هێرشی دووپشكەكان شارێكی میسری هەراسان كردووە

:: PM:01:40:14/11/2021 ‌
ئەسوان كە شارێكی گەورەی میسرە، بەهۆی ئەوەی لە رۆژی هەینیی رابردووەوە بارانێكی زۆری تێدا باریوە و دواتریش رەشەبا و خۆڵبارانێكی چڕ رووی تێكردووە، دووپشك بە ژمارەیەكی زۆر شاڵاویان بۆ سەر شارەكە هێناوە و سەتان كەسیش دووچاری پێوەدان بوون.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ یەكشەم 14ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، ئەسوان كە دەكەوێتە باشووری میسر، لە هەینییەوە رووبەڕووی بارانێكی زۆر بە خوڕ بووەتەوە، بە دوایدا رەشەبایەكی بەهێز و خۆڵبارانێكی چڕ، رووی لەو شارە كردووە، بۆیە دووپشكەكان لە خاكەوە دەرچوون و روویان لە خانوو و باڵەخانەكانی ئەو شارە كردووە، بەهۆیانەوە سەتان كەس تووشی پێوەدانی دووپشكەكان بوون.

گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی تەندروستی خالید موجاهید لەوبارەیەوە رای گەیاندووە، هێرشی دووپشك بۆ ئەو شارە توندە، بەڵام تا ئێستە هیچ كەسێك بەهۆی پێوەدان گیانی لە دەست نەداوە، هاوكات خەڵكێكی زۆر بەهۆی پێوەدانەوە روویان لە نەخۆشخانەكانی شارەكە كردووە و چارەسەر كراون.

ژمارەی ئەوانەی بەهۆی پێوەدانی دووپشك روویان لە نەخۆشخانەكان كردووە، لە هەینییەوە تا ئێستە گەیشتووەتە 476 كەس


سەرچاوەكە ئەوەشی گوت، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی پێوەدانی دووپشك روویان لە نەخۆشخانەكان كردووە، لە هەینییەوە تا ئێستە گەیشتووەتە 476 كەس، ئەوان چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە و بۆ ماڵەكانیان گەڕاونەتەوە.

دواتریش هۆشداری داوەتە هاووڵاتییان و گوتوویەتی، زۆریی دووپشكەكان زیاتر بەهۆی رەشەبا و خۆڵبارینەكەوە بووە، ئێستە كە رەشەباكە كەمتر بووەتەوە، دووپشكەكانیش بەو كەمبوونەوە دەچن، وێڕای ئەوەیش پێویستە هاووڵاتییان وریای خۆیان بن و دەرمان بۆ لەناوبردنی دووپشك لە نەخۆشخانەكان وەربگرن.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د