده‌كێشێته‌وه.