پێوەندی ریشی زۆر و پڕ بە هۆرمۆنی نێرینەوە چییە؟

:: PM:08:56:15/11/2021 ‌

رەنگە بۆ بەشێك لە گەنجان دانانی ریش بووبێتە مۆدێلێك، ئەوان بۆ ئەوە چاو لە یەكتر دەكەن، یان ئەوەتا پێیان وایە بۆ رەگەزی بەرانبەر سەرنج راكێشە، هەیشە وا دەزانێت بوونی ریشێكی پڕ، رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ بوونی بەهێزی هۆرمۆنی نێرینە "تێستۆستیرۆن". 
مێیینە بۆچوونی جیاوازە، هەیە لای باشە و هەیشە حەزی پێ ناكات
توێژینەوەیەك بەمدواییە ئاماژەی كردووە كە هیچ جۆرە پێوەندییەك لەنێوان ریشی پڕ و چڕ و ئاستی هۆرمۆنی نێرینە یان بەهێزی نێرینەوە نییە، توێژەران زانیاریی 97 گەنجی جەستە چالاكیان كۆ كردەوە، كە چەند پێوانەیەكیان بۆ كراوە، لەوانە پێوانەی ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە نێوان سەعات حەوت بۆ 11ی بەیانی كە ئاستی هۆرمۆنەكە لە پیاودا ئاساییانە دادەبەزێت. 

توێژەران داوایان لە بەشداران كرد بەر لە 24 سەعات لە توێژینەوەكە جگەرە نەكێشن و كحول نەخۆنەوە و وەرزش نەكەن، دوو سەعاتیش بەر لە تاقیكردنەوەی ناو توێژینەوەكە دەست لە خواردن هەڵگرن و ددانیان نەشۆن، ئینجا ئاستی هۆڕمۆنەكەیان پێوا لە رێگەی لیكەوە، ئەوان تێبینیان كرد كە هیچ بەڵگەیەك نییە بەوەی چڕی و پڕی ریش ئاماژەیەك بێت بۆ كۆنترۆلی دەروونی یان ئاستی فسیۆلۆجی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن، هەروەها پێوەندی نەرێنیش لەنێوانیاندا نەبوو.

توێژەران پێیان وایە ریش تەنیا وەك ستراتیجیەتێكی جوانكاری كار دەكات، جیا لەوە لای مێیینەیش بۆچوونی جیاواز لەسەر ریشی پیاوانەوە هەیە، هەیە لای باشە و هەیشە حەزی پێ ناكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل