لە كوردستان كۆچی گەنجان بووەتە چاولێكەری

:: AM:10:31:11/11/2021 ‌
ماوەیەكە كۆچی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات زیادی كردووە، ئەگەر بەشێك لەو گەنجانە بۆ ئەم گەشتەیان پاساوێكیان هەبێت، ئەوا زۆرینەیان پاساوێكی لۆجیكییان نییە و دیاردەكە بووەتە چاولێكەری.

هەر ئێستە بە هەزاران گەنج لە سنووری بیلاڕووسیا گیریان خواردووە و دەیانەوێ بەرەو پۆڵەندا بپەڕنەوە، كۆچی گەنجان ئەوەندە زۆر بوو، حكومەتی عێراق ناچار بوو بە بڕیارێك كونسوڵگەی بیلاڕووسیای لە هەولێر و بەغدا دابخات.

لە شار و شارۆكەكانی كوردستان، كۆچی گەنجان و بەردەوامە و ڕێژەكە لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر جیاوازە، خەڵكێكی زۆر لە ئیدارەی سۆرانیش كوردستانیان جێهێشتووە. بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەر كۆچبەرێكی كوردستان تا دەگاتە بیلاڕووسیا و ئەڵمانیا و بەریتانیا، لە نێوان 10 هەزار تا 15 هەزار دۆلاری دەچێت، هەندێك جاریش بەهۆی قاچاخچییەكان پارەیەكی زۆر لە كۆچبەران وەردەگیرێ و لەسەر سنوور بەجێیان دەهێڵن . 

جێی داخە كە رۆژانە دەبینین پەیتا پەیتا كۆچ دەكەن


غێدان بێڕۆخی شارەزای  ئابووری و كارگێڕی، بە "وشە"ی راگەیاند، كۆچی بەكۆمەڵی گەنجان بەرەو هەندەران بووەتە دیاردەیەكی بەربڵاو، گەنجان بەلێشاو كۆچ دەكەن و وڵات بەجێ دێڵن، ئەمەش جێی داخە كە رۆژانە دەبینین پەیتا پەیتا كۆچ دەكەن و نائومێدی دایگرتوون، ئامادەن خۆیان لە رێی زۆر سەخت بدەن و تەنانەت گیانیان بخەنە مەترسییەوە.

ئەو دەڵێت، "سەرباری سەختیی ڕێیەكە، پارەیەكی زۆریش خەرج دەكەن، هەیانە تەنیا خاوەنی ئۆتۆمبێلێكە و ئامادەیە بیفرۆشێت و بیكاتە خەرجی رێی هات و نەهات، كە دەتوانن بەو بڕە پارەیە لێرە كارێكی پێ ئەنجام بدەن، بەداخەوە ڕۆیشتن لە وڵات خەریكە دەبێتە دیاردەیەكی چاولێكەری ."

ئەو شارەزا ئابوورییە بە پێویستی دەزانێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێگریكردن لە چوونی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات، دەرفەتی زیاتری كاریان بۆ بڕەخسێنێت و پلانی باشی بۆ گەنجان و دەرچووانی زانكۆ هەبێت.

وشە/ موڕشید برادۆستی


وشە - سلێمان تاشان