بڕیارە ئەمڕۆ گەورەترین پێشانگەی فۆتۆگرافی بە بەشداریی وێنەگرانی دەیان وڵاتی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا لە هەولێر بكرێتەوە. لە پێشانگاكەدا دەیان فۆتۆی پۆرترێت پێشان دەدرێت،
ئەمڕۆ دووشەم 15ـی تشرینی دووەم، سەفین حەمید سەرپەرشتیاری پێشانگەی فۆتۆگرافی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پێشانگەیەكی گەورەی فۆتۆی پۆرترێت دەكرێتەوە و دەیان وێنەگری ئەوروپایی و عەرەبی بەشداریی پێشانگەكە دەكەن.
زیاتر گوتی، ئەو پێشانگەیە چەندان فۆتۆی تایبەتی تێدا نمایش دەكرێت، لە میدیا گەلەری لە هەولێر بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
بە گوتەی ئەو سەرپەرشتیارە، 92 فۆتۆگرافەر كە كاریان گرتنی وێنەی پۆرترێتە، لەو پێشانگەیە بەشدارن و چەندان بەرهەمی نوێ نمایش دەكرێ.
لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستە فۆتۆی پۆرترێت گرنگی زۆری پێ دەدرێت و چەندان ناوەندی تایبەت بەو شێوازە وێنەگرتنە لە دنیادا هەیە، تێیدا توێژینەوە و ڕاهێنان بە فۆتۆگرافەران و وێنەگرانی ئەو شێوازە دەكەن.