دۆخێی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بەرەو نادیار دەچێت، یەكێك لە هۆكارەكانی ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە گۆڕانكاریی گەوەری لە هاوكێشەی سیاسی دروست كردووە، بەتایبەتی بۆ هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران، مەحموود عوگەیلی، سەرۆكی پارتی ئومەی عێراقی و سەرۆكی گردبوونەوەی هێزە نیشتمانییە مەدەنییەكان لە دیمانەیەكی "وشە"، تیشك دەخاتە سەر داهاتووی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بارەگایەكی حزبی ئومە لە هەولێر دەكەینەوە
*وەك هێزێكی مەدەنی چۆن سەیری هەڵبژاردنی دوایی عێراق دەكەن و تێبینیتان لەسەر پرۆسەكە چی بوو؟
چەندان تێبینیمان لەسەر هەڵبژاردنەكە هەبوو، خوازیار بووین پرۆسەكە جیاواز بووایە و سوود لە ئەزموونەكانی پێشوو ببینرایە، بەڵام بەداخەوە چەندان كەموكورتی هەبوو، راستە رۆژی دەنگدان ساختەكاری لە بنكەكانی دەنگدان نەبوو، بەڵام دەستوەردان لە ئەنجامەكان لەكاتی گواستنەوەی زانیارییەكان و ئامێری گواستنەوەی زانیارییەكان هەبوو، وەك هاوپەیمانی هێزە مەدەنییەكان تۆماری ئەنجامی دەنگدانی كاندیدەكانمان لا بوو كە زۆر لەوەی كۆمسیۆن رای گەیاند جیاواز بوو، واتە تۆمارەكە شتێكی دەخوێندەوە و ئەنجامەكانیش شتی تر بوون.
زۆر سكاڵای سوورمان تایبەت بە لیستە گەورەكان پێشكەیش كۆمسیۆن كرد، بۆ نموونە لیستێكی گەورە لە دەنگدانی تایبەت گوشاری خستبووە سەر هێزە سەربازییەكان بۆ دەنگدان بەوان، كە ئەگەر دەنگیان پێ نەدەن مووچەیان دەبڕن، ئەوەیش لە سیدییەك تۆمار كراوە و بە سكاڵایەك رەوانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنمان كردووە، بەڵام تا ئێستە بابەتەكە تاوتوێ نەكراوە، لەوكاتەی دەبوایە ئەنجامی ئەو وێستگانە هەڵبوەشێتەوە، وەك لیستەكەی محەمەد حەلبووسی لە پارێزگای ئەنبار، بە كەرتەكانی سوپایان لەو پارێزگایە گوتبوو دەبێ دەنگ بەوان بدەن، چونكە ئەو ئێوەی دامەزراندووە.
*هەڵبژاردن بەڕێوە چوو و خەریكە ئەنجامەكان رادەگەیەندرێن، بەڵام چی دەگۆڕێت؟، ناگەینەوە هەمان سازان و رێككەوتنی كۆن؟
هێزە دۆڕاوەكانی ئێستە، لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو سوودمەند بوون، ئەوكات خۆشیان دەردەبڕی و گوشاریان بە ئەنجامەكەی دروست دەكرد، هەمووان دەزانن هەڵبژاردنی 2018 بەتەواوەتی ساختەكاری تیادا بوو و رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران 17 بۆ 18% تێپەڕی نەدەكرد، ئێستە ئەوان دۆڕاندوویانە، شەقام لە دوای 2019 بۆچوون و هەڵوێستی لە بەرانبەر چەكی بەڕەڵا و ئەو گرووپانەی هەڕەشە لە ئاشتی كۆمەڵگەیی دەكەن، بەرانبەر ئەو باندانەی بەناوی ئەو هێزە سیاسی و حزبانەوە كۆنترۆلی ئابووری دەكەن، گۆڕا، كە بازگەیان لە دەروازەی شارەكان دادەنا و خاوەیان لە خەڵك وەردەگرت، بۆیە لەبەرانبەر ئەوەدا هاووڵاتییان هۆشیارتر بوونە و رێژەی جەماوەری ئەوانیش زۆر كەم بووەتەوە.
