هونەرمەندێكی ناسراو بە كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد

:: AM:09:45:17/11/2021 ‌
شێوەكاری ناسراوی هەولێر و هەرێمی كوردستان و خاوەنی بیرۆكەی هێڵی فۆتۆشۆپ لە ڕۆژنامەگەریی كوردی، كۆچی دوایی كرد.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی تشرینی دووەم، دڵشاد عەلی هاوڕێی هونەرمەندی شێوەكار ڕزگار فەقێ‌ عەوڵا، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هونەرمەند و شێوەكار رزگار فەقێ‌ عەوڵا دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد.

زیاتر گوتی، ڕزگار فەقێ‌ یەكێكە لە ئەندامانی تیپی موزیكی پاشای گەورە و رۆڵێكی گرنگی هەبوو لە ڕابردوو بۆ پێشخستنی هونەری شێوەكاری، هەروەها یەكەمین كەس بوو هێڵی شێوەكاری هێنایە ناو ڕۆژنامەگەریی كوردی كە ئێستە لەڕێی فۆتۆشۆپ و بەرنامەكانی تر دەكرێت.

رزگار فەقێ‌ 11 پێشانگەی تایبەتی شێوەكاریی كردووەتەوە و تەواوی تابلۆكان گوزارشتیان لە جوانی و پاكی و بێگەردیی دنیای هونەر دەكرد.

ئەو هونەرمەندە ماوەی 42 ساڵ سەرقاڵی كاری شێوەكاری بوو و مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر بوو، بە دەیان قوتابیی لە بواری شێوەكاری پێ گەیاندووە، یەكێك لە شێوەكارەكان ئێستە ناوبانگی دەركردووە، كچێكی خۆیەتی بەناوی "سۆنیا".



وشە - رامیار جەواد