گۆڤاری فۆرێن پۆلسی په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی تر هه‌ڵداوه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ئاكۆسی له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا و ئوسترالیا پێكهێنا، هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌یشی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و هیند و ئیماڕاته به هاوبه‌شی، بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر بازرگانی هاوبه‌ش و پرسی وزه و ئاسایشی ڕێڕه‌وه ده‌ریاییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باشووری ئاسیا.
مایك كۆیگلمان ڕۆژنامه‌نووسی
فۆرێن پۆلسی بۆ كاروباری باشووری ئاسیا و ئاماده‌كاری بابه‌ته‌كه دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه هاوپه‌یمانییه‌كه بۆ به‌دیهێنانی چه‌ندان ئامانجی دیاریكراو تێده‌كۆشێت، كه گرنگترینیان بریتین له ئاسایشی بازرگانی ده‌ریایی و ڕێڕه‌وه ئاوییه ستراتیجییه‌كان، جیا له‌وه‌یش بازرگانی هاوبه‌ش و وزه و ته‌ناهی و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و زۆر بواری تر له‌خۆ ده‌گرێت.
هه‌وڵدانی واشنتن بۆ به‌ستنی ئه‌و هاوپه‌یمانییه له كاتێكدایه كه له ماوه‌ی ڕابردوو هاوپه‌یمانییه‌كی سێقۆڵی له‌گه‌ڵ ئوسترالیا و به‌ریتانیا پێكهێنا، كه ئه‌مه‌یش تووڕه‌ییه‌كی قووڵی فڕه‌نسای لێ كه‌وته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی به‌ستنی هاوپه‌یمانییه‌كه واشنتن ئوسترالیای په‌شیمان كرده‌وه، له كڕینی ژێرده‌ریایی فڕه‌نسی، ژێرده‌ریایی ئه‌مه‌ریكی وه‌ك ئۆفه‌رێك خسته به‌رده‌م ئه‌و وڵاته‌وه. جیا له‌وه‌یش ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌كی تره‌وه خه‌ریكی به‌ستنی هاوپه‌یمانییه‌كی تره كه هه‌ریه‌ك له ئوسترالیا و هیند و ژاپۆن له‌خۆ ده‌گرێت، له ڕێی ئه‌و هاوپه‌یمانیانه‌وه‌یش ده‌یه‌وێ به ته‌واوی ڕووبه‌ڕووی چین ببێته‌وه و له هه‌موو لایه‌كه‌وه گه‌مارۆ و فشار له‌سه‌ر په‌كین دروست بكات، ڕێ نه‌دات، كه چین به ویستی خۆی په‌ل بهاوێژێ و هه‌ژموون به‌سه‌ر وڵاتانی جیهان بسه‌پێنێت.
له ته‌ك ئه‌و ئامانجه ئاشكرایه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا له به‌ستنی ئه‌و هاوپه‌یمانیانه هه‌یه‌تی، كه سنووردانانه بۆ چین، به‌ڵام به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هیند و ئیماڕات و ئیسرائیل مه‌به‌ست لێی زیاتر به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی سنووره‌كانه به ڕووی كۆماری ئیسلامی ئێران و كۆنتڕۆڵكردنی ڕێڕه‌وه ده‌ریاییه‌كانی ناوچه‌كه‌یه كه به ده‌ریای هیندی و ده‌ریای عه‌ره‌ب و كه‌نداو و ده‌ریای سوور تێپه‌ڕ ده‌بن و به یه‌كێك له هه‌ره ستراتیجیترین ڕێڕه‌وه ئاوییه‌كانی جیهان هه‌ژمار ده‌كرێت و زۆرجار تاران هه‌ڕه‌شه‌ی له‌و ڕێڕه‌وانه كردووه، چ له كه‌نداو یان له ڕێی حووسییه‌كان له گه‌رووی بابولمه‌نده‌ب كه ده‌ریای عه‌ره‌ب به ده‌ریای سوور ده‌به‌ستێته‌وه.
هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و ئیماڕات و هیند تا ئێسته به فه‌رمی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه ورده‌كاری و ئامانجه‌كانی ئاشكرا نه‌كراوه، به‌ڵام زۆرێك له سه‌رچاوه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌م هاوپه‌یمانییه هه‌نگاوێكی ستراتیجی گرنگی واشنتن ده‌بێ، له به‌رده‌وامیدان به ستراتیجی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به باشووری ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به تایبه‌تی.
جیا له‌وه‌یش پێشبینی ده‌كرێ ئه‌مه ده‌رفه‌تێك بێ بخرێته به‌رده‌م هیندستان تا بێته ناو گۆڕه‌پانی ناوچه‌كه و زیاتر په‌لبهاوێژێ و له ململانێكردنی له‌گه‌ڵ چین ته‌نیا له رووی ئابووری و ده‌ستی كاری هه‌رزانه‌وه نه‌وه‌ستێت، به‌ڵكو سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی به ئاراسته‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه ببات و ڕێ نه‌دات كه چین به ته‌نیا له‌و ناوچانه مامه‌ڵه بكات و به ویستی خۆی له ڕێی سیاسه‌تی قه‌رزدان و پرۆژه‌ی ستراتیجییه‌وه، هه‌ژموون به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه بسه‌پێنێت.
ئیماڕات و هیند و ئیسرائیل به سێ هاوپه‌یمانی گرنگ و سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ریكا هه‌ژمار ده‌كرێن و هه‌ر سێكیشیان پێوه‌ندی باش و تۆكمه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌یه، دوای ئه‌وه‌ی ساڵی ڕابردوو ئیماڕات و ئیسرائیل به فه‌رمی پێوه‌ندییه‌كانیان ئاسایی كرده‌وه، ئیتر هیچ كێشه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌كی له‌وجۆره بوونی نه‌ماوه.
هاتنی هیند بۆ ئیماڕات و وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی، له كاتێكدا كه زیاتر له نۆ ملیۆن هاووڵاتی هیندی له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كار ده‌كه‌ن، به تایبه‌تی له وڵاتانی كه‌نداو، ده‌رفه‌ت و هه‌نگاوێكی گه‌وره ده‌بێ، به‌رانبه‌ر به سیاسه‌ته‌كانی چین بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموون به‌سه‌ر وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه خاوه‌نی سامانی سروشتی گه‌وره و زه‌به‌لاحن.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌مه‌ریكا به دروستكردنی چه‌ندان هاوپه‌یمانی بۆ ململانێكردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چین به جۆرێك له شه‌ڕی سارد هه‌ژمار ده‌كرێ، چونكه به فه‌رمی ئامانجی هاوپه‌یمانییه‌كان جه‌نگ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری نییه، به‌ڵكو به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین و دیپلۆماسیه‌تی په‌كین و بازدانیه‌تی به‌سه‌ر وڵاتانی جیهان له ڕێی پێدانی قه‌رز و پرۆژه‌ی ستراتیجی و ژێرخانه‌وه، به‌وهۆیه‌وه‌یش ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ له سه‌رجه‌م ئه‌و بوارانه ڕووبه‌ڕووی چین ببێته‌وه و ڕێ به‌وه نه‌دات كه شوێنپێی خۆی له ناوچه‌كه قایم بكات، چونكه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌وره‌ترین كانی وزه‌یه له‌سه‌ر گۆی زه‌وی و سه‌ركه‌وتووبوونی چین له سه‌پاندنی هه‌ژموون به‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌و ناوچه‌یه گورزێكی گه‌وره و به‌هێز ده‌بێ كه له به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیجییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و ناوچه‌یه بدات.