وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووپات له‌سه‌ر دابینكردنی خزمه‌تگوزاری زیاتر بۆ نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ، ئامێری زیاتر دابین ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 17ی تشرینی دووه‌م، د.سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به "وشه"ی گوت، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌رده‌وام خزمه‌تگوزاری پێشكه‌وتووی بۆ نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه دابین كردووه و هه‌وڵی زیاتر ده‌ده‌ین كه نوێترین خزمه‌تگوزاری بهێنینه كوردستان.
ڕوونیشی كرده‌وه كه ئه‌مڕۆ پێشه‌نگایه‌كی ئامێری تایبه‌ت به نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه كراوه‌ته‌وه و ئامێری زۆر پێشكه‌وتوو ده‌هێنینه كوردستان.
د.سامان به‌رزنجی سوپاسی سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه و سندوقی شێرپه‌نجه‌ی كرد كه له‌ماوه‌ی رابردوو خزمه‌تگوزاری تۆكمه‌یان دابین كردووه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر، كۆنفڕانسی زانستی ساڵانه‌ی Best of ASCO ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شێرپه‌نجه به‌ڕێوه چوو.
هه‌ولێر/ فه‌یسه‌ڵ شێخانی