باڵەكانی پەكەكە گرێدراوی وڵاتانە و فڕی بە كوردایەتییەوە نییە

:: PM:01:27:02/11/2021 ‌
لەدوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كە  رۆژی 10ی مانگی رابردوو بەڕێوە چوو، پەكەكە لە شنگال تووشی شكستێكی گەورە بوو، كاتێك هیچ كاندیدێكی بۆ پەرلەمانی عێراق دەرنەچوو، ئەوەش راستەوخۆ رەتكردنەوەی بەرنامە و سیاسەتی پەكەكە بوو لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ناوەناوە چەكدارانی پەكەكە واز لە ریزەكانی پەكەكە دەهێنن و پێوەندی بەهێزەكانی پێشمەرگە دەكەن.

بەپێی زانیارییەكان، وازهێنانی چەكدارانی پەكەكە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، ئێستە سەركردە باڵاكانی پەكەكە لەناو خۆیاندا دابەش بوون بەسەر چەند باڵێك و بەشێكیان سەربە ئێران و بەشەكەی تریان سەربە توركیان، بەهۆیەوە ئەو چەكدارانەی كە چەندان ساڵە بەناوی كوردایەتی هەڵخەڵەتێنراون، واز لە ریزەكانی ئەو گرووپە دەهێنن.

هیچ رەگوڕیشەیەكی باشی لە هەرێمی كوردستاندا نییە


عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، وازهێنانی چەكدارانی پەكەكە لە شنگال پێوەندی بە چەند هۆكارێك هەیە، هیچ رەگوڕیشەیەكی باشی لە هەرێمی كوردستاندا نییە، پەكەكە لەسەر بەردێك شین بووە، رەگی لەناو قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستان نییە، هەروەها بەتاڵیی ناوەڕۆك و دروشمەكانی ئەو گرووپە هۆكارێكی ترە، ئاشكرابوونی رووی راستەقینەی پەكەكە كە ئێستە بووە بە بەشێك لە میحوەری مقاوەمەت لە جەستەی ئێران و بەشێكە لە حەشدی شەعبی.

ئەوەشی گوت، ئەو چەكدارانەی پەكەكە ناچار نین بمێننەوە، ئەگەر بیانەوێ ببنە حەشدی شەعبی، ئەوا راستەوخۆ دەبنە حەشد، ئەوانەی پێوەندی بە پەكەكە دەكەن، پەكەكەش هەر دەیانباتەوە بۆ حەشد، دوای ئەوەی ئاشكرا بوون ئەوان پیاوی كورد و كوردستان نین و پیاوی خەڵكی ترن، چەكدارانیان واز دەهێنن، دژایەتییان بۆ گەلی كورد هۆكارێكی تری وازهێنانی ئەو چەكدارانەی پەكەكەن، میلەت هۆشیار بووەتەوە و دەمامكەكە لە سەروچاوی هەمووان كەوتووەتەوە و میلەت هەموو شتێكی بۆ روون بووەتەوە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پێشی وایە، هۆكارێكی سەرەكی ئەوەیە پەكەكە بەسەر سێ باڵ دابەش بووە، یەكێكیان بەرەی قەرارگەی رەمەزانن كە باڵی عەلەوییەكانن، بەرەكەی تریان كە كاتی خۆی دامەزران بە ئاگاداری ئەرگەنەكۆن بووە، بەرەیەكیشیان ئەو گەریلا داماوانەن كە لە گوندەكانەوە هاتوون و وادەزانن بۆ كوردایەتییە و دڵسۆزن، كەوتوونەتە دەستی ئەو دوو گرووپە مافیایەی كە سەر بەو وڵاتانەن، ئەو دوو باڵە ئاگاداری یەكترن و رێككەوتن لەسەر تەسفیەكردنی باڵە دڵسۆزەكە و بە بیانووی جۆراوجۆر لە ناو دڵ و شاخەكان بە كوشتنیان دەدەن.

پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە خەبات بۆ باكوری كوردستان دەكات، بەڵام تا ئێستە نەیتوانیوە یەك گوندی باكوریش ئازاد بكات، لەگەڵ ئەوەشدا بووەتە كێشە و گرفت بۆ هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەكان.

چەكدارانی پەكەكە وردە وردە خەریكە خۆیان رادەست دەكەن و پێوەندی بە ریزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن


ئازاد ئەكرەم سەرۆكی لیستی میلەت لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، چەكدارانی پەكەكە وردە وردە خەریكە خۆیان رادەست دەكەن و پێوەندی بە ریزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چەكدارانی پەكەكە دەگەنە ئەو راستییەی كە پەكەكە ئەو ئامانج و بەرنامەی كە هەیەتی، خزمەت بە هیچ لایەك ناكات، بۆیە ئەوانیش كە دەزانن دروشمەكان پێچەوانەی ئەو ئامانجانەن كە دەیانەوێت، بۆیە واز لە پەكەكە دەهێنن.

ئەو هەروەها گوتی، چەكدارانی پەكەكە ئێستە بە خۆیاندا چوونەتەوە و دەزانن ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەن بنەمای نییە، پەكەكە لەناو خۆیاندا دابەشی چەند باڵێك بوون و یەكڕیز نین، لەگەڵ یەكتر رێك ناكەون و كۆك نین، دژی یەكتر كار دەكەن، پەكەكە لەوەتەی هەیە ئەنجامێكی نەبووە، ئەو چەكدارانەش كە واز لە ریزەكانی پەكەكە دەهێنن لەبەر هەندێك هۆكارە، باڵباڵێن و نەبوونی ئامانجێكی دیاریكراو و ئاشكرابوونی بەرنامە و دروشمەكانی پەكەكە چەند هۆكارێكیانن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە قاسم شەشۆ فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی شنگال، بە"وشە"ی داوە، ھاتنی چەكدارانی پەكەكە بۆ ناو ریزەكانی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە، تا ئێستە زیاتر لە 900 چەكدار ھاتوون و رۆژانەش دێن پێوەندییان پێوە دەكەن، پێشوازی لەو چەكدارانەی پەكەكە دەكرێت، دەكرێنە پێشمەرگە و لە ریزەكانی پێشمەرگە خەبات بۆ هەرێمی كوردستان دەكەن.

وشە/ تایبەت



وشە - وشه‌