كه‌سه‌ر ئه‌حمه‌د سه‌عید ژنه شێوه‌كارێكی شاری دهۆكه و خاوه‌نی چه‌ندان تابلۆی سه‌رنجڕاكێشه، ئه‌و له دیمانه‌یه‌كی بۆ "وشه" باس له ئه‌زموونی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێ، "من دره‌نگ ده‌ستم به‌كاری وێنه‌كێشان كرد، به‌ڵام له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوم به‌خۆوه بینی و هاتمه ناو دنیای وێنه‌كێشان".
سه‌ره‌تای ئه‌زموونت چۆن ده‌ست پێ كرد؟
له منداڵییه‌وه زۆرم حه‌ز له كاری هونه‌ری بوو، له ناویشیاندا هونه‌ری وێنه‌كێشان، تا ئه‌وكاته‌ی قۆناغی ئاماده‌ییم ته‌واو كرد، ده‌ستم به‌كاری وێنه‌كێشان كرد و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوم له هونه‌ری وێنه‌كێشان له خۆمدا به‌دی كرد، بۆیه توانیم بێمه ناو دنیای وێنه‌كێشان و هه‌رگیز لێی بێزار نابم.
تا ئێسته خاوه‌نی چه‌ند تابلۆ و پێشانگه‌یت؟
ماوه‌ی ساڵێكه ده‌ستم به ڕه‌نگی زه‌یتی كردووه، تابلۆكانی پێشترم به پێنووسی دار كێشابوو، به‌ڵام ئێسته خاوه‌نی چه‌ندان تابلۆم به‌هه‌ردوو جۆری زه‌یتی و پێنووسی دار، وه‌ك پێشانگه هێشتا به‌شداری هیچ پێشانگه‌یه‌كی تایبه‌ت و هاوبه‌شم نه‌كردووه، به‌ڵام له پلانمدا هه‌یه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به‌شداری بكه‌م و پێشانگه‌ی تایبه‌تیش به‌خۆم هه‌بێت.
تابلۆكانت زیاتر گوزارشت له چی ده‌كه‌ن؟
هه‌میشه حه‌ز ده‌كه‌م ئارامی و هێمنی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له تابلۆكانمدا هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر هه‌ست به ئازار و ناڕه‌حه‌تی نه‌كات.
عه‌شق و ئه‌وین تا چه‌ند ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه له تابلۆكانت؟
عه‌شق یان هه‌ستێكی جوانه یان خه‌مێكی قورسه، ئه‌و كاتانه‌ی عه‌شق ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت به‌سه‌ر تابلۆكانم، وێنه‌كان جوانتر خۆیان ده‌نوێنن.
كام له هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری كاریگه‌رییان له‌سه‌رت هه‌بووه؟
داخباری كاری وێنه‌كێشی ناودار "ڤانكوخ"ـم، هه‌ست ده‌كه‌م هه‌موو ئازاره‌كانی خۆم له تابلۆكانی ئه‌ودا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
به‌كام له هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری سه‌رسامیت؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی من له هیچ به‌شێكی هونه‌ریدا نه‌مخوێندووه، بۆیه به‌رده‌وام به‌دوای هونه‌رمه‌نداندا گه‌ڕاوم و به‌دواداچوونم بۆ كاره هونه‌رییه‌كانیان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی سوودیان لێ وه‌رگرم. به‌ڵێ زۆر له هونه‌رمه‌ندان كاریگه‌رییان له‌سه‌رم هه‌بووه و هه‌ر یه‌كێك له‌وان شێوازێكی تایبه‌تییان هه‌بووه، زیاتر هانیان داوم بۆ ئه‌وه‌ی پشت به تواناكانی خۆم ببه‌ستم.
خه‌ون و ئامانجت بۆ داهاتوو چییه و ده‌ته‌وێ به‌چی بگه‌یت؟
ئێسته‌یش خۆم له قۆناغی فێربووندا ده‌بینم و حه‌ز ده‌كه‌م ستایلێكی تایبه‌ت به‌خۆم هه‌بێت و جیاوازبم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی تر، هه‌روه‌ها هه‌موو كه‌س بمناسێت و بتوانم هه‌ستی كه‌سانی ئازاركێش له وێنه‌كانمدا ڕه‌نگ بداته‌وه.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال