وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نەخۆشخانەی جەمال حاجی عەلی كردەوە و ڕای گەیاند، تەواوكردنی ئەو نەخۆشخانەیە بە كوالێتی بەرز، خزمەتێكی باش پێشكەشی تووشبووانی شێرپەنجە دەكات.
ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی تشرینی دووەم، نەخۆشخانەی جەمال حاجی عەلی لە شاری سلێمانی كرایەوە، تێچووی نەخۆشخانەكە شەش ملیۆن دۆلار بووە و لەلایەن خێرخوازێك دروست كرابوو، شوێنی چارەسەری 60 تووشبووی شێرپەنجەی خوێنی تێدا هەیە.
لە كردنەوەی نەخۆشخانەكەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەم نەخۆشخانەیە پڕۆژەیەكی زۆر ستراتیجی و گرنگە بۆ سلێمانی و هەرێمی كوردستان، زۆر سوپاسی جەمالی حاجی عەلی دەكەین كە ئەم پڕۆژە گەورەیەی تەواو كردووە بەم كوالێتییە بەرزە.
وەزیری تەندروستی باسی لەوەش كرد، ئێستە چەند بودجەیەك لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە تەرخان كراوە، بۆ نوێكردنەوەی چەندان ئامێری پزیشكی و چەند خزمەتگوزارییەكی تر لە نەخۆشخانەی هیوا و شاری لە سلێمانی.
لەبارەی دووبارە داخستنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی، سامان بەرزنجی گوتی، بەهیچ شێوەیەك دەرگای قوتابخانەكان داناخرێتەوە بەهۆی كۆرۆنا و پەتای وەرزی، ئێستە هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە سەرجەم مامۆستایان و قوتابیان ڤاكسین بكرێن.