ئەگەر بە زمانی ژمارە قسە بكەین، ماقووڵە رەوتی حیكمەی عەمار حەكیم دوو كورسی بەدەست بێنێت، یان حەیدەر عەبادی دوو كورسی، پێم وایە ئەو ئەنجامانە كردەنین بۆ گەلی عێراق بەوەی ئەو حزبە دەسەڵاتدارانە رەت دەكاتەوە، بەتایبەتی حزبە شیعەكان كە خاوەنی چەك و میلیشیان، لەوكاتەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن چاوپۆشی لەو میلیشیایانە كردووە و حسێبی لەگەڵ نەكردوون، كەچی حزبە مەدەنییەكان ئەگەر تفەنگێكیان هەبێت، بارەگاكەیان دادەخەن، بۆیە ئەو ئەنجامەی ئەوان ئاساییە.
ئەوان لەلایەن شەقام و خۆپێشاندەرانی تشرین رەت كرانەوە كە هەزاران قوربانی و برینداریان هەبوو، كەچی هەینی رابردوو بەهۆی قوربانییەكی خۆپێشاندەران دنیا هەستا، پێم وایە شپرزەییەك لە بڕیاری سیاسی عێراق و ترسێكی گەورەی حكوومەت لەو میلیشیایانە هەیە، ئەگینا هیچ كاتێك رووی نەداوە ماڵ یان نووسینگەی سەرۆك وەزیران بە درۆن هەڕشەی بكەوێتە سەر، ئاخۆ هاووڵاتی چی بكا و چۆن خۆی لەو چەكانە بپارێزێت، سەرۆك وەزیران دەڵێت ئەنجامدەران دەناسم، ئەی بۆچی نایانگرێ و بەیاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناكات، ئەوان رێز لە شكۆی دەوڵەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان ناگرن، جا چۆن رێز لە هاووڵاتی و شەقام و مافی هاووڵاتی و ئاشتی كۆمەڵگە دەگرن.
هەمووان دەزانن كێ مووشەك داوێ و ئەو میلیشیایانە كێن كە عێراقییەكان دەكوژن، كێن ئەوانەی هۆكاری گرژی بوون لەگەڵ هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا، بۆیە پێویستە چەك تەنیا بەدەستی دەوڵەتەوە بێت، كەچی دەبینین ئەوان لەسەر حسێبی خوێنی عێراقییەكان و ئابووری وڵات و شكۆی دەوڵەت رازی دەكرێن. بۆیە دۆخەكە زۆر مەترسیدارە و سەقامگیری نییە، تا ئێستە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ نییە، ئەوەی هەیە شپرزەییەكی گەورەیە و تا ئەو ساتە هیچ سازانێكی سیاسی نییە و تەنانەت ئەو شاندانەی لە بەغدان و گفتوگۆ دەكەن، بەوەی هەرێمی كوردستانیشەوە، بە هیچ ئەنجامێك لەگەڵ هێزە براوەكان و دۆڕاوەكان نەگەیشتوون.
*پێوەندی نێوان چالاكیی میلیشیاكان و گفتوگۆكانی ڤیەننا بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی چییە؟ تا چەند وڵاتان دەستیان لەو دۆخەی ئێستەی عێراق هەیە؟
ئێران دۆسیەی عێراقی وەك كارتێكی گرنگی گوشار لە گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریكا بەكار دێنێت، هەروەها ئەمەریكایش دەستوەردانی لە پێكهێنانی حكوومەت بۆ قۆناغی داهاتوو هەیە، بۆیە هاووڵاتیی باجی ئەو ململانێیە دەدات، ئێران رۆڵێكی گەورەی لە عێراق لە رێگەی هێزە سیاسییەكان نزیك لەخۆی هەیە، ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداویش ئەجیندای خۆیان هەیە، بەڵام ئەوەی دۆڕاوە عێراقییەكەیە.
بەر لە چەند مانگێك ئێران هەڵبژاردنی هەبوو، ئاخۆ سیاسەتوان یان هێزێكی عێراقی بوێری ئەوەی كرد دەست لە پرۆسەكە و ئەنجامی ئیبراهیم رەئیسی یان پێكهاتەی حكوومەتی نوێی ئەو وڵاتە وەربدات، ئایا هیچ حزبێك دەوێرێ بە وشەیەكیش شتێك لەوبارەوە بڵێت، ئێرانییەكان زمانیان دەبڕی، بەڵام بۆچی ئێمە كێشەكانمان لەلایەن ئیسماعیل قائانییەوە تاوتوێ بكرێت، ئەو تەنیا ئەفسەرێكی هەواڵگری ئێرانە، ماقووڵە دەوڵەتی عێراق بە سەركردایەتی و سیاسەتوان و توانستەكانییەوە، ئەفسەرێكی هەواڵگری ئێران دۆسییەكانی بجووڵێنێت و پێكهاتنی سیاسی عێراق بەڕێوە ببات، لەبەردەم ئەو هەموو سەركردانەی عێراق، ماقووڵە ئەو هەموو حزب و كەسایەتییانە ناتوانن بڕیارێكی دروست لە بەرژەوەندی عێراق بدەن، تا قائانی بێت و چارەسەریان بەسەردا بسەپێنێت وەك ئەوەی لە 2018 رووی دا.
