كتێبی (عه‌قڵی شیعری) یه‌كێكی تره له كتێبه تازه و گرنگه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، كه له ماوه‌ی ڕابردوودا چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه و ئێسته له كتێبفرۆشه‌كان به‌رده‌سته، ئه‌م كتێبه بریتییه له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی قووڵ و ورد، كتێبی عه‌قڵی شیعری له‌لایه‌ن نووسه‌ر و شاعیر حسێن له‌تیف نوسراوه و پشتی به 79 سه‌رچاوه‌ی گرنگ به‌ستووه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 17ی تشرینی دووه‌م، نووسه‌ر و شاعیر حسێن له‌تیف له‌باره‌ی كتێبی (عه‌قڵی شیعری) به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "ئه‌م كتێبه سێیه‌مین كتێبی منه له بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا، خستنه‌ڕووی تێڕوانینه تیۆرییه‌كانی خۆمه له‌باره‌ی شیعره‌وه. هاوكات نزیكه‌ی پێنج ساڵ به‌نووسینه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌وه خه‌ریك بووم".
له كاتێكدا به‌شه‌كانی ناو دووتوێی ئه‌م كتێبه، جگه له پێشه‌كیی نووسه‌ر، بریتین له ئایا شیعر ئه‌ده‌به؟ جه‌وهه‌ری شیعر، قه‌یرانی شیعر قه‌یرانی دیدگا، ئایا شیعر له پاشه‌كشێدایه؟ نان بۆ هه‌مووان شیعر نا، بۆ عیرفان بخوێنینه‌وه، پووشێك له چاوی شیعردا، ڕووبه‌ری شیعرنووسین، مانای شیعری، شاعیر و مه‌یموون، شیعر هیچ نییه خۆی نه‌بێت، كۆجیتۆی شاعیر، شیعر و ئازادی، هۆڵده‌رلن شاعیری ئێستا و داهاتوو، ڕه‌گه‌زه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی شیعر، ئایدیا و بونیاد باده و شه‌راب، زمان، وێنه‌ی شیعری، شیعر و ئاڵۆزی، جێكه‌وته‌ی وشه، شیعر و هه‌ڵوێست، پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی دیده شانۆییه‌كانی ئه‌نتوان ئارتۆ بۆ شیعر، شیعری وێنه و شیعری پانتایی، شیعر وه‌ك پێڕفۆڕمانس، شیعر وه‌ك شێوه‌كاری، شیعری سپی، شیعری توندوتیژی، بۆچی هایكۆ بنووسین؟ ئێستا كاتی شیعر نووسینه.
نووسه‌ر گوتی، "بۆ ئه‌و ئازیز و شیعردۆستانه‌ی پرسیاری كتێبه نوێیه‌كه‌مان ده‌كه‌ن، كتێبی (عه‌قڵی شیعری) سبه‌ی له‌ناو كتێبه تازه‌كانی ده‌زگای سه‌رده‌م بۆ پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كتێب له سلێمانی. هۆبه‌ی 23 D به‌رده‌سته."