تورکمان داوای کورسییەکی تری کۆتا لە سلێمانی دەکات

:: PM:03:23:17/11/2021 ‌
هیمداد سەباح سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"، باس لە تێڕوانینی حزبەكەی دەكات بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای دەكات كە حزبەكەیان ئامادەكاری كردووە بۆ ئەو هەڵبژاردنە، داوا دەكات كورسییەكی تر بۆ پێكهاتەی توركمانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاد بكرێ‌، چونكە ئەوان نەتەوەی دووەمی هەرێمی كوردستانن و لەو سنوورەشدا توركمانێكی زۆر هەیە.

زیادكردنی كورسییەكانی پێكهاتەكان بۆ هەڵبژاردنی 2014ـی پەرلەمانی كوردستان، چی بە توركمان بەخشی؟

دوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان، بۆ یەكەمجار كورسی بۆ پێكهاتەكان و توركمانەكان زیاد كرا، ئەوەیش مافێكی خۆیان بوو و لە ڕابردووشدا پێویست بوو كاری لەسەر بكرایە، بۆیە ئێستە بوونی ئەو كورسییانە بەهەقی خۆمان دەزانین. پێكهاتەی توركمان وەك نەتەوەیەك لە هەرێمی كوردستان وەریانگرتووە.

بەڵام ئێستە هەندێك لایەنی ناو پەرلەمان داوای كەمكردنەوەی ئەو كورسییانە دەكەن؟
هەرێمی كوردستان بە پێكهاتەكان و پێكەوەژیانی جوانە، ئەوەیش بە یاسا لە ڕابردوو ڕێكخراوە، بۆیە پێویستە سەرجەم حزبەكان ڕێز لە یاسا و پێكهاتەكان بگرن، دانانی ئەوەندە كورسییەش بەڕێككەوتنی سیاسیی لایەنەكان بووە، بۆیە ئێستە ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین دەستكاری كورسییەكان بكرێتەوە، بۆیە نابێ بەهیچ شێوەیەك كورسیی پێكهاتەكان كەم بكرێتەوە.

دانانی 11 كورسی بۆ پێكهاتە و ئاینەكان و توركمانەكان خواستی ئێوەی بەدی هێناوە؟
بە پێچەوانەی بۆچوونی ئەو فراكسیۆنانەی لە پەرلەمانی كوردستان كە دەیانەوێ كورسیی پێكهاتەكان كەم بكەنەوە، ئێمە داوای زیادكردنی كورسییەكی تر بۆ پێكهاتەی توركمانی دەكەین، چونكە دووەم نەتەوەی هەرێمی كوردستانن، بۆچوونیشمان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان و كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە، پێویستە كورسییەكی تر بۆ پێكهاتەی توركمان زیاد بكرێت.

بەڵام ئێوە پێنج كورسیتان بۆ دیاری كراوە، ئایا ژمارەی ئێوە زیاترە لەوەی پێنج كورسیتان هەبێت؟
ئێمە دەمانەوێ لە پاش ئەو پێنج كورسییە، كورسییەكی تر بۆ پێكهاتەی توركمان زیاد بكرێ‌ و ئەو كورسییەش لە سنووری كفری و سلێمانییە، چونكە لەو ناوچەیە پێكهاتەی توركمان دەژین و پێویستە مافی ئەوانیش بدرێ‌، لە كۆبوونەوەی سەرۆك فراكسیۆنەكان داوامان لێ كراوە وەك پێكهاتەی توركمان بۆچوونی خۆمان پێشكەش بكەین، بۆیە بە نووسراوی فەرمی ئەو داواكارییەی خۆمان دەدەینە سەرۆكایەتیی پەرلەمان.

لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن قسەی ئێوە چییە؟
بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئێمە قسەمان دەبێت، بەڵام ئێستە كاتی ئەوەمان لە بەردەست نەماوە جارێكی تر یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنمان هەیە، پێویستە سەرەتا لیژنەكان كار بكەن بۆ ڕێكخستنەوەی یاسای ئەو دەستەیە، بۆیە تەنیا سێ‌ بۆ چوار مانگ كاركردنی پەرلەمان ماوە، دواتر پشووی پەرلەمان دەبێت، بۆیە ئەگەر بمانەوێ یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، پێویستە ڕێككەوتنی سیاسیی لەسەر بكرێت، ئەو كاتە ئێمە بۆچوونی خۆمان دەبێت و بڕیاری خۆشمان دەدەین.

لە 2014دا كاتێك یاسا دەرچوو سەرجەم حزبەكان دەنگیان پێ دا، ئێستە بۆچی پاشگەز بوونەتەوە؟
ئێستە لایەنی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێ كورسیی پێكهاتەكان كەم بكەنەوە یان دووبارە دیاری بكەنەوە، چونكە بە بۆچوونی ئەوان پێكهاتەكان پشتگیریی لایەنێك دەكەن، یان نزیكییان هەیە بۆ لایەنێك یاخۆ لەلایەن لایەنێك كۆنترۆڵ دەكرێن، بەڵام ئەو شتانە بەهیچ شێوەیەك وانییە، ئێمە پاشكۆ نین و نزیكیمان لەگەڵ هیچ لایەنێك نییە، بەڵكو ئێمە سیاسەت دەكەین و بەرژەوەندیمان لەگەڵ جیۆگرافیا و چ لایەنێك بێت، ڕێككەوتنمان زیاتر لەگەڵ ئەو لایەنە دەبێت، دەبێ ئەوەیش بزانرێ كە ئێمە لە پەرلەمانین و بەشداریمان لە حكوومەتدا هەیە.

پەیامتان بۆ ئەو دەنگانە چییە كە داوای كەمكردنەوەی كورسیی توركمان دەكەن؟
ئێمە سەرمان سوڕ ماوە لەو لایەنانە، بەشێكیان خۆیان لەناو دەسەڵاتن و لەلایەكی تریش خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆن پێشان دەدەن، لە دنیادا شتی وانییە، ئەو جۆرە كاركردنە تەنیا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئێستە دەیانەوێ دەست بۆ كورسیی توركمانەكان ببەن، ئەو بەناو كاركردن و شێوازی كاركردنە، زیان بەخۆشیان دەگەیەنێت.

بە كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكان ئێوە زیانتان پێ ناگات؟
بێگومان تەنیا ئێمە زیانمان پێ ناگات، بەڵكو زیان بە پرۆسەی دیموكراسیش دەگەیەنێت، زیانێكی زۆریش بە هەڵبژاردن و پێكەوەژیان دەگەیەنێت، ئێمە نابێ بەراوردەكان وەك یەك هەژمار بكەین، هەندێك پەرلەمانتار و فراكسیۆن بۆچوونیان وایە كە توركمان دەبێ هاوشێوەی عێراق بەشدار بن، لە كاتێكدا توركمان لە عێراقدا چەندان ملیۆنن، لە هەرێمی كوردستاندا 300 هەزار هاووڵاتین.

باس لە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان دەكرێ‌ بۆ نووسینەوەی دەستوور، هەڵوێستی ئێوە چییە؟
ئێمەیش لەگەڵ ئەوەداین هەرێمی كوردستان دەستوورێكی هەبێت و لەو دەستوورە قەوارەی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت، مافی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكان تێیدا پارێزراو بێت، ڕاستە بەپێی یاسا قەوارەیەكی یاساییە، بەڵام بۆ چەسپاندنی زیاتر، پێویستی بە دەستوورێكە چەترێك بێت بۆ هەمووان و مۆدێرن بێت، هەموو نەتەوەیەك مافی هەبێت و یاسا تێیدا سەروەر بێت.


وشە - رامیار جەواد