ئەمڕۆ خواستی عێراقی ونە، ئەو لێدوانانەی پێشێلكاریان بۆ بەرژەوەندی گشتی و هاووڵاتی و شكۆی دەوڵەت تیادایە، چاوپۆشییان لێ دەكرێت، بەر لە چەند مانگێك بەغدا لەلایەن گرووپێكی چەكدار داگیر كرا، ئەمڕۆیش ئەو گرووپانە حسێبیان لەگەڵ ناكرێت، كەچی ئەگەر حزبەكان رەخنە بگرن، رۆژی دواتر هێزە تەناهییەكان هەڵدەكوتنە سەریان، هاوكێشەكە بەم شێوەیەیە، چەك و ژمارەیەك میلیشیا، كە ژمارەیان زیاتر لە 50 گرووپ دەبێت، هەڕەشە لە سەلامەتی و ئاسایشی دەوڵەت و هاووڵاتی دەكەن، ئەمڕۆ ئێران یاری بە كارتی میلیشیاكان دەكات و ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو ئەوانیش كارتی تریان هەیە، بۆیە ئەوە كێشەیەكی گەورەیە كە عێراق بكەوێتە ژێر باری دۆسییە و خواستی بیانی و وڵاتانی ناوچەكە.
*سەردانی هەولێرتان كرد و چاوتان بە سەرۆك بارزانی كەوت، هەڵوێستی ئەو بەرانبەر بە بزاوی مەدەنی لە عێراق چۆن بوو، ئێوە چۆن سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن؟
رێز و پێزانینمان بۆ ئەو كەسانە هەیە دەستیان لە ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی هەرێمی كوردستان هەیە، لە هەولێر چاومان بە سەرۆك بارزانی و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كەوت و بۆچوونی خۆمان ئالوگۆڕ كرد، بۆچوونی خۆمان لەبارەی چەند بابەتێكی پێوەست بە هەڵبژاردن و هێزە مەدەنییەكان بەوان گەیاند، راشكاوانە و بێ موجامەلە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان نیشانەی گەشی سەر نێوچەوانی عێراقە، لە بەرانبەر ئەو شپرزەییەی لە عێراق هەیە.
سەیری ئاوەدانكردنەوە و ژێرخانە جوانەكەی هەرێم بكە، ئەوان بە ئاراستەی ئاوەدانكردنەوەیەكی راستەقینە نەك پینەوپەڕۆ دەڕۆن، گرنگی بە دروستكردنی رێگەوبان و پرد و قوتابخانە و نەخۆشخانە دەدەن، بە پێچەوانەی پارێزگاكانی تر، برایان لە هەرێمی كوردستان زۆر هاوكاری هێزە مەدەنییەكان و ئێمەن، سەردان و دیداری بەردەواممان هەیە، هاوبەشییەكی راستەقینە بەیەكەوەمان دەبەستێتەوە لە كاری سیاسی، لە رێگەی چالاكییەكان لە بەغدا و هەرێمی كوردستانیش، بەم نزیكانە و لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بارەگایەكی حزبی ئومە لە هەولێر دەكەینەوە.
دیدارەكە لەگەڵ سەرۆك بارزانی زۆر باش بوو، تیایدا سووربوونێكی گەورەمان لەسەر یەكپارچەیی عێراق و سەلامەتی بڕیاری سیاسی عێراقی بینی، هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی بژارەی راستتر و باشتر بۆ قۆناغی داهاتوو هەنگاو دەنێت، لە ماوەی رابردوویش توانیان دەموچاوی نوێ خاوەن هزری سیاسی بێننە پێشەوە، پیرۆزباییشیان لێ دەكەین بەهۆی سەركەوتنی گەورەیان لە هەڵبژاردنی عێراق، كە پارتی دیموكراتی كوردستان 33 كورسی بەدەست هێنا، ئەوە دەسكەوتە بۆ حزبەكە و سەركردایەتییەكەی و سەركردایەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی، ئێمە لەوێ هەستمان بە گیانی برایەتی و رێزگرتن كرد و زانیاری و دیدی هاوبەشیان لەگەڵ ئێمەدا هەبوو.