ئابووری كوردستان ڕوو لە گەشەیە و كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانیی زیادیان كردووە

:: PM:03:39:09/11/2021 ‌
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان، لەم دیمانەیەی "وشە"دا ڕای دەگەیەنێت، دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان ڕوو لە گەشەیە، ئێستە ژمارەی كۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەكان زۆر بوونە و هەلی كار فرەوان بووە، لەڕووی ئیداریشەوە كارئاسانی زۆر بۆ بازرگان كراوە. دووپاتیشی دەكاتەوە "كۆمپانیای گەورەی بیانیش هاتوونەتەوە هەرێمی كوردستان لەم ماوەیەدا".

ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان چۆنە؟
دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان زۆرباش بووە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و ئێستە بازرگانیی لەچاو دوو ساڵی ڕابردووی كۆرۆنا، زۆر گۆڕاوە و بازرگان بەشێوەیەكی گەڕموگوڕتر كارەكانیان دەكەن، پێشتر بۆ بازرگاكان ڕێی چوونە هەموو وڵاتێك نەبوو، بەڵام ئێستە دەتوانن بە مەبەستی هاوردەكردنی بەرهەمی بازرگانی، سەردانی هەموو وڵاتێك بكەن.

پێشتر گلەیی بازرگان لە ڕێكارە ئیدارییەكان بوو، بەڵێنیان پێ‌ درابوو بۆیان چارەسەر بكرێ‌، ئێستە چۆنە؟
بەهۆی كۆرۆنا گەشتكردن نەبوو یان پشكنین لە دەروازەكان كاتی پێویست بوو، بەڵام ئێستە بەهۆی ئاسانكاریی ڕێكارە كارگێڕییەكان لەلایەن حكوومەتەوە، تا دێت ژمارەی كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكان لە كوردستان ڕوو لە زیادبوون دەكەن، هیچ كۆمپانیایەك بەربەستی بۆ دروست ناكرێت لە سنوورەكان، فڕۆكەخانەكانیش زۆرترین ئاسانكاری و خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن، چونكە بازرگانان خۆیان سەربەستن دەچنە هەر وڵاتێك بۆ كاری بازرگانی و هیچ كێشەیەكیان نییە.

پێشتر هیچ چارەسەرێكی پێویست نەبوو و ئێستە ڤاكسین هەیە، ئەوە كارئاسانی بۆ بازرگانیی كردووە؟
پێدانی ڤاكسین و وەرگرتنی لەلایەن بازرگانان، بووە هۆی كارئاسانی و بووژانەوەی زیاتر و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئێستە بازرگانان دوای وەرگرتنی ڤاكسین، بەبێ‌ پشكنین دەتوانن سەردانی وڵاتان بكەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بكەن، لە ناوخۆشدا بەشێكی زۆری ئەو كۆمپانیایانەی فەرمانبەرەكانیان ناردبووە ماڵ، ئێستە بانگهێشتی سەر كاریان دەكەنەوە، جووڵە لە بازاڕەكان دروست بووە.

گۆڕانكاری لە ژمارەی كۆمپانیاكان رووی داوە؟ لە كاتێكدا پێشتر بەهۆی تەنگژەی دارایی و تەندروستی، داخستن و ناچالاكیی زۆر هەبوو؟
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ئەو زەوینەیەی ڕەخساوە بۆ پەرەپیدانی ئابووری، 30 هەزار و 223 كۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان تۆمار كرابوون. سێ هەزار و 314 لەوانە بیانین و 26 هەزار و 906 ناوخۆیین، بە گشتیش توانراوە لەو ڕێیەوە 24 هەزار و 114 هەلی كار بۆ گەنج بڕەخسێنرێت.

هەمیشە لە بازاڕەكانی دەرەوە، سەرنج بۆ نەبوونی بەرهەمی عێراق و هەرێمی كوردستان دەچێت، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە و بۆ هەناردەمان نییە؟
جێی داخە لە عێراق و هەرێمی كوردستان كەمترین بەرهەمی هەناردەمان هەیە، تەنیا چەند بەرهەمێك نەبێت لە بواری كشتوكاڵ، ئەویش زۆر بە كەمیی، ساڵی ڕابردوو 82 تۆن هەنارمان ڕەوانەی بەریتانیا كرد، ساڵانە پەتاتە و چەند شتێكی تر دەنێرینە دەرەوە، بەڵام ئەوانە كاتین و تا ئێستە بەرهەمێكی هەمیشەیی نییە بازرگانیی پێوە بكرێت.

هەرێمی كوردستان زیاتر چ بەرهەمێك هاوردە دەكات؟
چەند بەرهەمێكی سەرەكی هەن كە بازرگانان بەردەوام هاوردەی دەكەن، ئەوانیش بە پلەی یەكەم بریتین لە هاوردەكردنی خۆراك كە پێداویستی ڕۆژانەیە، بە پلەی دووەم پێداویستی ناوماڵ وەك مۆبلیات و ئامێرە كارەباییەكان، بە پلەی سێیەمیش جلوبەرگ و پێداویستییەكانە تر كە لەلایەن بازرگانانەوە هاوردە دەكرێن.

زۆرترین بەرهەم لە چ وڵاتێكەوە بۆ هەرێمی كوردستان هاوردە دەكرێت؟
ئەو وڵاتانەی پێوەندیی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵیان هەبێت، بە پلەی یەك توركیایە و دوای ئەویش ئێرانە، بە پلەی سێ‌ چین و چەند وڵاتێكی تریش هەن كە بازرگانان كەلوپەلی خۆراكی تێدا هاوردە دەكەن، لە ڕێی بازرگانانی كوردستانەوە كەلوپەلەكانیان دێنە كوردستان.

گۆڕانكاری لە دامەزراندنی كارگەكان هەبووە و كارگە نوێ‌ دامەزراوە؟
گۆڕانكاری هەبووە، بۆ نموونە لە ساڵی ڕابردوودا لە سلێمانی، هەلی كار بۆ هەشت هەزار و 90 كەس ڕەخساوە، هاوكات هەزار كارگە مۆڵەتی كاركردنیان پێ دراوە و 555 لەوانە، ئێستە كار دەكەن و 466ی تریش بەكار خراون، ئەمە جگە لەوەی هەر لە ساڵی 2020دا لە دهۆك، 361 كارگە مۆڵەتیان وەرگرتووە و بەهۆیانەوە حەوت هەزار و 347 هەلی كار ڕەخساوە.

كەوایە دەتوانی بڵێ دۆخی ئابووری كوردستان ڕوو لە گەشەیە؟
خۆشبەختانە ئێستە هەموو ئاماژە و پێدراوە ئابوورییەكان ئەوەمان پێ دەڵێن، دوور یان نزیك، جیۆگرافیای ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبێتە شاڕێی بازرگانی بۆ وڵاتانی ناوچەكە، هاتنی كۆمپانیا ئەمەریكی و چینییەكان باشترین نموونەن لەو ڕووەوە و بەردەوامیش كۆمپانیای نوێ ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.



وشە - رامیار جەواد