بۆ جێبەجێكردنی فەرمانێكی سەرۆكی حكوومەت ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆ دەبێتەوە

:: PM:12:09:24/10/2021 ‌
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ جێبەجێكردنی فەرمانێكی سەرۆكی حكوومەت، كۆ ببێتەوە و دەنگ بدەن لەسەر بە شارۆكەبوونی عەنكاوە و پیرمام.

ئەمڕۆ یەكشەم 24ـی تشرینی یەكەم، مەریوان پیرباڵ گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ جێبەجێكردن و تەواوكردنی رێكارە یاساییەكانی بە شارۆكەبوونی عەنكاوە و پیرمام كۆ دەبێتەوە.

زیاتر گوتی، كۆبوونەوەی ئەنجوومەن تەنیا پێوەستە بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت بۆ بە شارۆكەبوونی ئەو دوو شارەدێیەی سنووری پارێزگای هەولێر.

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕادەسپێرم بۆ دەنگدان لەسەر بە شارۆكەبوونی عەنكاوە
باسی لەوەش كرد، دوای پرۆسەی دەنگدان لە ئەنجوومەنی پارێزگا، وەزارەتی ناوخۆ رێكاری یاسایی دەگرێتە بەر بۆ جێبجەجێكردنی رێكارە ئیدارییەكان.

ڕۆژی دووشەم چواری تشرینی یەكەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتی سەردانی بۆ شارەدێی عەنكاوە گوتی، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕادەسپێرم بۆ دەنگدان لەسەر بە شارۆكەبوونی عەنكاوە.

سەرۆكی حكوومەت ڕای گەیاند، زۆر خۆشحاڵم جارێكی تر هاتینەوە سەردانی عەنكاوەمان كرد، كە ئێستە بووەتە ناوەندێكی گرنگ بۆ پێكەوەژیانی ئاینی و كۆمەڵایەتی و شوێنی ئاشتەوایی، بووەتە ناوەندێك بۆ ئەوەی زۆر لەو خوشك و برا كریستیانانەی ئێمە كە لە شوێن و ناوچەكانی تری عێراق لەبەر هەر هۆكارێك نەیانتوانیوە لە ناوچەكانیان بمێننەوە، ڕوویان كردووەتە ئێرە و لێرە نیشتەجێ بوون.

سەرۆكی حكوومەت گوتی، عەنكاوە یەكێكە لەو شوێنانەی ڕۆژ بە ڕۆژ پێشوەچوونی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و گەورەتر دەبێت. ئێمەش بە ناوی حكوومەتەوە هاتووین لێرەوە پێتان رابگەیەنم، وەزیر و پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، رادەسپێرین بۆ ئەوەی شارەدێی عەنكاوە بكرێت بە شارۆكە، تا بتوانین خزمەتی زیاتری دانیشتووانەكەی بكەین.

سەرۆكی حكوومەت ڕای گەیاند، هیوادارم هەمووتان سەركەوتوو بن، ئەوەی لە دەستمان بێت یارمەتیتان دەدەین، بەڵام بێگومان ئەمە بەرپرسیارێتیی زیاتریش دەخاتە سەر بەرپرسانی عەنكاوە كە لە هەموو ڕوویەكەوە هەوڵی خزمەتكردنی دانیشتووانەكەی و هەولێر بە گشتی و هەموو كوردستانیش بدەن.

لە كۆتایی وتارەكەی سەرۆكی حكوومەت گوتی، جارێكی تر پیرۆزبایی لە خەڵكی عەنكاوە و هەولێر و هەموو كوردستان دەكەم، هیوادارم ڕۆژ بە ڕۆژ پێشكەوتنی زیاتر بە خۆیانەوە ببینن.

شارۆكەی عەنكاوە دەكەوێتە ناو سەنتەری شاری هەولێر و زۆربەی دانیشتووانەكەی مەسیحین، ئێستە لەو شارۆكەیە بەشێكی زۆری مەسیحییەكانی عێراق كۆچیان بۆ كردووە و تێدا ژیانێكی ئارام بەسەر دەبەن.



وشە - رامیار جەواد