"عەتا سەراوی كەسێكی بچووكە و سەری لێ شێواوە"

:: AM:11:19:04/11/2021 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رەخنە لە عەتا سەراوی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەگرێت و پێی وایە، عەتا سەراوی سەری لێ شێواوە و كەسێكی بچووك و دەمشڕە، كەس سڵاوی لێ ناكات چ جای ئەوەی ژەهرخوارد بكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری تشرینی دووەم، رێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، عەتا سەراوی هەرجارە و بۆ بەرژەوەندیی كەسێك قسە دەكات، هەرجارە و شانوباڵی كەسێك ماچ دەكات، جارێك پەنا بۆ سەرچنار و جارێك پەنا بۆ دەباشان دەبات، بۆ ئەوەی دەركەوێت هەموو شتێك دەكات.

عەتا سەراوی دەمشڕ، هی ئەوە نییە سڵاوی لێ بكرێت چ جای ئەوە ژەهرخوارد بكرێت


ئەو ئاماژەی دا، عەتا سەراوی دەمشڕ، هی ئەوە نییە سڵاوی لێ بكرێت چ جای ئەوە ژەهرخوارد بكرێت، ئەو خۆ بە گەورەزانین و پەنجە وەشاندنە، تەنانەت لەسەر كورسییەكەشی ناتوانێ بە جێگیری دابنیشێت، ئەو جۆرە وتاری سیاسییە هی وڵاتانی دواكەوتووە.

بەگوتەی بابكەیی، عەتا سەراوی سەری لێ شێواوە، لە ناو یەكێتی جۆرە فەوزایەك دروست بووە، هەر كەس هەڵدەسێت ئەوی تر ژەهرخوارد دەكات، ئێستە سەركردەكانی یەكێتی كاتێ سەردانی یەكتر دەكەن، ناوێرن تەنانەت چا و قاوەی یەكتر بخۆنەوە، هەندێكیان فێر بوون دەڵێن بە رۆژووین و هەموویان ترسیان لە یەكتر هەیە.

جێی باسە عەتا سەراوی‌ ئەندامی‌ سەركردایەتیی‌ یەكێتی، ماوەیەك لەمەوبەر بە دەروونێكی‌ شێواوەوە كۆمەڵێك قسەی‌ كرد و دواتر پەشیمان بووەوە، ئێستە دەیەوێ‌ شكستەكانی‌ خۆی‌ و ژانی‌ نەخۆشییەكەی‌ بخاتە ئەستۆی‌ حكوومەت. 

وشە/ تایبەت



وشە - وشه‌