بۆچی گۆشتی ماسی قرش ناخورێت؟

:: PM:05:22:17/11/2021 ‌

گۆشتی ماسی و بوونەوەرە دەریاییەكان، كە بەناوی خورادنی دەریاییەوە بەناوبانگە، یەكێكە لە بەسوودترین جۆرەكانی گۆشت بۆ تەندروستی مرۆڤ، چەندان جۆر ماسی هەن كە شارەزایانی بواری خۆراك باسی سوودە جیاوازەكانیان و لەخۆگرتنی ئۆمێگا3 دەكەن، بەڵام ماسی قرش، كە جۆرێكی ماسییە، شارەزایان رێنوێنی دووركەوتنەوە لە خواردنی دەدەن.

بوونەوەرە دەریاییەكان سوودی زۆریان هەیە، بەتایبەتی بەهۆی بوونی مادەی ئۆمێگا3 كە بۆ تەندروستی گشتی، بەتایبەتی مێشك باشە، هاوكات شارەزایان وریایی لە خواردنی گۆشتی ماسی قرش دەدەن، ئەوان چەندان توێژینەوەیان لەسەر گۆشتی ئەو جۆرە ماسییە كردووە و ئاماژە بۆ زیانی زۆری خواردنی دەكەن، بەهۆی بوونی رێژەیەكی زۆری مادەی جیوەی ژەهراوی تیایدا. 
پێویستە ژنانی دووگیان و منداڵان لە خواردنی گۆشتی ماسی قرش دوور بكەونەوە
لە توێژینەوەیەكدا دەركەوتووە كە پەرەكەی ماسی قرش بڕێكی زۆر ژەهری تیادایە، بەپێی گۆڤاری "فۆربس"، تیمێكی توێژینەوەی ئەمەریكی و هۆنگ كۆنگ، 250 پارچەی پەرەكەی جۆرە جیاوازەكانی ماسی قرشیان پشكنیوە و دەركەوتووە ئاستی ژەهری جیوە تیایان زۆر بەرزە، واتە شەش تا 10 جار هێندەی ئاستی گونجاوە بۆ خواردن.

توێژەران كۆی ئاستی جیوە و مەسیلی جیوە و جیوەی ئەندامی زۆر ژەهراویان تاقی كردەوە، بۆیە دامەزراوە تەندروستییەكانی نێودەوڵەتی، وەك رێكخراوی تەندروستی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمسیاریەتی ئەوروپا و ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمەریكی و هیتریش، رێنوێنی دەدەنە ژنانی دووگیان و منداڵان بە دووركەوتنەوە لە گۆشتی ماسی قرش، وەك ئاژانسی سپۆتنیك باسی كردووە، كاتێك ئەو جیوەیەی لە گۆشتی ئەو جۆرە ماسییەدا هەیە، دەكرێ مێشك و كۆئەندامی دەماری ناوەندی تێك بدات و رێگری لە گەشەكردنی مێشكی كۆرپەلە بكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل