چاڤی ده‌بێته‌ راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

:: PM:02:32:05/11/2021 ‌
یانه‌ی سه‌ددی قه‌ته‌ڕی ئه‌مڕۆ هه‌ینی رای گه‌یاند، رازیی بوون چاڤی هێرناندێزی راهێنه‌ری یانه‌كه‌یان، بگه‌ڕێته‌وه‌ ئیسپانیا و مه‌شقی یانه‌ی بارسێلۆنا وه‌ربگرێت.

یانه‌ی سه‌دد له‌ توویته‌ر رایان گه‌یاند "كارگێڕیی یانه‌كه‌مان رازیی بووه‌ چاڤیی راهێنه‌ری تیپه‌كه‌یان روو بكاته‌ یانه‌ی بارسێلۆنا، دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ی كه‌ته‌لۆنی رازیی بوون به‌ پێدانی مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی".

هه‌روه‌ها یانه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ "له‌گه‌ڵ یانه‌ی بارسێلۆنا له‌سه‌ر كاری هاوبه‌ش له‌ داهاتوودا پێكهاتووین".

یانه‌ی سه‌دد په‌یامی ماڵئاوایی بۆ چاڤیی ئیسپانی نووسیوه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن "چاڤی به‌شێكی گرنگه‌ له‌ مێژووی یانه‌ی سه‌دد، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازین له‌ قۆناغی داهاتوودا".

یانه‌ی بارسێلۆنا هه‌فته‌ی رابردوو رۆناڵد كۆمانی هۆڵه‌ندی له‌ مه‌شقی تیپه‌كه‌ی دوورخسته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی تیپه‌كه‌ خراپ بوون، له‌ رۆژانی رابردووش راهێنه‌ر "سێرجی بارخوان" به‌ كاتی تیپه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ ده‌برد.

بڕیار وایه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ چاڤی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا واژوو بكات، كه‌ میدیاكان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ ماوه‌ی دوو وه‌رز و نیوه‌، ئه‌و پاره‌یه‌شی له‌ بارسا وه‌ری ده‌گرێت، كه‌متره‌ له‌و پاره‌یه‌ی له‌ قه‌ته‌ڕ وه‌ری ده‌گرت.





وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا